خانمی یەكەمی ئێزدییان مەیان خەیری بەگ بۆ گوڵان: ژنانی ئێزیدی دوای ڕزگاركردنیان توانییان دەنگی كپی ئێزدییان بە كۆمەڵگەی جیهانی بگەیێنن
لە سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر شنگال و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٣٦٠ هەزار ئێزدی ئاوارە بوون، هاوكات ٦٧ مەزاری ئێزدییان تەقێندرانەوە، زیاتر لە سێ هەزار كچ و ژن و منداڵ ڕفێندران، لە ئەنجامی برسیەتی و تینوویەتی زیاتر لە ٦٠٠ كەس لە پیر و ئافرەت و منداڵ گیانیان لەدەست دا. تاوانی گەورە و دڕندانەی تیرۆریستانی داعش و كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان و چەند پرسی پەیوەندیدار، ناوەرۆكی ئەم دیدارەی گۆڤاری گوڵانە لەگەڵ خانمی یەكەمی ئێزدییان مەیان خەیری بەگ هاوسەری حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدییان، كە بەمجۆرە باسیان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئەگەرچی لە ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ هێزەكانی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەخۆی سەرۆك مسعود بارزانی و پاڵپشتیی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال دەستپێكرد و لە شەو و ڕۆژێكدا، شنگال كۆنتڕۆڵ كرایەوە و، دواتر سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر چیای شنگال لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەییدا، ئازادكردنی شنگالی ڕاگەیاند. هەروەها لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠، گوتەبێژی حكومەتی عێراق، ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە بارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شارەكە ڕاگەیاند. بەڵام هێشتا ئێزدییەكان لە دۆخێكی نالەباردا دەژین و زۆربەیان نەیانتوانیوە بە زێدی خۆیان شاد ببنەوە.
خانمی یەكەمی ئێزدییان مەیان خەیری بەگ، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «پێمان وابوو ژیانی ئاوارەیی لە نێو كەمپەكان بە مانگ و كەمتر لە ساڵێك تەواو دەبێت، بەڵام ئەمە چەند ساڵە لە بەر گەرما و سەرمای هاوین و زستان بە خراپترین دۆخدا لە كەمپەكاندا دەژین. ئێستا ٧٠٪ی ئێزدییەكان لە كەمپەكاندان، جگە لە ئەوانەی بە دەریا و زەریاكاندا دەڕۆن بۆ ئەوەی لەم دۆخە خراپە ڕزگار بن، ئەو ئافرەتانەی كە لە دۆزەخی داعش ڕزگاركراون، ئێستا لە دۆزەخی كەمپەكاندان، ئەوان بە منداڵەكانیانەوە لە هەزار ڕزگاركراو زیاترن».
مەیان خەیری بەگ لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان ئاماژەی بەوە كرد: «بە پێی ئاماری نووسینگەی ڕفێندراوانی ئیزدی كە متمانەپێكراوە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، ئیزدییەكان لە عێراق ٥٥٠ هەزار كەسن، ٣٦٠ هەزار كەسیان ئاوارە بوون و ١٥٠ هەزار كەس گەڕاونەتەوە شنگال و ١٢٩٣ كەس شەهید بوون. یەتیمەكان ٢٧٤٥ كەسن و جگە لە گۆڕی بە تاك، گۆرەبەكۆمەڵەكان ٨٢ گۆڕن، ٦٨ مەزارگەش لە ناوبراون لە لایەن داعشەوە و نزیكەی١٠٠ هەزار كەس كۆچی دەرەوەی وڵاتیان كردووە. هەر لە درێژەی خستنەڕووی ئامارەكاندا گوتی: «٦٤١٧ ئێزدی ڕفێندرابوون، لەوانە٣٥٤٨ لە ڕەگەزی مێ و ٢٨٦٩ لە ڕەگەزی نێر، ٣٥٥٢ كەسیان ڕزگار كراون كە ١٢٠٧ ئافرەت و٣٣٩ پیاون، هەروەها (١٠٥٠منداڵی مێ و٩٥٦ منداڵی نێر) ڕزگار كراون. ئەوانەی لە لایەن داعشەوە كوژراون و لاشەكانیان دۆزراوەنتەوە، ١٤٦ كەس بوون، ئەوانەی تا ئیستا ڕفێندراون و بێسەروشوێنن ٢٧١٩
كەسن كە ١٢٧٤ كەسیان لە ڕەگەزی مێ و ١٤٤٥یان لە ڕەگەزی نێرن.»
