كۆری زۆلی پڕۆفیسۆری یاسا و سیاسەتی ئەمنی لە زانكۆی سیراكیوز بۆ گوڵان: ڕووسیا دووچاری دابڕانی سیاسی بووەتەوە، بەڵام نەتوانراوە لە ڕووی ئابوورییەوە گۆشەگیر بكرێت

كۆری زۆلی  پڕۆفیسۆری یاسا و سیاسەتی ئەمنی لە زانكۆی سیراكیوز بۆ گوڵان:     ڕووسیا دووچاری دابڕانی سیاسی بووەتەوە، بەڵام نەتوانراوە لە ڕووی ئابوورییەوە گۆشەگیر بكرێت

 

 

كۆری زۆلی پڕۆفیسۆری یاسا و سیاسەتی ئەمنییە لە سكووڵی ماكس وێڵ لە زانكۆی سیراكیوز و، بەرپرسی بەشی توێژینەوەیە لە هەمان زانكۆ، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك كێشە هاوچەرخەكانی بەرپابوونی جەنگ، ڕەهەندەكانی ناكۆكی و تەنگژە جیهانییەكان و ڕۆڵی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی لە ناكۆكییە جیهانییەكاندا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و كاریگەری و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕەوە.

 

* سەرەتا چۆن لە بارودۆخی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانن و، ئایا بۆچی ڕووسیا پەنای بردە بەر ئەم بژارەیە و تا چەند دڵنیا بوو لەوەی دەتوانێت شەڕەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە؟

- من پێم وایە دەبێت سەرەتا لەو ڕوانگەیەوە لەم پرسە بڕوانین كە ڕووسیا باوەڕی بەوە هەبوو كە دەتوانێت ئامانجەكانی خۆی لەم شەڕەدا بپێكێت، ئەویش لە ڕوانگەی ئەزموونی هەرێمی كریمیا كە ڕووسیا توانی لە ئۆكرانیای داببڕێت و بیكاتە بەشێك لە وڵاتەكەی خۆی، بە بێ ئەوەی دووچاری بەرەنگاری و بەرهەڵستییەكی ئەوتۆ ببێتەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. مەبەستم ئەوەیە ئەمە فاكتەرێك بوو بۆ ئەوەی ڕووسیا پەنا بباتەبەر ئەم بژارەیە و بڕیار بدات كە ئۆكرانیا داگیر بكات. هەروەها لێكدانەوەی ڕووسیا ئەوە بوو كە بەرەیەكی جیهانی و یەكگرتووی لە دژ دروست نابێت، ئەگەر هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵبگرێت، بۆ نموونە پێشتر هاوبەشییەكی لەگەڵ وڵاتی چین دامەزراندبوو و لە ئێستاشدا دەبینین كە چین هەڵوێستی دژ بە ڕووسیا وەرنەگرتووە و، درێژەی بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی داوە لەگەڵ ڕووسیادا، كەواتە ئێمە دەبێت لە ڕوانگەی هەموو ئەم فاكتەرە كاریگەرانەوە لە بڕیارەكەی ڕووسیا بڕوانین، هەرچەندە لە ئێستادا جیاوازییەكە ئەوەیە كە بڕیاری داگیركردنی ئۆكرانیا پەرەسەندن و پێشهاتێكی بەربڵاوتر و بەرفراوانتر بوو، بەراورد بە دابڕین و داگیركردنی هەرێمی كریمیا، بەڵام هەرچۆنێك بێت هەڵگیرسانی شەڕەكە لاوازیی ڕووسیای دەرخست لە ڕووی لاوازی تەكنەلۆژیای سەربازیی سوپاكەیەوە و لە بواری هەماهەنگی لە نێوان بەشە جیاوازەكانی سوپاكەیدا، لەبەر ئەوە ئەمە خاڵێكی وەرچەرخانە بۆ ڕووسیا، هەرچەندە ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە تەواوی ناوچەكە (بە جیهانیشەوە) باجی ئەم شەڕە دەدەن و بە دەر نین لە زیان و ئاكامەكانی، بەتایبەتی خودی وڵاتی ئۆكرانیا. چونكە لە ئێستادا كاریگەری و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە لەسەر ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی وزە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست دەركەوتوون، لە هەمان كاتدا دەتوانین بڵێین ڕووسیا نەك نەیتوانی ئامانجە سیاسییەكانی خۆی بپێكێت، بەڵكو لەم ڕووەوە دەرئەنجامی پێچەوانەی بەدەست هێنا، كە وڵاتانی دیكە لە هەوڵی ئەوەدان ببنە ئەندامی ناتۆ، چونكە هەمیشە ڕووسیا و خودی سەرۆك پوتین گوزارشتیان لە نیگەرانیی خۆیان دەكرد، لەوەی كە وڵاتانی دراوسێی ڕووسیا هەنگاوێكی لەم چەشنە نەنێن. بەڵام ئەم بڕیارەی ڕووسیا نەك نەبووە هۆی ئەوەی ئۆكرانیا دوور بكەوێتەوە لە ڕۆژئاوا، بەڵكو وڵاتانی دیكەش هەوڵی ئەوە دەدەن زیاتر ئاوێتەی سیستمە ئەمنییەكەی ڕۆژئاوا ببن.

* بەڵام هەروەك ئاشكرایە لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕەكەوە و تا ئێستا بە بەردەوامی وڵاتانی ڕۆژئاوا (بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) سزایەكی بەربڵاوی ئابووری و داراییان لە دژی ڕووسیا گرتووەتەبەر، ئێوە چۆن لە كاریگەریی ئەم سزایانە دەڕوانن و، ئایا پێتان وایە لە كۆتاییدا ڕووسیا ناچار بە سازش دەكەن و سەردەكێشن بۆ ئەوەی لە ڕێی گفتوگۆوە كۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت؟

- لە ڕاستیدا ئەمە لای من ڕوون نییە، بەڵام ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە و پرسیارێكی دروستە، من پێم وایە لە نێو جەرگەی هەڵكشانی شەڕەكەدا زۆر زەحمەتە بتوانین هەڵسەنگاندن بۆ كارایی و دەرهاویشتەكانی ئەم سزایانە بكەین، چونكە ئەمە بەندە بە چەندین فاكتەری دیكەوە، یان با بڵێین هەڵوێستی وڵاتانی خاوەن سەنگ و دەستڕۆیشتووی دیكەوە، بۆ نموونە چین، هەروەها ئەوەی زیاتر ئەم پرسە یەكلا دەكاتەوە (مەبەستم گۆڕینی بارودۆخەكەیە بۆ ئەوەی بیر لە كۆتاییهێنان بە شەڕ بكرێتەوە)، ئەوەیە تا چەند هاوكارییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبنە هۆی ئەوەی هەلومەرجی شەڕەكە لە بەرژەوەندیی ئۆكرانیا بگۆڕن، چونكە ئەوەی تا ئێستا بەدی كراوە، ئەوەیە كە ئەو هاوكارییانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئۆكرانیا دووچاری دۆڕان و شكستێكی یەكجارەكی نەبێتەوە، چونكە ئەگەر لە ڕووی ستراتیژییەوە لە بارودۆخەكە بڕوانین، ئەوا تا ئێستا ڕووسیا سەركەوتوو بووە، هەرچەندە ڕەنگە لە ڕووی تەكتیكییەوە دوچاری شكست بووبێتەوە، لەبەر ئەوەی توانیویەتی بەشێكی گرنگی ئەو وڵاتە كۆنتڕۆڵ بكات، كە بواری بۆ دروست كردووە تا ڕێڕەوێكی دەستەبەركردن بۆ سەر دەریای ڕەش دروست بكات، ئەوەی جێی سەرنجە لەم ڕووەوە ئەوەیە كە ئەم پەرەسەندنانە وەك پێویست ئاماژەیان پێ ناكرێت لە نێو ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا و ئەمریكادا، كە من پێم وایە ناكرێت نادیدە بگیرێن و لە گرنگییان كەم بكرێتەوە. لێرەدا و بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، ئەوا دەڵێم هەموو ئەم فاكتەرانە ڕۆڵیان هەیە و كاریگەرییان هەیە لەسەر ئەوەی شەڕەكە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات و، ئایا دەكرێت لە كۆتاییدا چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە، كە لە ئێستا زۆر زەحمەتە بزانین ئایا مەرجەكانی كۆتاییهێنان بە شەڕەكە چی دەبن. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا ڕوونە ئەوەیە كە قسە و باس و هەوڵ و كۆششێكی زۆر بەدی ناكرێت بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بۆ بنیاتنانی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە شەڕەكە، هەروەها گفتوگۆیەكی جددیش بەدی ناكرێت لەبارەی مافەكانی مرۆڤەوە كە بە هۆی ئەم شەڕەوە دوچاری پێشێلكارییەكی بەربڵاو بووەتەوە.

* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە هاوكارییە سەربازییەكانی ڕۆژئاوا (بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) ڕێگر بوون لەوەی ئۆكرانیا نەڕووخێت و ڕووسیاش نەتوانێت بە چەشنێكی خێرا شەڕەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە، هەروەها لە ئێستادا وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەوڵی ئەوەدان كە چیتر پشت بە كڕینی نەوت و غازی ڕووسیا نەبەستن، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم هاوكارییە سەربازییانە بۆ ئۆكرانیا و، ئەم خۆدابڕینە لە نەوت و غازی ڕووسیا تا چەند دەبنە هۆی لاوازكردنی پێگەی ڕووسیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؟

- من دەزانم لاوازكردنی پێگەی ڕووسیا پلان و نیازی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و هاوبەش و هاوپەیمانەكانیانە، بەڵام من قەناعەتم نییە بەوەی بتوانن ئەم دەرئەنجامە بەدی بهێنن و ئەم ئامانجە بهێننەدی، هۆكارەكەش ئەوەیە كە هەروەك دەبینن وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەڵمانیا، هەنگاوەكانیان زۆر سست و خاوە بۆ خۆدابڕین لە پشتبەستن بە نەوت و غازی ڕووسیا، بۆ نموونە ئەڵمانیا تەنیا بە ڕێژەی لە سەتا 30 پشتبەستن بە وزەی ڕووسیا (بەتایبەتی غازی سرووشتی)ی كەم كردووەتەوە. لەبەر ئەوە پێم وایە ئەوروپا ڕێگەیەكی دوور و درێژی لە پێشە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی خۆی داببڕێت لە پشتبەستن بە نەوت و غازی ڕووسیا، هەروەها وڵاتانی ئەوروپاش مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی وڵاتەكانیان لەبەرچاوە لە پەیوەندی بە پشتبەستنیان بە هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیاوە. لە هەمان كاتدا نابێت ئەوەش لە یاد بكەین كە ئەوە تەنیا وڵاتانی ئەوروپا نین كە پێویستیان بە هاوردەكردنی وزە هەبێت لە ڕووسیا، بەڵكو وڵاتانی گرنگ و گەورەی دیكەش هەن لەم ڕووەوە، بە تایبەتی چین و هیندستان، كەواتە ناكرێت بڵێین هەر كاتێك ئەوروپا بڕیاری دا چیتر پشت بەم وزەیە نەبەستێت، ئەوا ڕووسیا دووچاری دابڕان و گۆشەگیری دەبێتەوە، هەرچەندە لە ئێستادا ڕووسیا دووچاری گۆشەگیریی سیاسی بووەتەوە، بەڵام من زۆر دڵنیا نیم لەوەی بتوانرێت ڕووسیا لە ڕووی ئابوورییەوە گۆشەگیر بكرێت. ئەوەتا وڵاتانی وەك هیندستان و چین درێژە بە هاوبەشییە ئابوورییەكەیان دەدەن لەگەڵ ڕووسیادا و بگرە هاوردەكردنی وزەیان لە ڕووسیاوە زیاتر كردووە، دواتر دەبینین بەهای دراوی ڕووسیا (رۆبڵ) بە بەرزی ماوەتەوە، كەواتە دەتوانین بڵێین ئەم شەڕە ئەوەی دەرخست كە چۆن ئابووری و بازرگانیی جیهان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە و بووەتە چەند زۆنێك، لە بری ئەوەی سیستمێكی جیهانگەرایی و بونیادێكی جیهانی وەك (ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی) بڕیاری لەبارەوە بدەن، مەبەستم ئەوەیە گۆڕانكارییەكە لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە چەند زۆنێكی دەستڕۆیشتوو لە جیهاندا دروست بووە لە پەیوەندی بە پرسی وزە و دەستەبەركردنی وزەوە، دواتر ڕاستە ڕووسیا لە ڕووی سەربازییەوە دووچاری زیان بووەتەوە، بەڵام من ئەم زیانە لە بواری وزەدا بەدی ناكەم.

Top