دكتۆر هومام ئەلشەماع ڕاوێژكاری دیاری ئابووریی عێراق بۆ گوڵان: حكومەتی هەرێمی كوردستان باشتر مامەڵەی لەگەڵ دۆخی ئابووری و قەیرانەكان كردووە

دكتۆر هومام ئەلشەماع  ڕاوێژكاری دیاری ئابووریی عێراق بۆ گوڵان:     حكومەتی هەرێمی كوردستان باشتر مامەڵەی لەگەڵ دۆخی ئابووری و قەیرانەكان كردووە

 

 

 ئابووریی هەرێمی كوردستان وێڕای تایبەتمەندییەكانی، بەڵام خراپیی دۆخی ئابووریی عێراق كاریگەری لەسەر هەیە، واتە تێكچوونی بارودۆخە سیاسییەكە و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندی و فراوانبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان، كاریگەری لە سەر ڕەوشی ئابووری بە گشتی دەبێت، لە لایەكی دیكەشەوە تا حكومەتی نوێ پێك نەهێنرێت و یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ دەرنەچێت، وتووێژەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند هیچ سوودێكی نابێت. لەم دیدارەیدا لەگەڵ گوڵان، دكتۆر هومام ئەلشەماع ڕاوێژكاری دیاری ئابووریی عێراق بەمجۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی عێراق و كاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری و ئەدای ئابوورییانەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

 

* هەرچەندە عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، كەچی بارودۆخی ئابووری و ئاستی بژێویی هاووڵاتیان و خزمەتگوزارییەكانی زۆر لاوازە و ناڕەزایەتییەكی زۆری جەماوەریی لێ كەوتووەتەوە، لە بەرامبەریشدا ناكۆكییەكانی نێوماڵی شیعە ئەوەندەی دیكە بێئومێدی دروست كردووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم ناكۆكی و ململانێیانە تا چەند كاریگەری لە سەر زیاتر خراپبوونی دۆخی بژێوی هاووڵاتیان هەیە؟

- بە داخەوە لە وڵاتێكی وا دەوڵەمەندی وەكو عێراقدا كە خاوەنی سامانێكی بەهێزی سەر زەوی و ژێر زەوییە، كەچی دۆخی بژێویی هاووڵاتیان بە گشتی خراپە و ڕێژەی هەژاری و بێكاری بەرزە، هێزە سیاسییەكانیش لە بری ئەوەی بیر لە ڕێگە چارەسەر و ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسی و ئابووری بكەنەوە، تادێت ململانێ و كێشە سیاسییەكانی نێوانیان ئاڵۆزتر دەكەن، هەرچەندە تا ئێستا ئەم ناكۆكی و كێشە سیاسییانە كاریگەریی توند و ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری نەكردووە و، بارودۆخی ئابووری تا ڕاددەیەك سەقامگیرە، تەنانەت بە هۆی بەرزیی نرخی نەوت و بوونی داهاتێكی زۆرەوە، تا ئێستا ئەم ململانێ و كێشە سیاسییانە كاریگەریی زۆر توندیان لەسەر ژیانی ئابووریی وڵات بە گشتی نەبووە، ڕاستە لێرە و لەوێ بە هۆی پڕوپاگەندە و بوونی پێشبینی و پێشهاتی خراپەوە بەهای دیناری عێراقی ڕووی لە داشكانە، بەتایبەتی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، چونكە خەڵكی لەوە دەترسن ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان پەل بكێشێت بۆ پشێویی سیاسی و بڵاوبوونەوەی جۆرێك لە فەرهود و دزین و پەلاماردانی موڵك و ماڵی گشتی و لاوازبوونی زیاتری ئەدای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، ئەمەش دۆخێكی وای دروست كردووە، خەڵكی ڕوویان لە گۆڕینەوەی دینار بۆ دۆلار كردووە، واتا خواست لەسەر دراوی دۆلاری ئەمریكی لە ناوخۆی عێراقدا بەرز بووەتەوە و مامەڵەی دینار لەگەڵ بانكەكان كەم بووەتەوە، بە بۆچوونی من ئەم داشكانەی بەهای دیناریش بارودۆخێكی كاتییە و پەیوەندیی بە بارودۆخە سیاسی و خۆپیشاندانەكانەوە هەیە و، لەگەڵ پاڵپشتیی بانكی ناوەندی و ڕاگرتنی بەهای گۆڕینەوەی دۆلار و دینار كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت.