مەیان خەیری بەگ نیگەرانیی خۆی لە ئاست خەمساردیی حكومەتی عێراق دەرحەق بە ئێزدییەكان دەربڕی و گوتی: «جێگای داخە لەلایەن هەموو دەسەڵاتدارانی عێراقەوە كەمتەرخەمییەكی زۆر گەورە بەرامبەر ئێزدییان بە گشتی و ژنانی ئێزدی بە تایبەتی كراوە، چونكە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) كۆتایی هات، بەڵام هیچ هەوڵێك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ ئێزدییان نەدراوە، كە تا ئێستا چەندین كچ و ژنی ئێزدی ماون و دەستی ڕزگاركردنیان پێ نەگەیشتووە، هەروەها ڕفێنراوەكانیش دەستبەسەرن، بە تایبەت لەو ناوچانەی كە داعش تێیدا دەسەڵاتدارن».
سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەهاناچوونی ئێزدییەكانەوە گوتی: «هەر لە سەرەتای كارەساتەكەوە تاوەكو ئەمڕۆ هەوڵێكی چڕ و پڕ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دراوە بۆ ڕزگاركردنی ڕفێندراوەكانمان كە مایەی سوپاسگوزاری ئێمەی ئێزدییە لە پای ئەو هەموو هەوڵ و تەقەلا و خزمەتەی كە پێشكەشی كردووین، حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسینگەیەكی تایبەتمەند كردووە بۆ ئەو مەبەستە و بودجەی تایبەتی بۆ دابین كردووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، داواكارین هەوڵەكان بەردەوام بن، تاوەكو ڕزگاركردنی دواڕفێندراوی ئێزدی، پێویستە چاودێرییەكی تایبەتی دەروونی بۆ خانمانی ڕزگاربووی دەستی داعش هەبێت، ئەوان بە بارودۆخێكی سەختی دەروونی تێپەڕ دەبن، چونكە زۆربەیان كە گەڕانەوە، خێزان و ماڵ و حاڵیان نەمابوو، كەسوكار و هاوسەریان، یان بێسەروشوێنن، یانیش كوژراون، بەداخەوە ئەمڕۆ بە كەمپنشین دەناسرێینەوە. تەنانەت خەمساردی لە هەموو ڕێكخراوە مرۆیی و ژنپارێزییەكان بەدی دەكەین، ئەوان لە بەرامبەر دەستدرێژی بۆ سەر یەك ئافرەت دەوەستنەوە، بەڵام لە بەرامبەر دەستدرێژیكردنە سەر زیاتر لە 3000 ئافرەتی ئێزدی بێباكن، لە بەرامبەر فرۆشتن و بازرگانی پێكردنیان لە بازاڕەكانی جیهان بێدەنگ و بێ هەڵوێستن».
مەیان خەیری بەگ دواكارییەكانی ئێزدییەكانی بەمجۆرە خستەڕوو و گوتی: «ئێمە داوا دەكەین بە زووترین كات ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا دەربارەی شنگال بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی ئاوارەكراو بگەڕێتەوە بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆی، هەروەها بە هەزاران داعشی دەستگیركراو لە عێراق و هەرێم هەن، داواكارین دادگایی بكرێن و بە توندترین شێوە سزا بدرین لە دژی ئەو هەموو هزرە تاریك و تۆندڕەوییەیان كە دەبنە هۆی كوشتن و ڕفاندن و بە سەبایاكردنی ئافرەتان».
خانمی یەكەمی ئێزیدییان لە كۆتایی وتەكانیدا گوتی: «ژنانی ئێزدی لە مێژوودا هەمیشە توانیویانە بەرخۆدانی بكەن، جگە لەوەش ژنانی ئێزدی بەوە ناسراون، كە زۆر ئازان و هیچ كاتێك خۆیان ڕادەست نەكردوون، بینیشمان ژنانی ئێزدی دوای ڕزگاركردنیان لە هەموو مینبەرەكانی دونیا توانییان دەنگی كپی ئێزدییان بە زولالی لە سەر مینبەرەكانی جیهان بە كۆمەڵگەی جیهانی بگەیێنن، ژنانی ئێزیدی بەوە ناسراون، سەركردەن و توانای بەرگری و بەرخۆدانیان هەیە، خۆڕادەستكرن لە فەرهەنگیاندا نییە، ئەوان شایەنی ژیانێكی باشترن».