مەلای كورد شوناس و پێگە و تایبەتمەندی و هەڵویست و خزمەت

مەلای كورد شوناس و پێگە و تایبەتمەندی و هەڵویست و خزمەت

 

مەلا لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا كە بە كەسایەتیی زانستی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كەسێكی موجاز و دەرچووی مەدرەسەی زانستە شەرعییەكان دەگوترێت، كەسایەتییەكی دیاری ئایینی و كۆمەڵایەتیی ناو چین و توێژە جیاجیاكانی خەڵكە، كە لە ڕووی ئایینییەوە وەك پێشەواو مامۆستای ئەرك و مەناسیكە ئایینییەكان و، لە بواری كۆمەڵایەتیشدا وەك چاكساز و ڕێنیشاندەر و ڕیشسپی و دەمڕاستی ئەو خەڵكە دەناسرێت .

مەلا لە كوردەواریدا ناسناوێكی زانستی و پیشەییە و بە هەموو ئەو كەسانە دەدرێت كە عولوومە شەرعییەكانی مەنهەجی دیاریكراوی (مەزهەبی شافعی) مەدرەسە شەرعییەكانی مزگەوتەكانی كوردستان كە بە حوجرە ناسراوە تەواو دەكات و ئیجازەی زانستی وەردەگرێت .

مەلای كوردستان وەك پێشەوای زانستی شەرعیی زۆربەی گەل و میللەتانی جیهانی ئیسلامی، كەسایەتییەكی زانستی و مەعریفییە كە هەمیشە تەواوی ژیانی لە ناو كۆڕ و چواردیواری زانست و مەعریفە و خوداپەرستیدا بەسەر دەبات، چونكە ئەم جۆرە لە پیشە، یان ناونیشانە بۆ مرۆڤی موسڵمان وابەستەبوونە بە مەشغەڵەتێكی دەوری، كە هەمیشە لە خزمەت زانستدا دەبێت، چ وەك فێربوون و وەرگرتن، یان وەك فێركردن و بەخشین، بۆیە پلەكانی ژیانی زانستی و پیشەیی مەلایەتی لە سوختە و موستەعیدی فەقێیەتییەوە بگرە تا مەلایەتی و تەدریس بە تێكڕا، ئامادەبوونێكی زیهنی و ڕۆحییە لە خزمەت علووم و مەعریفەی سەماویدا .

بە درێژایی مێژووی حوجرە و مەدرەسەی زانستە شەرعییەكانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان، ئەم چینە لە خوداناسان (مەلاكانی كورد) جگە لە ڕاگرتنی باڵانسی بەرژەوەندییە فەردی و جەماعییەكانی دنیا و قیامەتی میللەتی كورد، ئەركی پێشەوایەتیكردنی بوارە جیاجیاكانی نەتەوەكەیان و ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی ژیانی خەڵكیشیان لەسەرشان هەڵگرتووە، بۆیە زۆرترین و كاریگەرترین حوزوور لە كایە جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگەدا مەلای كورد هەیبووە و، هەر ئەویش بووە لە یەكلاكردنەوەی پرسە گرنگەكانی ژیانی ئادەمیزادی ئەم وڵاتەدا قسەو بڕیاری دیار و قبووڵكراوی لەلا بووە .

مەلای كورد بەراورد بە چین و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگەكەی، سەرباری ئەو ئامادەییە دیار و هەمیشەیی و سەرتاسەرییەی ناو كایەكانی ژیانی خەڵكی وڵاتی كوردەواری، بە كەمی ڕێككەوتووە و ڕوویداوە لەبەر مەنفەعەتێكی دارایی و كۆمەڵایەتی دەستی لە پیشە و ئەركە پیرۆزە خۆبەخشەكەی خۆی هەڵگرێ و شوێن بەرژەوەندیی دونیایی خۆی بكەوێت و عینوانی زانستییانەی خۆی بە عینوانێكی دونیایی دیكە بگۆڕێتەوە، كە قازانج و كەڵكی دونیاییانەی زۆرتری تێدابێت، واتە بە كەمی ڕووی داوە مەلای كورد جبە و مێزەر و حوجرە و تەدریس و ئیمامەتی بۆ وەزیفەیەكی دونیایی وەلا نابێت و، لەبری مەلایەتی كوێخایەتی و ئاغایەتی و ئەفەندیبوون و پۆست و پلەی دنیایی خستبێتە سەرووی ئەرك و كار و ناونیشانە پیرۆزەكەی خۆیەوە، مەگەر كەسانێكی دەگمەن و شاز كە ئەو ئاستەش كار لە شوناس و ناسنامەی مەلایەتی لە كوردستاندا ناكات .