* مادام پشێوی و ناسەقامگیریی سیاسی كاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری و خزمەتگوزارییەكان هەیە، لە ئەگەری درێژەكێشانی نەگەیشتن بە چارەسەرێك و، لەسەر پرۆسەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانیش لایەنە سیاسییەكان ڕێك نەكەوتن، ئایا شوێنەوارەكانی لەسەر ئابووری بەگشتی چۆن دەبێت، بەتایبەتی لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان؟

- گەلانی عێراق قوربانیی شەڕ و نەهامەتی و ناسەقامگیریی دۆخی سیاسین، خۆ ئەگەر ئەم بارودۆخەی ئێستا درێژە بكێشێت و چوارچێوەی ناڕەزایەتی و پێكدادانەكان فراوانتر ببێت، وەكو ئەوەی پشێوییەكی فراوانی لێ بكەوێتەوە، ئەوكات كاریگەریی خراپی لەسەر سەرجەم سێكتەرەكانی ئابووری و بواری بژێویی ژیانی هاووڵاتیانیش دەبێت، كاروچالاكیی دەوڵەت ڕادەوەستێت و مامەڵە بانكییەكان دوچاری ئیفلیجبوون دەبن و، بوارەكانی كشتوكاڵ و خزمەتگوزاری و گواستنەوە و ڕەوشی بازاڕ ناسەقامگیری تێ دەكەوێت و، وڵات زیاتر دووچاری گرانی و هەڵاوسانی نرخ دەبێتەوە و بارودۆخەكە بە تەواوەتی ڕوو لە خراپی دەكات.

زۆربەی خۆپیشاندەرەكانی ناو بینایەی پەرلەمان تەنیا لەبەر داواكارییەكی موقتەدا سەدر نەهاتوونەتە پەرلەمان و تێیدا ماونەتەوە، ئەوان گەنجی بێكار و بێبەشن لە خۆشگوزەرانی و ژیانێكی باش، زۆربەیان خاوەنی داهاتێكی وا نین ژیانێكی شایستە بژین، خۆیان و خێزانەكانیان لە دۆخێكی خراپی بژێویی ژیان و خۆشگوزەرانیدان، بێكار و هەژارن و تا سەر ئێسقان لە دژی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامان و پارەی گشتین، لەلایەكی دیكەوە بوونی داهاتێكی زۆری نەوت و بەفیڕۆدانی و تەشەنەكردنی گەندەڵی هۆكارێكی سەرەكیی خۆپیشاندان و شۆڕشێكی جەماوەرییە، ئەوەی ئێستا لە خۆپیشاندانی سەدرییەكان ڕوو دەدات لە بەغدا، شۆڕشی برسییەكانە بە مۆركێكی سیاسییەوە.

سەبارەت بە بڕگەی دووەمی پرسیارەكەشتان، ڕاستە ئابووریی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە ئابووریی عێراق و بە باشی و خراپی كاریگەرییان لەسەر یەكتر هەیە، بەڵام لێرە حكومەتی هەرێمی كوردستان باشتر مامەڵەی لەگەڵ دۆخی ئابووری و قەیرانەكاندا كردووە، كۆمەڵێك چاكسازیی لە بواری زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی زیاد و وەبەرهێناندا كردووە، لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ حكومەتی ناوەند لە بەغدا، مامەڵەیەكی تەندروستی كردووە و، ڕێگای نەداوە ئاستەنگ و بەربەستەكان ڕێگر بێت لە پێشكەشكردنی ئەدای حكوومی و پیادەكردنی پلانی ئابووری، من وەكو چاودێرێكی ئابووری دەبینم وێڕای سەرنج و تێبینەكانم لەسەر پەیكەری ئابووری و ڕەوشی ئابووری بە گشتی، بەڵام لێرە داهاتی تاكەكەسی بەرز بووەتەوە و جموجووڵێكی بازرگانی و وەبەرهێنانی باش دەبینم، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هاتووە شتێكی كەم نییە و گەورە و ئیجابییە، لەكاتێكدا لە حاڵی ئێستای عێراقدا زەحمەتە پێشبینی و پێشهاتە ئابوورییەكان بە ئیجابی بكرێت.

*  حكومەتی ئێستای عێراق كە حكومەتێكی كاربەڕێكەرە و ناتوانێت هەنگاوی گەورەی ئابووری و دارایی بنێت، بەتایبەتی لە غیابی یاسای بودجە و ئیفلیجبوونی كاری پەرلەمانیدا، ئایا وەكو ڕاوێژكارێكی دیاری ئابووریی عێراقی چ ڕێگەیەك لە بەردەم مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا دەبینیت بۆ زاڵبوون بە سەر كێشە و گرفتە ئابوورییەكان و باشكردنی دۆخی بژێویی ژیانی هاووڵاتیانی عێراق؟

- مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەرچەندە لە ئێستادا خاوەنی حكومەتێكی كاربەڕێكەرە و دەسەڵاتەكانی سنووردارە، بەڵام وەكو حكومەتێكی خاوەن دەسەڵاتی تەواو هەڵسوكەوت دەكات، پێدەچێت بەرەو ئەو ئاراستەیە بچێت كە هەمووان لەسەر مانەوەی حكومەتەكەی كۆك بن، یان لە غیابی چارەسەرێكی گشتگیری گونجاو و خێرادا، بە ناچاری ئەم حكومەتەی ئێستا بمێنێتەوە تا ماوەیەكی زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەكرێت، بەلانی كەمەوە تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دیكە. هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر ئەوە كۆكن كە شەقامی عێراقی ئامادەی نەهامەتی و تێكچوونێكی زیاتری بارودۆخی ئابووری و دارایی و دابەزینی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان نییە، لەگەڵ هەر تێكچوونێكی ئابووری و دارایی و خراپبوونی زیاتری بژێوی ژیاندا، ئاستی ناڕەزایەتییەكان فراوانتر دەبێت و توندوتیژیی لێ دەكەوێتەوە، ناسەقامگیرییەكی گەورەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكی سیاسی و كەسایەتییەكدا نابێت، هەر لەبەر ئەمەشە وێڕای ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی كە هەیە، دەبینین ئەدای حكومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و پێدانی مووچە تا ڕاددەیەك سەقامگیرە، ئەدای حكومەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان تێك نەچووە، ئەمەش بەشێكی بۆ مامەڵەی باشی سەرۆك وەزیران لەگەڵ دۆخەكە دەگەڕێتەوە.

* بەڵام لە دواجاردا بە هۆی هەڵاوسانی نرخ و خراپیی خزمەتگوزارییەكان و هەڵكشانی ڕێژەی بێكاری و هەژارییەوە حكومەت دەكەوێتە بەردەم تەحەددایەكی گەورە، ئایا تا چەند لەبەر ئەم تەحەددایەشدا حكومەتەكەی كازمی سەركەوتوو دەبێت؟

- شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و هەڵكشانی نرخی خۆراك كێشەیەكی گەورەی جیهانییە و شوێنەوارەكانی لەسەر هەڵكشانی نرخی خۆراك ڕووبەڕووی خێزانە عێراقییەكان و حكومەتیش بووەتەوە، بەرزیی نرخی خۆراك لە وڵاتانی بەرهەمهێنەوە دروست بووە، خۆ ئەگەر گرانیی نرخی گواستنەوە و گەمەی بازاڕیشی بخەینەسەر، ئەوا تێچوونەكانی لەسەر بەكارهێنەری عێراقی زۆر بەرزتر دەبێتەوە، گرانیی نرخی خۆراك كاریگەری لەسەر داهاتی ڕاستەقینەی تاكی عێراقی دەكات، هەرچەندە زۆر لەو خۆراك و خزمەتگوزارییانەی هەیە لەلایەن حكومەتەوە پاڵپشتی دەكرێت، ئەمەش تێچوون و بوددجەیەكی گەورەی دەوێت، تا نرخی بەرمیلێك نەوتیش بەرز بێت و داهاتێكی گەورە بۆ گەنجینەی عێراق بگەڕێتەوە، ئەم مەترسییەش كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر حكومەت و ڕێگەچارەسەرەكانی نابێت، حكومەت دەتوانێت لە ڕێگەی باشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان و پاڵپشتیكردنی زیاتری نرخی كارەبا و ئاو و بەنزین و سووتەمەنییەوە بارودۆخەكە ڕابگرێت، بەتایبەتی دوای پەسەندكردنی پەرلەمان لەسەر تەرخانكردنی بودجەی فریاكەوتنی خێرای پاڵپشتیكردنی خۆراك كە 25 ملیار دۆلاری لەم پێناوەدا تەرخان كردووە.

* كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا، بەتایبەتی لەسەر یاسای نەوت و گازی كوردستان و دواخستنی چارەسەركردنی تا پێكهێنانی حكومەتی نوێ و دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، تا چەند لە بەرژەوەندیی كەرتی نەوت و گازی كوردستاندایە؟

- لەم بارودۆخە و لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پرۆسەی سیاسی و ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژادرنێكی نوێ، پێم وایە چارەسەری تەواوی ئەو كێشانەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند بە كێشەی نەوت و گازیشەوە دواخراوە، بێ دامەزراندنی حكومەتێكی نوێ و دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی مومكین نییە گفتوگۆكان چارەسەرێكی ئەوتۆیان لێ بكەوێتەوە، من هەڵوێستی موقتەدا سەدر و شۆڕشگێڕەكانی بەرامبەر نەوت و گازی كوردستان بە ئیجابیتر دەبینم لە هەڵوێستی ئیتاری تەنسیقی، هەرچۆنێك بێت دواجار دواكەوتنی گفتوگۆكان و بەردەوامبوونی كاركردن و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا دەبینم، چونكە لەم دۆخە خراپەدا گفتوگۆكان هیچ بەرهەمی نابێت و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و هێشتا یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەرنەچووە، دواجار دەبێت هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر ڕێگەچارەسەرێكی گونجاو و بەدڵی هەردوو لا ڕێك بكەون، چونكە چارەسەری كێشەكانی نەوت و گاز و هەموو كێشەكانی دیكەی نێوان هەرێم و ناوەند، لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی كوردستان و عێراقدایە.

Top