جۆن تیرمان بەڕێوەبەری جێبەجێكار و توێژەری باڵا لە سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە ئەنستیتوتی تەقەنی ماسوشتێستس بۆ گوڵان:   شەڕێكی دیكەی سارد لە ئاسۆدا دەركەوتووە

جۆن تیرمان  بەڕێوەبەری جێبەجێكار و توێژەری باڵا لە سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە ئەنستیتوتی تەقەنی ماسوشتێستس بۆ گوڵان:     شەڕێكی دیكەی سارد  لە ئاسۆدا دەركەوتووە

 

 

جۆن تیرمان بەڕێوەبەری جێبەجێكار و توێژەری باڵایە لە سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە ئەنستیتوتی تەقەنی ماسوشتێستس، خاوەنی چەندین كتێب و توێژینەوەیە لەبارەی كاروبارە نێودەوڵەتییەكان. شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوە و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤەكرد كە پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* وەك شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، پێتان وایە هەڵگیرسان و بەرپابوونی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا چیمان پێ دەڵێت دەربارەی سیاسەت، یان ململانێی هێزە مەزنە جیهانییەكان؟ ئایا دەكرێت بڵێین ئێمە پێمان ناوەتە نێو جەنگێكی ساردی دیكەوە؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە بوترێت، ئەوەیە كە بەڵێ ئەم پەرەسەندن و پێشهاتەی لە ئێستادا هاتووەتەئاراوە پێمان دەڵێت ئەو هەلومەرجەی دروست بووە زیاتر و زیاتر وا پێ دەچێت كە شەڕێكی دیكەی سارد لە ئاسۆدا دەركەوتبێت. سرووشتی دڵڕەقانە و كاولكاریی ئەم شەڕەی هەڵگیرساوە و لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە ئەم شەڕەی ئێستا- لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا- بە ئەنقەست بەرپا كراوە، بوونەتە هۆی ئەوەی هەڵوێست و تێڕوانینەكان بە چەشنێك توند بن، كە ئەو ڕۆژگارەمان بیر بخاتەوە كە چۆن ژێردەستەكردنی ئەوروپای ناوەڕاست لەلایەن یەكێتیی سۆڤیەتەوە هۆكارێك بوو بۆ ڕوودانی ئەو ڕووداوانەی كە دواتر سەریان كێشا بۆ هاتنەئارای شەڕی سارد.

* پێتان وایە بۆچی ڕووسیا و خودی سەرۆكی ئەو وڵاتە پەنایان بۆ ئەم بژارە و ئەم ڕێگاچارەیە برد، بە تایبەتی دوای ئەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە چەشنێك پەرەیان سەندبوو كە پەنابردنی بۆ سڕینەوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری لەسەر نەخشەی جیهان بە ئەگەرێكی دوور دەزانرا؟

- بە تێڕوانینی من دەكرێت هۆكاری هەرە سەرەكیی ئەم شەڕە بگەڕێندرێتەوە بۆ خواست و خولیای خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین بۆ بەدەستهێنانی شكۆمەندی لە ڕێگای دووبارە بنیاتنانەوە و پێكهێنانەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا. بە تایبەتی ئەگەر ئێمە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە ئەو ڕاپۆرتانەی دەدرانە سەرۆك پوتین، باسیان لەوە دەكرد كە ڕووسیا دەتوانێت بە كاتێكی كەم سەركەوتنێكی خێرا و یەكلاكەرەوە بەدەست بهێنێت لە ئۆكرانیادا.

* ئێستا ئەگەر لە دۆخی شەڕەكە بڕوانین، ئایا پێت وایە ئاقار و ئاراستەی شەڕەكە چۆن دەبێت؟ مەبەستمان ئەوەیە ئایا پێشبینی ئەوە دەكەن كە شەڕەكە پتر بەرفراوان و بەربڵاو بێت و زیاتر بەرەو هەڵكشان بچێت، یان ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕێی دانوستان و گفتوگۆوە چارەسەر و ڕێگاچارەیەك بۆ ئاگربەست، یان ڕێككەوتن بهێنرێتەئاراوە؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بوترێت كە ئەم شەڕەی ئێستا چەند مانگێكە دەستی پێ نەكردووە، بەڵكو لە ڕاستیدا ئەم شەڕە لە ساڵی 2014دا هەڵگیرسا و دەستی پێ كرد، واتە ئەو كاتەی ڕووسیا بڕیاری داگیركردنی هەرێمی كریمیای دا، كە بەشێكی وڵاتی ئۆكرانیا بوو و كردییە بەشێك لە خاكی وڵاتەكەی. دواتر ئەوەی پەیوەست بێت بە ئەگەری دانوستاندن و گفتوگۆوە، ئەوا لێرەدا پرسیارە سەرەكی و بنەڕەتییەكە ئەوەیە ئایا سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین كەسێكە دەیەوێت ئەم ڕێگاچارەیە بگرێتەبەر بۆ كۆتاییهێنان بەم دۆخە؟

* هەروەك ئاشكرایە بە بێ پاڵپشتی و هاوكاریی ڕۆژئاوا- بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا- ئۆكرانیا نەیدەتوانی بەرهەڵستی داگیركارییەكەی ڕووسیا بكات، ئێوە چۆن لە كاردانەوەی ڕۆژئاوا دەڕوانن لە ئاست ئەم شەڕەدا، بە تایبەتی ئەو ڕێكار و سزا ئابووری و داراییانەی كە سەپاندیان بە سەر ڕووسیادا و ئایا پێتان وایە لە كۆتاییدا ڕووسیا ناچار دەكەن كە بە سیاسەت و بڕیارەكانیدا بچێتەوە؟

- هیچ گومان هەڵناگرێت كە ئەدا، یان كاردانەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە ئاست شەڕەكەی ڕووسیا و ئۆكرانیادا جێی ستایش و دەستخۆشیكردنەوە. چونكە بە دڵنیاییەوە دەستەبەركردنی چەك و هاوكارییە داراییەكان بۆ ئۆكرانیا و بەردەوامبوون و درێژەدان بە ڕێكار و ڕێوشوێنە سزاییەكان لە دژی ڕووسیا زۆر گرنگە.

* ئاشكرایە كە ئەم شەڕەی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاریگەریی جیهانی لێ كەوتووەتەوە لە پەیوەندی بە ئاسایشی خۆراك و پرسی وزەوە، وەك بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و نەوت و غاز، بەڵام ئایا بە دیاریكراوی چۆن لە كاریگەریی ئەم شەڕە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن؟

- ئەوەی پەیوەندی بە كاریگەریی ئەم شەڕەوە هەبێت لەسەر ئەم ناوچەیە، ئەوا ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە هەر دوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە- كە ئامادە نەبوو بڕی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان زیاد بكات- و ئیمارات- كە ئامادە نەبوو ئیدانەی ڕووسیا بكات-. بەڵام ڕەنگە زەحمەت بێت بتوانین كاریگەرییەكانی لەسەر پرۆسە، یان بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پڕۆگرامی ناوكیی ئێرانەوە دەستنیشان بكەین. ئەوەی پەیوەست بێت بە بارودۆخی سووریاوە، ئەوا ئەگەر ڕووسیا هێزەكانی لە سووریا بكێشێتەوە و ڕەوانەیان بكات بۆ شەڕی ئۆكرانیا، ئەوا تەنگژە و قەیرانی سووریا قووڵتر دەبێتەوە و هەلومەرجەكە زیاتر هەڵدەكشێت.

 

Top