هاوناز عەبدولكەریم: نەخۆشییەكەم كاریگەریی لەسەر ئیرادە و تواناكانم نەبووە

هاوناز عەبدولكەریم:  نەخۆشییەكەم كاریگەریی لەسەر ئیرادە و تواناكانم نەبووە

 

زۆرن ئەوانەی رووبەڕووی سەختییەكانی ژیان بوونەتەوە، بەڵام هیچ بارودۆخێك نەیتوانیوە تەسلیمی واقیعێكی نەخوازراویان بكات، ئەو ئیرادەیە زۆر جار تەنگوچەڵەمە و بەربەستەكان دەبەزێنێت، نموونەی ئەو كەسانەشمان لە كوردستان زۆرە و هاوناز عەبدولكەریم یەكێكە لەو كەسانە و مامۆستای پەروەردەی تایبەتە، بە حوكمی ئەوەی خاوەنپێداویستی تایبەتە خۆشەویستییەكی زۆری بۆ كارەكەی خۆی هەیە و وەك خۆی باسی دەكات بۆ ئەوەی منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت لە خوێندن بێبەش نەبن، ئەو بەشەی هەڵبژاردووە. لەم دیمانەیەشدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باس لە چیرۆكی كۆڵنەدانی بۆ خوێنەران دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

هاوناز عەبدولكەریم مامۆستای پەروەردەی تایبەتە و وەك خۆی باسی كرد، لە 6/4/1988 بە هۆی كیمیابارانی هەڵەبجە، خانەوادەكەی ئاوارە بوون و خۆیشی لە شاری «كرمان»ی ئێران لە دایك بووە، یەكەم منداڵی دایك و باوكی بووە و، هەر لەوبارەیەوە دەڵێت: «دایكم بە هۆی منەوە لە كاتی لە دایكبوونم ژیانی كەوتووەتە مەترسییەوە، منیش بەهۆی كاریگەریی گازی كیمیایی تووشی ئێسكە نەرمە بووم و لە تەمەنی 12 ساڵی بڕبڕەكانی پشتم خوار بوون، ئەو نەخۆشییە كاری لەسەر جەستەم كردووە، بێ ئەوەی كار لەسەر تواناكانم بكات».

 لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە وەكو مامۆستایەكی پەروەردەی تایبەت چ شتێك هانی دایت ئەو بەشە هەڵبژێریت؟ گوتی: «كورد وتەیەكی جوانی هەیە كە دەڵێت: ((سەد حەكیم بە قەد دەردەدارێك نازانن))، كاتێك قوتابیی خاوەنپێداویستیی تایبەتم دەبینی مامۆستا دەیچەوسێنێتەوە، یان بە هۆی كەمئەندامبوونی واز لە قوتابخانە دێنێت، هەستم بە ئازارەكەی دەكرد، چونكە منیش هەمان موعاناتم هەبوو، لەبەر ئەوە حەزم كرد لە بەشێكی پەیوەست بە بواری مرۆیی بخوێنم، بەڵام لەو كاتەدا بەشی پەروەردەی تایبەت لە زانكۆی سلێمانی نەبوو، لە ساڵی 2013 زانكۆی پەروەردە بەشی جوگرافیام تەواو كرد، كاتێك خوێندنی زانكۆم تەواو كرد، بە حوكمی ئەوەی خۆم خاوەنپێداویستی تایبەت بووم، لە موعانات و ئازاری قوتابی خاوەنپێداویستیی تایبەت بە باشی تێدەگەم، حەزم لەوە بوو، وەكو مامۆستای پەروەردەی تایبەت خزمەتی قوتابییانی خاوەنپێداویستیی تایبەت بكەم، دواجار سوپاس بۆ خوا لە زانكۆی سلێمانی ساڵی 2016 بەشی پەروەردەی تایبەت كرایەوە و ماوەی چوار ساڵەكەم بە سەركەوتوویی تەواو كرد و لەسەر ئاستی زانكۆكە پلەی دووەمم بە دەستهێنا، تاوەكو ئەمڕۆش لەم پرۆسەیە دانەبڕاوم و بەردەوامم».

سەبارەت بە ژیانی منداڵیشی هاوناز عەبدولكەریم گوتی: «لە ژیانمدا سەختی و ناخۆشیی زۆرم بینیوە، سوپاسی دایك و باوك و خوشك و براكانم دەكەم كە هەمیشە هاوكار و هاندەرم بوون، سەرەتای ژیانی منداڵیم زۆر قورس بوو، بەڵام دواتر بە پاڵپشتیی خێزانەكەم خۆم لەگەڵ دۆخەكە راهێنا و زۆر باش بووم».

مامۆستا هاوناز سەبارەت بە خەون و خولیاكانی دەڵێت: «ئاواتم ئەوەیە ببم بە مامۆستایەكی سەركەوتوو و ماستەر لە بوارەكەی خۆم بخوێنم، بە هیوام تا كۆتایی تەمەنم لە بواری پەروەردەی تایبەت كار بكەم، ئاواتەخوازم چیتر نەبینم منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت پشتگوێ بخرێن و لە مافەكانیان بێبەش بكرێن.

 

Top