ئێمە كاتێك باس لە شوناسی مەلای كورد دەكەین، دەتوانین لە كورتـترین پێناسەدا بڵێین: مەلای كورد ئەو كەسایەتییە زانستی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەیە كە بزوێنەری ژیانی كۆمەڵگەیەكی ڕۆژهەڵاتی بە هەموو كایە جیاوازەكانی كۆمەڵگەوە، بە حوزوورێكی كاریگەری بەخش و هەمیشەییەوە لە یەكەم ڕۆژی هاتنە دونیای مرۆڤەكانەوە تا ئاخرین كات و ساتی لە دنیادەرچوون و سپاردن و ماڵئاواییكردنی پێك هێناوە.

مەلای كورد هەمیشە پێگەیەكی بەرزی ئایینی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت زۆر جار سیاسیشی لە ناو میللەتی خۆیدا هەبووە، لە ڕووی ئایینییەوە وەك مامۆستای عولوومە شەرعییەكان پێشەوای ئەرك و پەرستشە كۆمەڵییەكان و ڕاوێژكار و ڕابەری پەرستشە شەخسییەكانی موسڵمانان بووە و هەیە، لە هەموو مەسەلەیەكی شەرعیدا كە ئەو مەسەلانە وابەستەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵكن، مەلای كورد ئامادەیی كاریگەری هەیە و لە حاڵی شارەزایی خەڵكیشدا لە مەسەلە شەرعییەكاندا دیسان ئەو خەڵكە بۆ یەكلاییكردنەوە و دڵنیابوونەوە لە حەقیانەتی بابەتێكی فیقهی، پرس و ڕاوێژ بە مەلا دەكەن، بەو پێیەی ئەم لە پێگەیەكی باڵای زانستی و ئایینی وادایە كە موجازی شەرعییە و فەتوا لەو وەردەگیرێت.

 لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە مەلای كورد هەمیشە وەك چاكساز و ڕێكخەرێكی كاروبارە كۆمەڵایەتییەكانی خەڵك ناونیشانێكی دیارە و ڕووی سەرنج و بایەخ لەو دەكرێت و، لە چەندین بابەتی كۆمەڵایەتیی پەیوەست بە ژیانی تاك و دەستەجەمعیدا، ئەم حوزووری یەكلاكەرەوەی هەیە. ئەگەر تەماشای كۆڕ و كۆبوونەوە كۆمەڵایەتییەكانی وەك سوڵح و داخوازیی هاوسەرگیری و بۆنە گشتییەكانی دیكەی كۆمەڵگەی كوردەواری بكەین، دەبینین زۆر كەم ئەو كۆڕ و كۆبوونەوانە بێ ئامادەبوونی كاریگەریی مەلایەك بەڕیوە دەچێت، ئەمە ئەوە بە دیار دەخات كە پێگەی كۆمەڵایەتیی مەلای كورد لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا لە ئاستیكی بەرز و باڵادایە.

لە ڕووی فەرهەنگییشەوە مەلای كورد هەمیشە پێشەنگی كایە مەعریفی و ئەدەبییەكانی كورد بووە و، وەك خەرمانێك لە كولتوور و ڕۆشنبیریی كورد تاریف كراوە، پێگەی فەرهەنگیی مەلای كورد كە هیچی لە پێگە كۆمەڵایەتییەكەی كەمتر نەبووە و نییە، پێگەیەكە گەیشتووەتە ئاستێك مێژووی كولتوور و فەرهەنگی كورد بە هەوڵە مێژووییە مەعریفییەكانی ئەوەوە گرێ دراوە.

لە ڕووی سیاسییشەوە پێگەی مەلای كورد لە تەواوی ڕووداو و مەسەلە و پێشهاتەكانی مێژووی كوردا لە ئاستی لوتكەدا بووە، هەموو ئەو شۆڕشانەی كورد شانازییان پێوە دەكات و بووەتە مێژووی شوناسی میللی و نەتەوەیی گەلی كوردستان، لەسەر دەستی مەلا و بە بیر و هزر و بازووی مەلا هەڵگیرساون، مێژووی سیاسیی كورد لە شێخی نەهرییەوە تا شێخ سەعید و قازی و مەلا مستەفای بارزانی، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن كە مەلای كورد سەردێڕ و ناونیشانی بزافە نەتەوەییەكانی دوو سەدەی خەبات و بەرخۆدان بوون و هۆكاری مانەوەی نەتەوەیی كۆمەڵی كوردوەرای بوون. ئێستاشی لەگەڵ بێت، پێگەی مەلای كورد لە ڕووی سیاسییەوە پێگەیەكی موشاریكی بەهێزە و لە ئاستی باڵادا و لە تەواوی پێشهاتە سیاسییەكاندا پێگە و ڕۆڵی دیاری هەیە، چ وەك فەتوا و تەوجیهی گشتی، چ وەك كاریگەری لە بڕیار و مەسەلە چارەنووسسازەكانی گەلدا، كە ڕای گشتیی خەڵك و تا ڕاددەیەك گۆڕەپانی سیاسیی هێز و لایەنەكانیش بە بایەخەوە لێی دەڕوانن .

