بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کڵێسایەک 40 کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کڵێسایەک 40 کەس گیانیان لەدەستدا

 

 

بەهۆی ئاگر كەوتنەوە لە کڵێسایەكی شاری «جیزه» لە میسر بەلایەنی کەم 40 کەس گیانیان لە دەستدا و 45 کەسیش بریندار بوون.

بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەكانی میسر، ئەم ئاگركەوتنەوە لە کاتی ڕێوڕەسمێكی جەماوەریدا روویداوە، لەم مەراسیمەدا نزیکەی 5 هەزار کەس لە کڵێسای "قبتی ئەبوسیفین" لە گەڕەکی ئیمبابا لە «جیزه» کە دووەم گەورەترین شاری میسرە ئامادە بوون.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند، ئاگرەکە دەرگای چوونە ژوورەوەی کڵێساکەی گرتەووە و بووە هۆی قەرەباڵغییەکی زۆر. بەوتەی ئەوان زۆربەی ئەو کوژراوانە، منداڵ بوون کە لە باخچەی منداڵانی کڵێساكەدا ئامادە بوون.

یاسر مونیر، یەكێك لە نوێژخوێنانی کڵێساكە، وتی: خەڵک لە نهۆمی سێیەم و چوارەم کۆببوونەوە و لەناکاو بینیمان دووکەڵ لە نهۆمی دووەم بەرزدەبێتەوە. هەموویان بە پەلە لە پلیکانەکان چوونە خوارەوە و لە ئەنجامی قەرەباڵغییەکی زۆر کەوتە سەر یەک.

گوتیشی: كە خۆم  و كچەكەم لە نهۆمی خوارەوە بووین توانیومانە هەڵبێن، دوای هاتنە دەرەوە گوێمان لە تەقینەوە بوو و بینیمان ئاگرەکە لە پەنجەرەکان دێتە دەرەوە.

دوابەدوای ئەم ڕووداوە عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر سەرەخۆشی لەکەسوکاری قوربانییەکان کرد.

هێشتا هۆکاری ئەو ڕووداوە ترسناکە دیاری نەکراوە، بەڵام بەپێی وتەی پۆلیس، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان وا دەردەخەن کە شۆرتی کارەبای کڵێسا هۆکاری ئاگرەکە بووە.

ئاگرکوژێنەوەکان ئاگرەکەیان کوژاندەوە و سەرجەم نەخۆشخانەکانی قاهیرە و جیزە لە حاڵەتی ئامادەباشی فریاگوزاریدان، باس لەوەش دەكرێت کە هەموو تەرمەکان سووتاون و هەوڵ دەدرێت ناسنامەی قوربانییەکان ئاشكرا بكرێت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top