مێژووی نیگار(2/2)

مێژووی نیگار(2/2)

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

هیندستان جێیەكی شایستەی لە مێژووی هونەری نیگاردا هەیە، ئەم هونەرە لەو وڵاتەدا پەیوەست بوو بە خوداوەندان و پاشایانی ئایینخواز، هونەر لەوێدا دابەش دەبێتە سەر چەندین ڕەوتی جیاجیا لە جوگرافیای هیندستانی مەزندا. هونەرێكە بە ستایل و كەرەستەی هەمەجۆر كراوە، بابەتی نیگاریش بە زۆری پەیوەست بوو بە ئەفسانەوە. سەرەتای ئەم هونەرە نەخش و نیگاری سەر شاخە و بۆ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، ڕەنگیان لە كانزا و ڕووەك و بەردی پیرۆز و شتی دیكە، دروست كردووە، دیواری كۆشك و قەڵایەكانیان پێ نەخشاندوون. لە نێو مێژووی نیگاری هیندستاندا، شێوازی تنجفۆری شەقڵێكی گرنگە لە نیگاری كلاسیك لە باشووری ئەو وڵاتەدا. لە سەرەتای سەدەی نۆیەمی زایینەوە ئەو ستایلە دەست پێ دەكات، نیگاری تنجفۆری جوان و تێر ڕەنگ و پڕ وردەكارییە، باسی خوداوەندانی هیندۆس و ئەفسانە دەكات. بە گوێرەی ئەم ستایلە، تابلۆ بە تەكنیكی ئاڵۆز و بە چەند قۆناغێك دروست دەكرێت. ڕەوتی بەنگال لەگەڵ بڵاو بوونەوەی بیری نوێخوازی لە سەدەی بیستەمدا، بوو بە ڕەوتێكی پێشەنگ لە مێژووی هونەری نیگار لە هیندستاندا، هونەرمەندانی وڵاتەكە هەوڵیان دا، لە نێوان میراتی خۆماڵی و شێوازی هونەری ئەوروپادا، سازان ڕێ نیشاندەریان بێت. ئێستا نیگاری هیندستان هێندە باڵایە، لە ئەوروپا و ئەمریكا لە ماڵ و گالێریدا نمایش دەكرێت.

مێژووی نیگار(2/2)

فلپین چەند دورگەیەكی نێو دەریایە، لە باشووری ژاپۆن و ڕۆژهەڵاتی چیندایە. لەو وڵاتەدا 6 هەزار ساڵ بەر لە زایین نیگار لەسەر گۆزە كراوە. لە 5 هەزاری بەر لە زایینەوە، لە سەرانسەری فلپیندا گۆزەكاری بە نەخش و نیگارەوە، بووەتە باو، لە پاڵ نیگاری جەستە. لە سەدەی حەڤدەمی زایینیشەوە، بە كاریگەریی سپانەكان، دروست كردنی تابلۆ بە شێوازی ئەوروپی لە فلپین دەست پێ دەكات.

مێژووی نیگار(2/2)

ڕیشەی هونەری تەلارسازی و پەیكەرسازی لە میسری دێرین خاوەن نەریتی بەهێزن، دروست كردنی دیواربەند لە پەرستگە و كۆشك و تەلار لە شارستانیەتی میسردا باو بووە. لەسەر گەڵای زەلیش نیگار كێشراوە. نیگاركێشانی میسری دێرین بایەخیان بە هێڵكاری داوە، هێماكارییەكی زۆریان تێدا دەكرد، نووسینی هیرۆگلۆفی بۆ خۆی نیگاراسایە. لەسەر كەتان نیگاریان كێشاوە، كە دەربارەی خوداوەندان و ڕۆژی پەسڵان و ژیانی دواڕۆژی مردووانە. شێوازی نیگاری میسر لە دوڕگەی كریت لە باشووری یۆنانیش دۆزراوەتەوە، دوای ئەوەی هۆزەكانی باكووری یۆنان دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا دەگرن، لە ساڵی (1100ی ب. ز)ـەوە، نیگار لە وڵاتی گریك ئاراستەیەكی دیكە دەگرێتە بەر. گریكستان (یۆنانی دێرین) خاوەن نیگاركێش و پەیكەرتاش و تەلارسازی زۆر كارامە بوو، شاكارەكانی پەیكەری مەڕمەڕینی ئەو وڵاتە، باڵاترین نموونەی هونەری كلاسیكن. نموونەی نیگاری سەر گۆزە و دیزە و گوڵدان، ئاستێكی بەرزی سەلیقەی جوانخوازیی گریك دەخاتە ڕوو، جگە لە نەخش و نیگاری سەر تەختە دار. دەگوترێت نیگاركێشێكی گریك یەكەمین كەس بوو كە لە 5 ساڵ بەر لە زاییندا ڕەنگی تێكەڵ كردووە، هێندە بە وردی نیگاری كێشاوە، باڵندە ڕووی لەو بۆڵە ترێیانە كردووە كە ئەو كێشاونی و ڕەنگی كردوون.