تایبەتمەندیی مەلای كورد كە خاڵی جیاكەرەوەی زانایانی وڵاتی ئێمەیە لە زانایانی وڵات و ناوچەكانی دیكەی جیهانی ئیسلامی، لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بەدیار دەكەوێت.

یەكەم: مەلای كورد جیا لە زانا و پێشەوایانی میللەتانی دەوروبەری خۆی، مەلایەتی ئەرك و وەزیفەیەكی گران بووە لەسەر شانی، نەك وەرگرتنی ئیمتیازاتی شەخسی و قایمكردنی پایەی بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆی، لە یەكەم ڕۆژی فەقێیەتییەوە ژیانێكی كولەمەرگیی پڕ زەحمەت لە پێناو كەسبی عیلم و مەغریفەتدا هەڵدەبژێرێ و، شار بە شار و دێ بە دێ بە دوای دۆزینەوەی مەدرەسە و مودەڕیسێكی بەتوانادا وێڵ دەبێ و، ژیانی هیجرەت و دەردەسەری ئیختیار دەكات، تا بڕیك زانست و مەعریفەی دەست بكەوێت، دواتریش مەلایەتی دەبێتە زنجیرێك و دەست و پێی لە مومارەسەی گەیشتن بە بارودۆخێكی دارایی باش دەبەستێت و شەو و ڕۆژی ژیانی بە خزمەتی خەڵكەوە دەبەسترێتەوە، بێ ئەوەی وەك زانا و مەلای وڵاتان و شوێنانی دیكە حیسابی ئەو مەشغەڵەت و گرێدانەی ژیانیانی بە ژیانی خەڵكەوە بۆ بكرێت و ئەو ماندووبوونەیان لەبەرچاو بگیردرێت، بۆیە تایبەتمەندیی مەلای كورد لە تایبەتمەندیی باوك دەچێت، كە هەمیشە چاوەڕوانی بەخششی لێ دەكرێت نەك وەرگرتن، هەر ئەمەشە وای كردووە وەك ڕەعیەت و ڕۆڵەی ئەو باوكە لە مەلای كورد بڕوانرێت و هەڵكشانی گلەوگازاندە لە بەرامبەر داكشانی مەدح و پێزانینی خەڵكدا زۆرتر بێت.

دووەم: مەلای كورد بە پێچەوانەی مەلای شوێنان و گەلانی دیكە، لە هەر شوێنێك خەڵك ئاوەدانی بنیات نابێت، لەوێ مزگەوت و مەدرەسەی ئاوەدان كردووەتەوە و فەقێ و قوتابیی ڕاگرتووە، بۆ ئەمەش نە منەت، نە شانازیی بە سەر كەسەوە نەكردووە و خۆی بە بەرپرسیاری دونیا و قیامەت زانیوە لەوەی كە كەمتەرخەمی لە ئەركە پیرۆزەكەیدا بكات، بۆیە لە هەر شوێنێك دوو ماڵ هەبووبێت، مەلا و مزگەوت و حوجرەیەكیش لەوێ هەبووە، بە پێچەوانەی گەلان و وڵاتانی جیهانی ئیسلام كە مەدرەسە و شوێنی زانایان لە شارە گەورە و بەناوبانگەكان و لە بەرزترین ئاستی بایەخی ئابووری و شارستانیدا بووە و، ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو جیاوازییە بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێت.

سێیەم: لە مەدرەسە و ناونیشانە زانستییەكانی دونیادا وا باو و جێگیرە كە مامۆستا قوتابی قبووڵ دەكات و لە بەرامبەریشدا مەڵبەند و شوێنە زانستییەكانی زانایان قوتابی قبووڵ دەكەن، بەڵام خاسییەتی مەلای كورد لەمەشدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بە درێژایی مێژووی هەبوونی ئەم چینە زانستییەی كورد قوتابی گەڕاوە و مەلای قبووڵ و ئیختیار كردووە و، لە هەر جێیەك مەیلی هەبووبێت و پێی باش بووبێت، خوێندوویەتی و مەلای مودەڕیسیش بە ڕەحابەتی سەدرەوە قوتابییەكەی وەك ڕۆڵە و شاگردی خۆی قبووڵ كردووە، مەگەر بێجێیی و دەسەبەرنەبوونی بارودۆخی ماڵی و دارایی ڕێگر بووبێت.

