لە هێرشێکی خۆکوژیدا چوار سەربازی پاکستان کوژران
لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژیدا لە ناوچەی وەزیرستان لە باکووری پاکستان، چوار سەربازی ئەم وڵاتە گیانیان لە دەست دا.
سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر کاروانێکی سەربازی لە ناوچەی وەزیرستانی باکوور چوار سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هێرشە لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانێکی سەربازیدا لە ناوچەی « میرعەلی » روویداوە.
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەردا، ئیدانەی ئەو هێرشەی كرد و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر بنبڕکردنی هەڕەشە تیرۆریستییەکان.
ئەم هێرشە لە دوای کوژرانی « عومەر خالید خوراسانی »، گەورە فەرماندەی تاڵیبانی پاکستان و سێ لە هەواڵانی لە ئەفغانستان دێت.
گوڵان: سەردار خەلیل