دكتۆر ناڤسەر نووری عەبدال شارەزا لەبواری ئابووری بۆ گوڵان: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان... خاڵە لاوازەكانی وەرچەرخان بۆ خاڵی بەهێز

دكتۆر ناڤسەر نووری عەبدال  شارەزا لەبواری ئابووری بۆ گوڵان:     كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان...  خاڵە لاوازەكانی وەرچەرخان  بۆ خاڵی بەهێز


 

 

هەڵسەنگاندنی ئابوورییانەی كار و ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی خاڵە لاوازەكان بۆ خاڵی بەهێز و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكانی بەردەم كابینەكە، تەوەری دیدارێكی گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ دكتۆر ناڤسەر نووری عەبدال پسپۆڕ و شارەزا لە بواری ئابووری. لێردا پوختەی وتەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

 

* سەرەتا وەكو شارەزایەكی ئابووری دەكرێت بزانین هەڵسەنگاندنی ئابوورییانەت بۆ كار و ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی چییە؟

- ڕەنگە لە دووتوێی دیمانەیەكدا نەتوانین شیكردنەوەیەكی زانستییانە بۆ هەموو ئەدا و كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، بەڵام دەكرێت لە دووتوێی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەكی پوخت و كورت باس لە گرنگترینی ئەو بەرنامە و پڕۆژە و كارانە بكەین، كە لە قۆناغێكی هەستیار و ماوەیەكی كەمدا سەركەوتووانە جێبەجێ كراون.

كابینەكەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كات و ساتێكی هەستیار و پڕ لە قەیرانی دارایی دامەزرا، پەتای كۆرۆنا و شوێنەوارەكانی كە سەرتاسەری سێكتەرەكانی دوچاری ئیفلیجبوون كردبوو، نەك تەنیا لە كوردستان بەڵكو لە سەرانسەری حكومەتەكانی دنیا كاردانەوەی هەبوو، لە كوردستانیش لەگەڵ دابەزینی پێوانەیی بەهای نەوت و بڕینی بودجە و قەرزارییەكی زۆری حكومەت، بارگرانیەكی زۆر گەورەی دروست كردبوو لەسەر جێبەجێكردنی كارنامە و بەرنامە حكوومییەكەی سەرۆك وەزیران. ئەم حكومەتە میراتییەكی زۆر خراپی بەڕێوەبردنی ئابووری و قەرزاری و ڕاوەستانی پڕۆژەكانی بۆ مابووەوە، لە هەمووشی مەترسیدارتر گەندەڵی بوو كە لە حاڵەتەوە ببوو بە دیاردە، كاركردن لەم دۆخەدا ئیرادەیەكی بەهێزی دەویست، تاوەكو گەلی كوردستان لەو هەموو مەترسییانە دەرباز بێت. زۆر لەم خاڵە لاوازانە پێشوەختە هەبووە و هەندێكیشی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەت بووە، وەكو بڕینی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق و ئەو فشار و پاڵەپەستۆیانەی هەندێك لایەنی سیاسی و میلیشیاتی چەكداری دژی هەرێم و قەوارەكەی دەیانكرد، یان شوێنەوارە پڕمەترسییەكانی كۆرۆنا و قەیرانی جیهانیی ئابووری و دارایی و داشكانی بەهای نەوت، هەندێك لەو تەحەددییانەش ناوخۆیی بوون، بەتایبەتی گەندەڵی دارایی و ئیداری كە ساڵ لە دوای ساڵ گەورەتر دەبوو.

لەم كابینەیەدا ڕیزبەندی نەهێشتنی گەندەڵی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بە یەكێك لە گەورەترین دەستكەوتەكان دادەنرێت. ڕاگرتنی گەندەڵی و پاراستنی داهاتی گشتی و كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان ژینگەیەكی لەباری بۆ بەرنامە چاكسازییەكەی حكومەت دانا.

* باسی فشار و پاڵەپەستۆی حكومەتی عێراقت كرد كە لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبوو، بەڵام دواتر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند ئاسایی بوونەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ڕۆڵی حكومەت لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان چۆن بوو. ئایا لە ڕووی ئابوورییەوە تا چەند ئەمە گرنگ بوو؟

