یەکێتیی ئەوروپا سەرقاڵی پلانێكە تایبەت بە  کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گازی سروشتی

یەکێتیی ئەوروپا سەرقاڵی پلانێكە تایبەت بە  کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گازی سروشتی

 

نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا پێرێ(هەینی) لە میانی كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی پێشنیارێکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپایان کرد بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گازی سروشتی، ئەم تاوتوێكردنەش بۆ ئەوەیە تا وڵاتانی یەکێتییەکە ئامادە بن بۆ ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازی سروشتی كە ڕەنگە ڕووسیا لەهەمەر ئەو وڵاتانە جێبەجێی بكات.

 

بە گوتەی دەنگی ئەمریكا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێشنیاری پلانێکی کرد کە تیایدا سەرجەم وڵاتانی یەکێتییەکە لە مانگی هەشتەوە بۆ مانگی سێی ساڵی داهاتوو بەکارهێنانی گاز بۆ لە سەدا 15 کەم بکەنەوە.

 

ئەو پێشنیارە لەلایەن کۆمەڵێک وڵاتەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، ئیسپانیا و پوروتوگال و یۆنان لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە زۆر بە ئاشکرا دژایەتیی پلانەکە دەکەن، هاوکات دیبلۆماتکارانی دانیمارک و فەڕەنسا و ئێرلەندا و ئیتاڵیا و ماڵتا و هۆڵەندا و پۆڵەنداش تێبینییان هەیە سەبارەت بە پێدانی دەسەڵاتێک بە کۆمسیۆن کە بەپێی ئەو دەسەڵاتە فەرمان بکات کەمکردنەوەکە جێبەجێ بکرێت.

 

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە كردووە كە وتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەمە لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە کە مەترسییەکی جددی هەیە لەسەر ڕاگرتنی گازەکە لەلایەن ڕووسیاوە.

 

Top