مێژووی نیگار(2/2)

لە ڕووی هونەری نیگارەوە، ڕۆم میراتگری گریكن، وێڕای ئەوە، نیگاری ڕۆم تایبەتە، پتر تەفرە دیتن و دیمەنی سروشتە. لە چەند دیواربەندێكدا نموونە لە نیگاری ڕۆممان بۆ ماوەتەوە.
ئایینی كریستیان لە نیگاری گەلانی ئەوروپادا بە چڕی ڕەنگی دایەوە، لە سەدەی شەشەمی زایینەوە هونەری بیزانس هێما و شێوازە نەریتییەكەی نیگاركێشانی پاراست، كە بە درێژایی نزیكەی دوو هەزار ساڵ لە گەشە و بووژانەوەی بەردەوامدا بووە، تێیدا گەشە بە هێماكانی ئەرسەدۆكسیی ڕووس و یۆنان درا. لە ڕووی تەختی و وردی لە نیگار و دیمەنی سروشتدا، هونەری بیزانس بە ئەبستراكتی ئەم سەردەمە بەراورد دەكرێت. كڵیسەكانی ڕۆم و گووتی بە دیواربەند دەڕازێندرانەوە. لە سەدەی 13ی زایینەوە، نیگار لە ئەوروپا بەرەو ڕیالیزم و پەیڕەو كردنی ڕوانگە و قەبارە چوو، بە تایبەتی لە ئیتالیا، لەوە دوا نیگاركێشانی توانا، لە كولتووری ڕۆژاوا (ئەوروپا)دا بوون بە سەردار و مەزنانی سەدەكانی ناوەڕاست. لەو سەردەمەدا بنەمای تابلۆ بە ستایلی ڕۆژاوایی داندرا، ئەو ستایلەی ئێستا جیهانییە. كاتدرا و كڵیسە لە سەدەی چواردەمدا، پڕ بوون لە پەنجەرە، شووشەی ئەو پەنجەرانەش بە ڕەنگ دەڕازێندرانەوە، چینی دەرەبەگ و بورژوا ئامێزیان بۆ نیگاركێشان كردەوە، بەمەش تابلۆ بوو بە توحفەی دەگمەن و بەرهەمی هونەرمەندانیش هەڕمێنی پەیدا كرد.

مێژووی نیگار(2/2)

هونەری نیگاری گەلانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا كاریان لە یەكدی كردووە. هونەرمەندانی هەردوو لا، سوودیان لە یەكدی وەرگرتووە. ئەم وتارە گەشتێكی خێرایە بە نێو مێژووی هونەری نیگاردا، هونەرەكە زۆر لەوە فراوانترە كە لەم وتارەدا خراوەتە ڕوو. دەرفەتی نووسین لێرەدا سنووردارە، بابەتەكە دارای نووسینی چەندین بەرگە كتێبە، ئێمە بەم چەند ڕستەیە كۆتایی بە قسەكانمان دەهێنین: لە چوار سەدەی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە كۆتایی سەدەی 19 و لە سەدەی 20دا، هونەری نیگار زنجیرەیەك ڕەوتی بە خۆیەوە دیت، هونەرەكەی بەو ئاستە گەیاند، سەدان مۆزەخانە كراونەتە لانەی بەرهەمی هونەرمەندانی دوایین دوو سەدەی ڕابردوو.

Top