قۆناغی دروستبوونی پارتی، قۆناغی هه‌ڵسانه‌وه‌ی میلله‌تانی ژێرده‌ست و شۆڕشی ئازادیخوازان بوو

قۆناغی دروستبوونی پارتی، قۆناغی هه‌ڵسانه‌وه‌ی میلله‌تانی ژێرده‌ست و شۆڕشی ئازادیخوازان بوو

پارتی دیموكراتی كوردستان مێژووه‌كه‌ی بووه‌ به‌ پارچه‌یه‌كی زیندوو له‌ مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان به‌ درێژایی نزیكه‌ی 76ساڵی رابردوو.
دامه‌زراندنی پارتی زه‌رووره‌تێكی حه‌تمیی بوو بۆ ئه‌وكاته‌ی دامه‌زرا، پێش دروستبوونی پارتی، له ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌، زۆر پارت و ڕێكخراو دامه‌زران، چ له‌سه‌ر ئاستی باشووری كوردستان یان عێراق، به‌ڵام هیچ كام له‌و حزبانه‌ نه‌یانتوانی جه‌ماوه‌ر و گه‌نجان و تێكۆشه‌ران له ‌خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك بتوانن متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بێنن و خه‌ڵك حزبه‌كه‌ به‌هی خۆیان بزانن، به‌ڵام كه‌ پارتی‌ دامه‌زرا، توانی ببێته‌ جێگه‌ی متمانه‌ی ته‌واوی خه‌ڵكی باشووری كوردستان و هیچ ڕێكخراو و حزبێكیتر نه‌یتوانی له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ ململانێی پارتی بمێنێته‌وه‌. لێره‌دا خوێنه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی بۆ دروست ده‌بێت كه‌ ئایا چی وای كرد پارتی به‌ ئاسانی بتوانێت جه‌ماوه‌ر و تیكۆشه‌ران به ‌جیاوازیی ئایدیۆلۆژیا و بیروبۆچونیان له ‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌؟ بێگومان هۆكار زۆرن كه‌ هه‌ندێكیان لێره‌دا باس ده‌كه‌ین:
- پارتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ‌كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی خۆی، مه‌لا مسته‌فا بارزانی كرده‌ سه‌رۆكی پارته‌كه‌، جه‌ماوه‌ریكی زۆر ته‌نها له‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ پارته‌كه، خۆشه‌ویستیی پارتیی كه‌وته‌ دڵیان، چونكه‌ ده‌مێك بوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی ببووه‌ سیمبولی به‌رخودان و ڕزگاریخوازی و له‌نێو گه‌لی كوردستاندا، ئه‌ستێره‌ی بارزانی زۆر دیار و گه‌شاوه‌ بوو.

2- حزب و ڕێكخراوه‌كان كه‌ له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ هه‌بوون، پێش گرێدانی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی پارتی، هه‌موویان خۆیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و چوونه‌ نێو ڕیزه‌كانی پارتی.

3- گه‌لی كورد زۆر نائومێد ببوو له‌ ئاكامی شكست و دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشه‌كانی كورد له ‌هه‌موو ناوچه‌ و پارچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان كه‌ زۆرینه‌یان به‌ ئاگر و ئاسن دامركێندرابوونه‌وه‌، بۆیه‌ خه‌ڵك پێی وابوو پێویسته‌ له‌ پاڵ شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداری ڕێكخستنێكی حزبی پته‌و و تۆكمه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌موو هێز و تواناكانی گه‌ل ڕێكبخات و له ‌خزمه‌ت بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان به‌كاری بهێنێت.

4- پله‌داره‌ سه‌ربازییه‌ به‌ناوبانگه‌كان هه‌ر زوو په‌یوه‌ندییان به‌ پارتی كرد له ‌ته‌كیاندا باشترین كه‌سه‌ ڕۆشنبیره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م په‌یوه‌ندییان به‌ پارتی كرد و ڕۆژنامه‌ی زمانحاڵی پارتی خزمه‌تێكی باشی كرد بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئاگادار بكاته‌وه‌ له ‌كار و چالاكییه‌كانی پارتی.

5- ڕاسته‌ حزب ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراوی ته‌به‌نی كردبوو، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ و دیدی پارتی واخۆی زه‌ق كرده‌وه‌ كه‌ حزبێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌‌.

6- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی مه‌لا مسه‌فای بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی خۆی ناساند، بووه‌ میراتگری هه‌موو رابردووی پڕشانازی و خه‌باتی پڕسه‌روه‌ری و قوربانیی بارزانییه‌كان هه‌ر له‌ شێخ عه‌بدولسه‌لامه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شێخ ئه‌حمه‌د و مه‌لا مسته‌فای بارزانی، بۆیه‌ پارتی له ‌سفره‌وه‌ ده‌ستی پێنه‌كرد، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا خاوه‌ن ڕابردوویه‌كی پڕشنگدار بوو.

7-ئه‌و كاته‌ی پارتی دامه‌زرا كه ‌16ی ئابی 1946بوو، پاش كۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م بوو، قۆناغی هه‌ڵسانه‌وه‌ی میلله‌تانی ژێرده‌ست و شۆڕشی ئازادیخوازان بوو.

8- پارتی حزبێك نه‌بوو به ‌په‌له‌په‌ل دامه‌زرا بێت و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی موجازه‌فه‌ی كردبێت له ‌دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌، به‌ڵكوو به‌ دیراسه‌تكردن و ڕاوێژكردن دامه‌زرا، له ‌سه‌ره‌تای مانگی شوباتی 1946 ڕه‌شنوسی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و پرۆگرامی پارتی دانراوه‌، دووجار له‌ باشووری كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانی بارزانی نه‌مر كراوه‌ كه‌ ئه‌و كات بۆ پشتگیریی كۆماری مه‌هاباد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو، هه‌روه‌ها به‌ ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د، بارزانی نه‌مر بڕیاری دا پارتی دیموكراتی كوردستان دابمه‌زرێنێت.

ئه‌و هۆكارانه‌ هه‌موو بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له ‌ماوه‌یه‌كی كورتدا جه‌ماوه‌ر به ‌گشتی ڕوو له ‌پارتی بكات و پارتی به‌حزبی خۆی بزانێت. ئه‌وه‌ بوو به تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵێك، پارتی ڕێكخراوه‌ جه‌ماورییه‌كانیشی دامه‌زراند كه‌ له‌ ۆنگره‌ی سێیه‌می حزبه‌كه‌ بڕیاردرا یه‌كێتییه‌كانی (ئافره‌تان ، قوتابیان و لاوان) دابمه‌زرێن. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ فراوانیی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی پارتی.

له‌دوای ئه‌وه‌ ده‌بینین له‌ باشووری كوردستان پارتی تا ماوه‌یه‌كی زۆر 1946تا 1976 ته‌نها تاكه‌ حزب بوو له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و له‌م ماوه‌یه‌دا پارتی خزمه‌تی زۆر مه‌زنی پێشكه‌ش به‌ گه‌لی كوردستان كرد كه ‌له ‌هه‌موویان گرنگتر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بوون:

1-پارتی نه‌یهێشت گه‌لی كوردستان نائومێد ببێت له‌ ئاكامی سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینانه‌ی پێش دروستبوونی پارتی هه‌ڵگیرسابوون، وه‌ك شۆرشه‌كانی (شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، شێخ محمودی نه‌مر، ڕاپه‌ڕینی یه‌كه‌م و دووه‌می بارزان، كۆماری مهاباد و....هتد).

2-پارتی توانی وزه‌ و تواناكانی گه‌لی كوردستان له ‌باشووری كوردستان یه‌كبخات.

3-پارتی توانی ڕۆشنبیران و خوێنده‌وارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له ‌ده‌وری ئاڵای خۆی كۆبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری و زه‌مینه‌سازی بكات تا له هه‌لێكدا شۆڕش ده‌ست پێبكه‌ن.

