ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان: قەبارەی گومرگ لە كابینەی نۆیەم لە ٩٥٦ ملیارەوە بۆ یەك تریلیۆن و ٦٩١ ملیۆن دینار زیاد كراوە
بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد، ئەمەش دەقی وتەكانیەتی:
لە ماوەی پێشوودا وەزارەتی دارایی بەرپرس بووە لە گێڕانەوەی بەشی زۆری داهاتەكان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، هەروەها سەرپەرشتیكردن و بەشداریكردنی سەردانی شاندەكانی بەغدا و ڕێكەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و جێگیركردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی عێراق.
جێگیركردنی پابەندە داراییەكانی هەرێم و بەغدا بۆ ساڵی ٢٠٠٤ تاوەكو ساڵی ٢٠٢١ كە ئەمە كارێكی زۆر گرنگ بوو لە ناو پرۆژەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق و ڕێككەوتن لەسەری لەلایەن تیمی چاودێریی دارایی هەردوولا. چالاكییەكانی سەرجەم بەڕێوەبەرییە گشتییەكان لە دیوان دەركردنی ٦١ ڕێنمایی و ٤٦ گشتاندن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان.
گێڕانەوەی ٩٥ ملیار دینار بە ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. لە بواری گومرگدا ئازادكردنی بازرگانی و نەهێشتنی مۆنۆپۆڵ تاڕاددەیەكی زۆر و زیاتركردنی داهاتی گومرگی لە ٩٥٦ ملیارەوە بۆ یەك تریلیۆن و ٦٩١ ملیۆن دینار لە كابینەی نۆیەم دا.
دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری گومرگی و بە ئەلیكترۆنی كردنی سەرجەم دەروازەكان و بەستنەوەیان بە وەزارەتی داراییەوە.
لە بواری باجەكانیش زیادكردنی داهاتی باج لە ٣٠٠ ملیار دینارەوە بۆ ٧٩٦ ملیار دینار بەبێ هیچ زیادكردن و دەستكاریكردنێكی ڕێژەی باج. هەروەها ئامادەكاری كردن بۆ بە ئەلیكترۆنی كردنی سیستەمی باج لە ئایندەیەكی نزیكدا. دەستپێكردن بە تۆماركردنی سەرجەم باجدەران لە گەورە باجدەرانەوە بۆ خوار.
لە بواری بودجەیی، جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی دامەزراندن و بە هەمیشەیی كردنی ١١ هەزار و ٥٩٥ لەوانەی كە مامۆستای گرێبەست و پزیشك و دەرچووە یەكەمەكان و گرێبەستی نوێ كە كراون، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠– ٢٠٢١ و پێداچوونەوە بە سەرجەم میلاكەكانی حكومەت و ڕێكخستنەوەی داهات و ڕسومات.
لە ژمێركاری، بەستنەوەی ٥٨١ یەكەی ژمێركاری بە سیستەمی خەرجی ئۆنلاین، هەروەها كەمكردنەوەی خەرجی تا ڕاددەیەكی زۆری ناپێویست بۆ حكومەت بە ڕێژەی ١٤٤ ملیار دینار. لە بواری خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كۆتاییهێنان بە چەند مووچەیەكی بە دەر لە یاسا و هەڵوەشاندنەوە و گواستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی پێشمەرگە و گواستنەوەیان بۆ وەزارەتی دارایی.
هەروەها هەمواركردنی پلەی سەرجەم خانەنشینانی پلە باڵا و بە دەر لە یاسا. هەڵوەشاندنەوەی گشت خانەنشینیی نایاسایی و ئەوانەی كە بە پلەی زیاتر لە مافی خۆیان خانەنشین كراون. دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی و دروستكردنی ئەنجومەنی سندوق كە سەركەوتنێكی یەكجار گەورەیە، هەروەها بە ئەلیكترۆنی كردنی مامەڵەی خانەنشینی كە لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی دەستی پێ كردووە و لەمەو دوا مامەڵەی كاغەزی نامێنێت.
لە بواری بانكەكاندا، دامەزراندنی بانكی نیشتمان بە سەرمایەی ٢٠٠ ملیار دینار كە دەبێتە لقی بانكی ناوەندیی عێراقی لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەیەوە سەرلەنوێ ڕێكخستنەوە و متمانە بە بانكەكانی هەرێم و سوودوەرگرتن لە سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق.
لە بواری بانكە پسپۆڕییەكان، جێبەجێكردنی بڕیاری داشكانی ١٥%ی قەرزی پێشینیەكانی ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها وەرگرتنەوەری ٣٧٣ ملیار دینار لە پێشینەی قەرزەكانی عەقار و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار . لە بواری بانكە بازرگانییەكان وەرگرتنەوەی چەند ملیار دینار لە قەرزی ئاسانكاریی بانكی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و فرۆشتنەوەی ڕەهن كراوەكانی قەرزدارانەوە . هەروەها بەردەوامبوونی ئەو ڕێكارانە بۆ باقیاتی قەرزەكان.
لە بواری یاساییدا، كردنەوەی ٢ هەزار و ٦٢٦ داوا لە سەرجەم دادگاكان و یەكلاییكردنەوەی ٩٥%ی ئەو داوایانە لە بەرژەوەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لە كاروباری دڵنیایی و بەڕێوەبەری گشتی دڵنیایی، ئامادەكردنی هەمواری ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای پیادەكردنی ڕێكخستنی ڕێكارەكانی دڵنیایی عێراقی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥ی كوردستانی عێراق. بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پول بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان و زیادكردنی داهات بە ٣ ملیار دینار تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١.
هەروەها یەكخستنی لقەكانی دڵنیایی لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ئامادەكردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستی.