پەیامى غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە تۆپبارانکردنى ناوچەی گەشتیاریی پەرەخێ لە سنووری زاخۆ لەلایەن تورکیاوە
- جەماوەرى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان ...
- هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ...
- بنەماڵەو کەس و کارى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتى 20 / 7 / 2022 ، جارێکى دیکە باشوورى كوردستان کەوتەوە بەر پەلاماری تورکیا و ناوچەی گەشتیاریی پەرەخێ لە سنووری زاخۆ لە پارێزگاى دهۆک کرایە ئامانج و تۆپباران کرا، لە ئەنجامى ئەو هێرشە تورکیا چەند هاوڵاتییەکى سڤیل شەهیدو بریندار بوون، ئەو هێرش و دەستدرێژییانەى تورکیا بۆ سەر کوردستان تاوانێکە دژ بە تەواوى گەلى کوردستان و مرۆڤایەتی، ئەو هیرش و کردەوەى تورکیا زۆر بە توندى ئیدانەو مەحکووم دەکەین و رەتیدەکەینەوە، دوژمنان دەبێ باش ئەوە بزانن کەوا کوردستان وەک هەمیشە بە خۆڕاگرى دەمێنێتەوەو چۆک بۆ خواستەکانیان دانادات.
بە ئامانج گرتنى باشوورى کوردستان لەم کاتە ناسکەدا، کە تەواوى عێراق و ناوچەکەو جیهانیش لە رەوشێکى ئاڵۆزدان، هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنى رەوشى سیاسى کوردستان وعێراق، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو هەڕەشانە بە زووترین کات ناوەندى سیاسیى کوردستان کە پەرش و بڵاوە رێکبخەینەوە و، کار بۆ یەکدەنگى و یەکڕیزى هێزو لایەنە سیاسییەکان و گەلى کوردستان بکەین، بەمەش یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەبنە باشترین وەڵام بۆ دوژمنانى تیرۆریست و ناحەزانى کوردستان.
- سەرکەوێ خواستى رەواى گەلى کوردستان
- سەرشۆڕى و رووڕەشى بۆ تیرۆریستان و دوژمنانى کوردستان.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهیدانى کوردستان.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
20 / 7 / 2022