ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی شەشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەوروپا: ئەندامانی لقی شەشی ئەوروپا پێكهاتەی گەورەی ڕەوەندی كوردستانین و ڕۆڵێكی گەورەیان لە خزمەتكردنی دۆزی كوردستاندا هەیە
ئەوروپا بۆ كورد هاوكار و پاڵپشت و پارێزەری دەستكەوتەكانە، ئەوان بە ڕێز و ستایشەوە دەڕواننە ئەزموونی قەوارەی هەرێمی كوردستان و، ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنن بۆ پاراستنی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێگەی ڕێكخستنەكانیەوە كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و كوردستان دەكات. گۆڤاری گوڵان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی شەشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەوروپا چەند پرسیارێكی سەبارەت بە ڕەوەندی كورد و تێڕوانینی ئەوروپاییەكان لە ئەزموونی كوردستان كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* پارتی دیموكراتی كوردستان كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ڕێكخستنەكانی لە ئەوروپا دەست پێ كردووە، ئایا بەنیازن هەیكەلی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەوروپا چۆن ڕێك بخەنەوە؟
- پێداچوونەوە و دووبارە ڕێكخستنەوەی هەیكەلی ڕێكخستنەكانمان لە ئەوروپا، لە چوارچێوەی نوێبوونەوە و ئەو گۆڕانكارییانەدا دێت، كە لە واقیعی كیشوەری ئەوروپا و سیاسەت لە دنیای پێشكەوتوودا دروست بووە، بەتایبەتی ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەوروپا ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان و شۆڕشەكان و، لە تاراوگە بە ڕۆحییەتی كوردایەتییەوە هەڵگری ڕێبازی بارزانی بوون و، ئێش و ئازاری گەلەكەیان گەیاندووەتە گەلانی ئازادیخواز لە ئەوروپا، ئەندام و لایەنگرانی پارتی بە شێوازی دیموكراتی بەرگرییان لە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان كردووە و، هەڵساون بە كۆكردنەوەی پاڵپشتی و پشتگیری بۆ گەلی كورد، لە ئێستادا ژمارەی ڕەوەندی كورد و ڕێكخستنەكانمان لە ئەوروپا زۆر زیادی كردووە و، نەوەی دووەممان لە كۆچبەرانی دووەم پێگەیشتوون، پارتییەكانی ئەم كیشوەرە پێكهاتەی گەورەی ڕەوەندی كوردستانین و ڕۆڵێكی گەورەیان لە خزمەتكردنی كوردستانیان و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان هەیە، لەم ڕوانگەیەوە بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی گۆڕانكارییەكان هەنگاوێكی گرنگ بوون بۆ ئەوەی پارتی بە قورسایی و كاریگەریی زیاترەوە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەی بكات، ئەم گۆڕانكارییە لە كۆنفرانسی ساڵی ڕابردوودا لە ئەڵمانیا كە شاندێكی مەكتەبی ڕێكخستنی مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتیی ڕێبوار یەڵدا بەشدار بوو، لە ڕێگەی دەنگدانەوە ئەندامان نوێنەرانی خۆیان دەستنیشان كرد و، دواتر پێداچوونەوە بە ڕێكخستنەكان لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا كراوە، تاوەكو بتوانین چالاكتر بین و بە توانایەكی نوێوە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بكەین.
* ڕەوەندی كوردستانی واتا هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، ئایا تا چەند توانیوتانە ببنە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی ڕەوەندی كوردستانی لە دەوری خۆتان؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دایكە و هزری بارزانی داهێنەری كوردایەتییە، بڕوای تەواوی بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی هەیە، مەلا مستەفا بارزانی بەرگریكاری مافەكانی سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان بووە و، شۆڕشی ئەیلوول گەورەترین بەڵگەیە بۆ كۆكردنەوەی هەموو نەتەوە و ئایینزاكان، بۆ ئەمڕۆش ئەو هزرە دابەزیوەتە ناو ناخی هەموو كورد و كوردستانییەكی ڕەسەن و سەرۆك مسعود بارزانی درێژەپێدەریەتی، لەم سۆنگەیەشەوە لقی شەشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەوروپا خۆی بە داكۆكیكار و خزمەتكاری ڕەوەندی كورد و كوردستان دەزانێت و، بە بێ جیاوازی و بە یەك جۆر مامەڵە لەگەڵ ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان دەكات لە ناو ڕەوەندی كوردستاندا، ئامۆژگاریی سەرۆك بارزانی بۆ من ئەوە بوو بە هەموو هێز و توانامەوە كار بۆ خزمەتكردنی كوردستان بكەم، نەك تەنیا بۆ پارتی، لێرە كار بۆ لێكنزیكبوونەوە و كۆدەنگی و یەكهەڵوێستیی كوردستانییان دەكەین، تا هەمووان لە ژێر چەتری كوردستاندا كۆبكەینەوە و پێكەوە كار بۆ پاراستنی ئەزموون و دەستكەوتە مەزنەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین. كارێكی دیكەمان بەهێزكردنی پەیوەندییەكانە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و دامەزراوە هزرییەكانی ئەو كیشوەرە، لەو ماوە كورتەی دەستبەكاربوونمدا دیدار و كۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ ئەوروپییەكان دەست پێ كردووە و، هانی لاو و گەنجەكانمان دەدەین بۆ ئەوەی بچنە ناو پرۆسەی سیاسی لە ئەوروپا و، ببنە باڵیۆز و داكۆكیكاری بەهێز بۆ دۆزە ڕەواكانی كوردستان.
* دەوڵەتانی ئەوروپا زۆر بایەخ بە حوكمڕانیی باش دەدەن، ئایا تا چەند توانراوە ڕووی ئەزموونی حوكمڕانیی پارتی لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بگەیەننە ئەوروپا و جێگای بایەخی ئەوان بێت؟
- لۆبیكردن بەشێكی سەرەكیی كارەكانمانە، بەرگریكردنیش لە سیستمی حوكمڕانیی كوردستان بەشێكی سەرەكیی ئەو لۆبیكردنەیە، واقیعی پێكەوەژیان و حوكمڕانیی باش و دیموكراسی و ئەو سەقامگیرییەی لە كوردستاندا هەیە و، لەئامێزگرتنی ئاوارەكان ئەركی ئێمەیە بیگەیەنینە ناوەندەكانی ئەوروپا، هاوكات پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام دەكەین، كە لەو كیشوەرە بڵاودەبێتەوە، هەرێمی كوردستان بە سیمبولی ئازادی و دیموكراسی لەلایەن سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا ناوزەد دەكرێت و، پێشمەرگە قارەمانی بوێری شەڕی تیرۆریستان و داعشە، چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە سەیر دەكرێت و زۆر بە گرنگییەوە دەڕواننە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، لە سایەی مەرجەعی كورد (مسعود بارزانی) شاری هەولێری پایتەختی كوردستان بووەتە پایتەختێكی گرنگی ئەوروپاییەكان و بە چاوی ڕێز و ستایشەوە دەڕواننە ڕۆڵی ئەو سەركردە گەورەیەی كورد و كوردستان.
* تا چەند ئەوروپاییەكان ڕێز لەم سیما جوانەی پێكەوەژیان و ئارامی و سەقامگیری دەگرن، بەتایبەتی كە پاپای ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پاراستنی ئەم فرەییە؟
- زۆربەی ئەوروپییەكان پێمان دەڵێن: «چۆن لە ناو ئەو شەڕ و نائارامی و پشێوییەی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توانیوتانە پارێزگاری لەم دەستكەوتانەی پێكەوەژیان و ئارامی و دیموكراتی بكەن»، پێشوازیكردنی هەرێمی كوردستان لە یەك ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە و پەناهەندە لە سەردەمێكدا كە هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕینی بودجەوە بە دۆخێكی خراپی ئابووری و داراییدا تێپەڕ دەبوو، جێگای شانازی و ستایشە، پاپای فاتیكان ستایشی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد بەوەی دەرگایان واڵا كرد لە بەردەم لێقەوماوەكاندا، ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد كە بە درێژایی 1800 كیلۆمەتر ڕووبەڕووی داعش بووەوە، ئەركی ئێمەیە ئەوروپییەكان زیاتر بە سیما و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان ئاشنا بكەین، بەوەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی كولتوور و مێژووی ئێمەیە، هەرچی ئاوارە و پەناهەندە هەیە، پەنایان بۆ ئێمە بردووە و داوا دەكەن بە زۆرەملێ نەگەڕێندرێنەوە.
* خواستی گەنجانی كوردستان بۆ ئەوروپا زۆرە، بە ڕاددەیەك پەنا بۆ چەندین كەیسی دروستكراو دەبەن، بۆ ئەوەی مافی پەنابەری وەربگرن، زۆر جار ئەم كەیسە دروستكراوانە ڕەت دەكرێنەوە و بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێنەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئێوە لەگەڵ ئەم كەیسانە چۆن مامەڵە دەكەن؟
- ئەوروپاییەكان شارەزایی تەواویان لەسەر دۆخی كوردستان هەیە، بۆیە كاتێك پەنابەری كورد ڕوو لە ئەوروپا دەكات، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك كێشە دەبێتەوە و مافی پەنابەرێتیی ڕەت دەكرێتەوە و، وڵاتە ئەوروپاییەكان وەكو كۆچبەری نایاسایی سەیریان دەكات، بەداخەوە ژمارەی زیندانییە كوردەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، گەنجەكانمان شارەزایی تەواویان نییە لەسەر ئەو گۆڕانكارییانەی كە بە سەر مافی پەنابەرێتیدا هاتووە، ئەوروپاییەكان بڕوای تەواویان بەوە هەیە كە هەرێمی كوردستان سەقامگیرە و ئازادیی تاكەكانی تێدا پارێزراوە.