4-پارتی له‌ پاڵ كاری سیاسی، به ‌دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، توانی خه‌باتی ڕیكخراوه‌یی دروست بكات و دابمه‌زرێنێ.

5- پارتی توانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی لۆكاڵییه‌وه‌ بكاته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی كوردستانی.

6- -پارتی توانی دۆزی ره‌وای كورد به‌ جیهان بناسێێت و له‌ قه‌زیه‌كی ناوخۆیی عیراقییه‌وه‌ بیكاته‌ كیشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ كۆنگره‌ و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا باسی كورد بكرێـت.

7-پارتی سه‌ركردایه‌تیی گه‌وره‌ترین و درێژترین شۆڕشی كوردی كرد له ‌11ی ئه‌یلولی 1961 تا ڕێككه‌وتننامه‌ی 6ی ئازاری1975ی جه‌زائیر كه‌ له‌ نێوان عێراق و ئێران به‌سترا.

8-پارتی توانی یه‌كه‌م ڕێككه‌وتنامه‌ی دۆكیۆمێنتكراو بۆ كورد به‌ده‌ست بێنێ و چۆك به‌ ڕژێمی به‌عسدا بدات له ‌11ی ئاداری 1970 و ئۆتۆنۆمی بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكات.

9-له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول، پارتی جارێكیتر به‌ گوڕ و تینێكی به‌هێزه‌وه‌ هه‌ڵسایه‌وه‌ و شۆڕشی گولانی نیشتیمانیی پێشكه‌وتنخوازی به‌رپا كرد له ‌26ی 5ی 1976.

10- پارتی لایه‌نی سه‌ره‌كیی پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی بوو.

11- پارتی دینه‌مۆی راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان بوو له ‌به‌هاری 1991.

12- پارتی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی له ‌كوردستان و دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی هه‌رێم بوو له ‌1992.

13-پارتی رۆڵێكی باڵای هه‌بوو له ‌یه‌كخستنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیكتاتۆریی عێراق و رژێمی به‌عس.

14- له ‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس، پارتی رۆڵی هه‌بوو له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق كه‌ تێیدا سیسته‌می فیدراڵی بۆ عێراق چه‌سپێندرا و زۆرینه‌ی مافه‌كانی كوردی تێیدا به‌رجه‌سته‌ بووه‌.
Duhok Barzani
Duhok Barzani Duhok Barzani
15-پارتی هه‌مووكاتێك له ‌به‌رپرسیارێتی ڕاینه‌كردووه‌ و گه‌لی كوردستانی جێنه‌هێشتووه‌ و له‌گه‌ڵ ئێشوئازاره‌كان بووه‌ و به‌رگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی گرتووه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌شی باجی زۆری دابێت.

16-پارتی به ‌هه‌موو توانای شه‌ڕی تیرۆرستانی داعشی كردووه‌ و ئه‌فسانه‌ی داعش له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ و به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌رۆك بارزانی تێكشكا.

17-پارتی خاوه‌نی ڕیفراندۆم و سه‌ركه‌وتنی ده‌نگی (به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان)ه‌ له‌ 25ی 9ی 2017.

18-پارتی خاوه‌نی داستانی پردێ و سحێلایه‌ كه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ پیلانی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر پاراست.

19-پارتی له مێژووی خۆیدا زۆرترین هاوكاری پێشكه‌ش بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له ‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان كردووه‌.

20- پارتی وه‌كو پره‌نسیپێكی چه‌سپاو له ‌مێژووی خۆیدا، هه‌رگیز سازشی له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان و خاكی كوردستان نه‌كردووه‌.

هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وت سه‌ركه‌وتنانه‌ی پارتیش بۆ حیكمه‌ت و دانایی هه‌ردوو سه‌رۆك (مه‌لا مسته‌فا بارزانی و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش هه‌موو ده‌م و له ‌كاتی سه‌ركه‌وتن و نوشست و ئاهه‌نگ و هه‌موو بۆنه‌یه‌ك، یادی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و درود بۆ گیانی به‌رزه‌فڕ و پاكیان ده‌نێرن.

Top