- هەموو حكومەتێكی سەركەوتوو ئەگەر بیەوێت ڕوو لە چاكسازی و خۆشگوزەرانی بكات، دەبێت كێشە و گرفتەكانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ كەمترین ڕێژە دابەزێنێت، چاكسازیی ئابووری و وەرچەرخان لە بەڕێوەبردنی ئابووریدا هێز و ئیرادە و ژینگەیەكی ئارامی دەوێت. سەرۆكی حكومەت لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی ڕاستەوخۆ سەردانی بەغدای كرد و نییەتباشیی خۆی نیشان دا و دۆخەكەی هێور كردەوە. دواتر لەم سەردانەی دواییدا ڕۆڵی هەبوو لە كەمكردنەوەی ئەو گرژییانەی كە بە هۆی بڕیارە نادەستووری و سیاسییەكەی دادگای فیدڕاڵی دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دروست ببوو. خۆڕاگریی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پشوودرێژی بەرامبەر هێرشە یەك لە دوای یەكەكانی مووشەك و درۆن و شەڕی ئیعلامی زۆر گرنگ بوو، چونكە ڕێگری كرد لە نیاز و مەرامی هەموو ئەو گرووپ و لایەنە سیاسی و دەرەكییانەی كە دەیانویست كوردستان پەلكێشی ئاڵۆزی و گرژییەكان بكەن لەگەڵ بەغدا، بەمەش حكومەت سەركەوتوو بوو، بەوەی هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستانی گۆڕی بۆ پاڵپشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیدانەكردنی.

ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی ناوەند و گۆڕینی زمانی زبر و هەڕەشە بۆ لێكتێگەیشتن و پەیوەندی لە بەرژەوەندیی سەرجەم گەلانی عێراق و كوردستاندا بوو، تەنانەت دواخستنی گفتوگۆكان و جێبەجێكردنی بڕیارە نادەستوورییەكەی دادگای فیدڕاڵ ئەمە لە بەرژەوەندیی ئابووری و دارایی هەرێم و عێراق بووە و گەیشتنە بە تەكامولی ئابووری كە بە خێروخۆشیی خەڵكی و ئابووری دەگەڕێتەوە، بەمەش دیپلۆماسیەت لەپێناو هێوربوونەوەی دۆخەكە و باشكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان بەكار هێنرا.

* ئەگەر لەسەر ئەم خاڵە ڕابوەستین، ئایا بەرزكردنەوەی داهاتی ناوخۆ و دانەوەی قەرز و پێدانی مووچە لەكاتی خۆیدا، تاچەند لەسەر بەهێزیی ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی دەبێت؟

- وەرچەرخان لە ئابوورییەكی ڕەیعیی پشتبەستوو بە تاكە سەرچاوەی داهاتێكی ناجێگیری نەوتی بۆ ئابوورییەكی خاوەن داهاتێكی جۆراوجۆر و فرەچەشن كارێكی هەروا ئاسان نییە. لە دەستپێكی كابینەكەدا ئەمە لە خاڵە بەهێزەكانی بەرنامەی كابینەكە بوو، لە ڕووی كرداریشەوە لەو ماوە كەمەدا كاری گەورە ئەنجام دراون، پێشتر بۆ دابینكردنی مووچە قەرز دەكرا، ئێستا قەرز ناكرێت، پێشتر پشتبەستن بە داهاتی نەوت بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز بوو، ئێستا ئەم ڕێژەیە هاتووەتە خوارەوە، تەنانەت ڕێگەگرتن لە گەندەڵی، پارە و داهاتێكی زۆری گەڕاندەوە، گەڕانەوەی یەك ملیار دۆلار قەرز متمانەی بۆ حكومەت و قەوارەی ئابووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە، خۆ ئەگەر هەر دوو ساڵ جارێك بتوانرێت ملیارێك دۆلار بگەڕێندرێتەوە، ئەوا دەبینە حكومەتێك كە خاوەن توانای دارایی و ئابووری بەهێزە و متمانە پێكراو دەبێت.

* باشكردنی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە یەكێك لەو پێوەرانە دادەنرێت كە ڕۆڵی لە هەڵسەنگاندنی باشیی حكومەتەكان هەیە، بەردەوام حكومەتە بەهێزەكان و خاوەن ئابووریی باش، ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان باشە. لە ڕوانگەی خزمەتگوزارییەكانەوە تاچەند توانراوە هەنگاوی باش بنرێت؟

- دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان كە بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ڕاوەستابوون، ئومێدێكی گەورەی بەخشییە هاووڵاتیان و بزنێسكار و وەبەرهێن و بەڵێندەرەكان، دواتر بەردەوامیی پڕۆژەكان و گۆڕانكاریی لە ئاستی پێشكەشكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەستكەوتی گەورە بوو لە قۆناغێكی پڕ لە قەیران و كێشەدا، بەرزكردنەوەی ئەدای كاری وەزارەت و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان لە كارە پێشینەكانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون، لە دوای مووچە لە خەمی كارەبا و ئاو و بەنزین و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەیی و ڕێگاوبان و قیرتاوكرنی شەقام و پرد بوو، ئەمانە پارە و بودجەیەكی گەورەیان پێویستە و بە پێداویستیی سەرەكیی هاووڵاتیان دادەنرێت و ئابووری لە سەرجەم سێكتەرەكانی گواستنەوە و پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری بە بایەخەوە دەڕواننە ئەم خزمەتگوزارییانە، لە ئابووریدا دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە تا ئاستی داهاتی تاكەكەسی و گەشەی ژمارەی دانیشتووان ڕوو لە زیادبوون بكات، دەبێت توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانیش زیاد بكرێت، بەتایبەتی لە وڵاتی ئێمەدا كە زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانە پاڵپشتی كراون، واتا تێچوونی زۆر زیاترە لەو داهاتەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، هەر لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا حكومەت تا ڕاددەیەك توانیویەتی ڕۆتین و بیرۆكراتیەتی كوشندە كەم بكاتەوە و بەرەو بەئەلەكترۆنیكردنی كاروباری حكومەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەنگاو بنێت.