دەربارەی ئەو خزمەتەش كە مەلای كورد لە هەموو بوارە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵگە و نەتەوەكەی خۆی و مرۆڤایەتیدا كردوویەتی، ئێمە لە ئاماژەیەكی خێرای ناو ئەم نووسینەدا تەنیا دەتوانین وەك سەرەقەڵەم باسیان بكەین، چونكە ئەگەر بمانەوێ حەقی تەواوی خۆی پێ بدەین، بە چەندین بەرگی كتێب بۆمان نانووسرێتەوە.

سەرەتا لە كایەی ئەدەبی و مەعریفیدا مەلای كورد ناوبانگێكی بە میللەتی كورد و ئوممەتی ئیسلام بەخشیوە، كە هیچ پیشە و ناونیشان و چین و توێژێك نەیتوانیوە مللانێی لەگەڵدا بكات، مەلای كورد لە ڕێی «مەلای جزیری و خانی»یەوە یەكەمین دەقی ئەدەبیی كرمانجیی نووسیوەتەوە و كوردیان كردووەتە خاوەنی ئەدەبی نووسراو، نالی یەكەمین كەسە شیعری بە كوردی نووسی، كە كورد دەكاتە خاوەنی شیعری خۆماڵی .

ئەو خەرمانە لە ئەدەبیات و مەعریفەی كوردی كە مەلا شاعیرەكانی كورد وەك مەولانا و نالی و مەولەوی و مەحوی و بێخود و سەدانی دیكە سەریەكیان ناوە، بەسە بۆ ئەوەی ڕاستی و درووستیی خزمەتی بێوێنەی مەلای كورد بسەلمێنێت.

لە بواری مەعریفەی ئایینیشدا لە ئیبن سەلاح و ئیبن خەلەكان و باقلانی و موسەنیف)ـەوە بگرە تا مەولانا و بێتووشی و ئیبن حاج و عەللامەی نۆدشی و پێنجوێنی و مامۆستا باقر و مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس و هەزارانی دی، مەلای كورد بە هەزاران توحفە و باخ و گوڵزاری زانست و مەعریفەی خستووەتە پاڵ باخ و باخاتی بیر و فیقه و علوومی ئوممەتی ئیسلام، كە تا دونیا دونیایە شانازی پێوە دەكرێت.

لە بواری ڕێنموونی ئایینی و ئەخلاقی و ڕێبەرایەتیی كۆمەڵایەتیشدا، مەلای كورد پارێزەرێكی سەرەكیی كەسایەتیی ئیسلامی و بنیاتنەری مەوسووعەی پەیڕەوی كۆمەڵگەیەكی شیرازە نەبچڕاو و ئابڕوومەندی مرۆییە، كە بێ هیچ تەكلیف و ئیمتیازێك خۆبەخشانە وەك ئەركێكی بەرپرسیارانەی دینی و ئەخلاقی و نیشتمانی و مرۆیی، خۆی پێوە پابەند كردووە.

ئەو خزمەت و هەڵوێستەش كە مەلای كورد لە پاڵ چەرمەسەری و تاڵی و شیرینیی قۆناغەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی میللەتەكەیدا كردوویەتی و نواندوویەتی، هیچی لە هەوڵە پیرۆزەكانی دیكەی پێناو ئایین و ژیانی دونیا و قیامەتی خەڵك كەمتر نییە و نەبووە.

مەلای كورد هەمیشە لە سەنگەری گەل و بەرخۆدانی میللەتەكەیدا قوربانیی بە ژیان و ماڵی خۆی داوە و، لەسەر بەردێك و بە نانە ڕەقێك توانیویەتی لە پاڵ خەڵكدا ئەركەكانی جێبەجێ بكات، كە وەك ئاشكرایە ئەركی مەلایەتی لە هەموو بوارەكانی ژیانی گەل و خەڵكەكەیدا ئەركی شەوانەڕۆژی و هەمە لایەنەی بێوچانە، بە شێوەیەك كە ئەگەر مەلای كورد لە شوێنێك، یان لە ڕووداو و كاتێكدا بە ناچاری و بێ ویستی خۆی ئامادەیی نەبووبێت، خەڵك وەك ئەو كاروانەیان لێ هاتووە كە لە بیابانێكی نادیار و چۆڵگەیەكی قاقڕدا دەلیل و شارەزاكەیان لێ بزر دەبێت.

 

Top