ئامۆژگاریی ئێمە بۆ گەنجەكان ئەوەیە كە ئەوروپا بەهەشتی پەنابەران نییە و مافی پەنابەرێتی ئاستەم بووە، پێویستە توانا و بەهرەی خۆیان لە كوردستان پەرە پێ بدەن، ئەگەر هاتیشن دەبێت ئەوان بنەماكانی پەناپەرێتی جێبەجێ بكەن لە فێربوونی زمان و پابەندبوون بە یاساكان، تاوەكو پێداچوونە بۆ داواكارییەكانیان، هاوكات خۆشیان لە كاری نەشیاو بەدوور بگرن و، زیان بە خۆیان و ناوبانگی كورد نەگەیەنن.
* كەیسە زیندووەكانی ئەنفال و كیمیاباران و تەعریب و تەرحیلكردنی كورد وەك كاری نامرۆڤایەتی ناسێندراوە، ئایا دەكرێت ئەم كارەسات و كاری دوژمنكارییانە بە جینۆساید بناسرێت و كاری لەسەر بكرێت و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ببنە پاڵپشتی كورد؟
- ڕۆڵی ڕەوەندی كوردستانی و ڕێكخستنەكانی پارتی كاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر شارەزایی ئەوروپییەكان لە هەمبەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كورد و كوردستان كراون، ئەوان لە سەدەی ڕابردوو بەرامبەر ڕژێمی بەعس و سەدام بێدەنگییان هەڵبژارد، ڕەوەندی كورد و ڕێكخستنەكانی پارتیمان بوون لە ئەوروپا كە لە ڕێگەی خۆپیشاندان و مانگرتن و بەكارهێنانی شێوازی مەدەنییانەوە، وایان كرد تاوانەكانی دژی كورد وا بە ئاسانی تێپەڕ نەبێت، لە كۆڕەوە ملیۆنییەكەی ساڵی 1991 ڕۆڵمان هەبوو لە دەركردنی بڕیاری ژمارە 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و، پاراستنی گەلی كورد خرایە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هۆكاری بەهێزیی دیپلۆماسییەتی سەرۆك بارزانی-یە كە ئەمڕۆ پەیوەندییەكانی كورد گەشەی كردووە، ئەمڕۆ ڕێكخستنەكانی پارتیمان لە ئەوروپا بەردەوام كار بۆ بە جینۆساندنی تاوانەكانی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و تیرۆریستانی داعش دەكەن، ئێمە بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانەكان، بەردەوام تاوانەكانی پێشوویان بەبیر دەهێنینەوە، لە ئێستادا كاری زۆر كراوە بۆ ئەوەی كۆمەڵكوژیی كوردی ئێزدی بە دونیا بناسرێت و، تاوانباران لە دادگا نێودەوڵەتییەكان بە سزای خۆیان بگەن و، تا گرووپ و لایەنی دیكەی شۆڤێنی و مەزهەبی بیر لە دووبارەكردنەوەی تاوانەكانی داعش نەكەنەوە.
* بەو پێیەی بەردەوام پەیوەندیتان لەگەڵ دۆستانمان لە ئەوروپا هەیە، ئایا ڕاسپاردەیان بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان چییە؟
- دۆستەكانمان لە ئەوروپا ڕۆڵی كاریگەر و گەورەیان بینیوە لە پاراستنی كوردستان و دروستبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێم، لە ساڵی 1991 لەسەر پێشنیاری (فرانسوا میترانی سەرۆكی فەرەنسا و جۆن مەیجەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا) بوو نەتەوە یەكگرتووەكانی بڕیاری 688ی دەركرد بۆ پاراستنی كوردستان لە هێرشەكانی سەدام و، تا ئەمڕۆش ئەو بڕیارە بەردەوامیی هەیە، ئەوروپاییەكان بەردەوام لە ڕێگەی پەیوەندییە باشەكانیانەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی هاوكار و پاڵپشتن بۆ دامەزراندنی كوردستانێكی بەهێز لە ناوچەیەكی نائارام و ناسەقامگیردا، ڕاهێنان و پاڵپشتییان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان نموونەیەكی بەرچاوی هاوكاریی حكومەتەكان و گەلانی ئەوروپایە. دۆستانمان لە ئەوروپا بە گرنگییەوە دەڕواننە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكان و بەهێزی و یەكگرتوویی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پاراستنی دیموكراسی، ئەوان بەردەوام پێمان دەڵێن دەبێت یەك هێزی مۆدێرنی پێشكەوتووی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروست ببێت تاوەكو بەرگری لە دەستكەوتەكانی ئازادی و دیموكراسی بكەن، بەهێزیی كوردستان و پاراستنی ئازادییەكان و دیموكراسی وا دەكات حكومەتی عێراق پێشێلی دەستوور و یاساكان نەكات و ڕێز لە مافەكانی گەلی كوردستان بگرێت، پێویستە كورد یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی خۆی بپارێزێت تاوەكو هێزە نەیارەكانی هیچیان لە دژی پێ نەكرێت، بەگشتی ئەوروپاییەكان كوردستان بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن و متمانەی تەواویان بە سەرۆك بارزانی هەیە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سیمبولی دژایەتیكردنی تیرۆریست و كەسانی توندوتیژ دەزانن.