* فرەچەشنكردنی ئابووری و جۆراوجۆركردنی داهاتی ناوخۆ بە خاڵێكی گرنگی بەهێزی ئابووری دادەنرێت، ئایا هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەكو لە كارنامەكەیدا هاتووە ڕووی لە هەمەجۆركردنی داهات و فرەچەشنكردنی ئابووری كردووە، واتا پێشتر ئابووریی عێراق و كوردستان لە 90-95%ی داهاتەكانیان پشتیان بە داهاتی دەرهێنانی نەوت بەستبوو، ئێستا لە هەرێمی كوردستان كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێنانی بیانی ڕووی لە بووژانەوە كردووە، لە ڕووی كەرتی گەشتیاریشەوە هەنگاوی باش نراوە، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە زیادبوونی داهات لەسەرجەم كەرتە ئابوورییەكان كرد، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە لە بەڕێوەبردنی ئابووری و داهات سەركەوتوو بووین. لەوەشدا سەركەوتوو بووین كە زیادكردنی داهاتی ناوخۆ بارگرانی نەخستە سەر ئەو هاووڵاتیانەی خاوەنی داهاتی كەم و مامناوەند و مووچەخۆرن، بەڵكو تەنیا بە ڕێكخستنی باج و گەڕانەوەی پارەی حكومەت و كۆنتڕۆڵكردنی داهاتەكان توانرا داهاتی ناوخۆ زیاد بكەین.

* یەكێك لەو تەحەددییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە، وشكەساڵی و دەركەوتنی گرفتی كەم ئاوییە، ئایا تا چەند وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەت توانیویانە لە ئاست داواكاری و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بن؟

- وشكەساڵی دیاردەیەكی جیهانییە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە، وشكەساڵی كاریگەری لەسەر كەرتی كشتوكاڵی هەیە، ئەمە لە كاتێكدا پرسی خۆراك لە جیهاندا بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بە دۆخێكی زۆر خراپدا تێپەڕ دەبێت، لەمەشدا هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی ژمارەیەك بەنداو و پاڵپشتیی كەرتی كشتوكاڵ و لابردنی باج لەسەر ئەو خۆراك و پێداویستیانەی ڕۆژانە هاووڵاتیان پێویستیانە، هەمووی ڕۆڵی لە ڕاگرتنی هەڵاوسانی خۆراكی هەبووە.

* دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجەكان و دەرچووانی زانكۆ بە یەكێك لە تەحەددییە گەورەكانی بەردەم كابینەكە دادەنرێت. وەكو شارەزایەكی ئابووری ئایا بۆ چارەسەركردنی بێكاری و كەمكردنەوەی ڕێژەكەی لە كوێوە دەبێت دەست پێ بكەین؟

- دۆزینەوەی هەلی كار و گرنگیدان بە سامانی مرۆیی بە یەكێك لەو كێشە گەورانەی بەردەم ئابووریی وڵاتانی جیهانی سێیەم دادەنرێت، بەتایبەتی كە ژمارەی كرێكار و فەرمانبەرانی حكومەت لە كەرتی گشتی زۆرە و حكومەت لە توانایدا نییە هەلی زیاتر لە كەرتی گشتی دابین بكات، لەم كاتەدا ئەركی سەرشانی حكومەتە لە كەرتی تایبەت و لە بازاڕی كار و لە كۆمپانیا و كارخانەكان هەلی كار بۆ دەرچووان دابین بكات، هاوكات پڕۆژەی بچووك و قەرز بۆ گەنجان دەست پێ بكاتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بەردەوام بێت، هەلی كارێكی زۆر بۆ گەنجەكان دەستەبەر دەبێت، چونكە ئەگەر ساڵانە لە زانكۆ و پەیمانگەكان 20 هەزار دەرچوو هەبێت، لەو حەوت ساڵدا كە دامەزراندن نەبووە، ئەم ژمارەیە بۆ 140 هەزار گەنج هەڵكشاوە، پێویستە یاسای كار لەم هەرێمەدا هەموار بكرێتەوە و زامنی كاركردن لەكەرتی تایبەت بكات.

 

Top