سۆفیا ئەمجەد: دڵخۆشم بەوەی كە ئەوەندەی لە تەمەنم بە ناخۆشی رۆیشت ئەمڕۆ خوای گەورە بە زیادەوە بۆی قەرەبوو كردوومەوە

سۆفیا ئەمجەد:  دڵخۆشم بەوەی كە ئەوەندەی لە تەمەنم بە ناخۆشی رۆیشت ئەمڕۆ خوای گەورە بە زیادەوە بۆی قەرەبوو كردوومەوە

 

 

سۆفیا ئەمجەد خانمێكی تەمەن 38 ساڵەی دانیشتووی قەزای كۆیەیە، وەك خۆی باسی دەكات بەهۆی ژن بوونیەوە باجی زۆری بە ژیان داوە و ئەوانەش كە ناهەقیان دەرهەق كردووە كەسە نزیكەكانی خۆی بوون، سۆفیا بەمجۆرە و راشكاوانە سەربردەی ژیانی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

من كچی گچكەی ماڵ بووم سێ خوشكی لە خۆم گەورەترم هەیە، لەگەڵ دوو برا كە ئەوانیش لە من گەورەترن، هەموو خوشك و براكانم بە دەست و قەراری دایك و بابم پرۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجامدا و هەر یەك لە ماڵ و حاڵی خۆی ژیانێكی خۆشیان هەبوو، من ئەو كاتە تەمەنم 23 ساڵ بوو، دایك و باوكم بەهۆی تەمەنیانەوە هەمیشە نەخۆش بوون، زۆری نەبرد دایكم كۆچی دوایی كرد و مرد، من و بابم ماینەوە تەواوی خوشك و براكانم لە ژیانكردنی خۆیان بەردەوام بوون، من بە تەنیا بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتی ماڵم لەسەر شان بوو، دوای ماوەیەك بابم لە پێ كەوت، وای لێهات تەنانەت نەیدەتوانی بچێتە سەر ئاو، هەر خۆم بە تەنیا خزمەتیم كرد، دەمبردە حەمام و دەمشووشت، ریشیم دەتاشی، هیچ كام لە خوشك و براكانم دەستباریان لەگەڵ نەگرتم و تاكە شەوێك لەگەڵم نەمانەوە، ئەو كاتانە داواكاریشم هەبوو بەڵام ئەوەی بیرم لێ نەدەكردەوە زەواج كردن بوو، چونكە بابم بوو وەكو منداڵی ساوای لێهاتبوو، ئەگەر نانم پێنەدابا هۆشی ئەوەی نەمابوو داواشی بكات، هەمیشە پێی دەگوتم ئەوەندەی من لێت رازیم خوا و پێغەمبەر لێت رازی بن، دوای ساڵانێك بابیشم مرد، ئەو كات تەمەنم 30 ساڵ بوو، بابم پێش ئەوەی بمرێ وەسیەتی ئەوەی كرد كە تا من لەسەر ماڵ بم كەس دەست لە خانووەكەمان نەدات، بەڵام هەر دوای پرسە یەكێك لە خوشكەكانم بە مەكر و فێڵ منی بردە لای خۆی و پێیان گوتم رێگە نادەین كچێكی جوان و جاحێڵ بە تەنیا لە ناو خانوویەك بمێنێتەوە، دوای ماوەیەك خانووەكەیان فرۆشت و كردیانە مێوژی سەر بوكێ و هەموویان دابەش كرد، كاتێكیش داواكاریم دەهات برایەك دەیگوت من حەقم نییە و دوایی خراپ بێ خەتای من دەگرن، خوشكێكم دەیگوت ئێمە زۆر خۆشیمان لە ماڵ و مێرد دیتییە بۆ خۆت ئاوا دابنیشە و جلك و بەرگی جوان لەبەر بكە، بە كورتی كەس خۆی لێ بە ساحێب نەدەكردم، بەڵام من حەزم دەكرد رۆژێك زووتر بچمە رێی خۆم و تا تەمەنم بەبەریەوە ماوە دوو منداڵم ببێت، لەلایەكی دیكە نەمدەویست چیتر لە ژێر رەحمەت و بەزەیی زاوا و خوشك و برا و براژن بمێنمەوە، تەمەنم 33 ساڵ بوو داواكارییەكم هات دیسان نیازی رەتكردنەوەیان هەبوو بۆ ئەوەی خزمەتی ئەم و ئەو بكەم، ئەوان هەمیشە بە بیانووی ئەوەی كە من منداڵم نییە لەو ماڵ و ئەو ماڵ كاری ماڵ پاككردنەوەیان پێدەكردم، بەڵام دواجار بڕیاری خۆممدا و ژیانی هاوبەشم پێكهێنا، ئێستا كە دەبینن ژیانێكی خۆشم هەیە و بە بڕوانامەی ئامادەیی كارێكم دەستكەوتووە، خوشكەكانم داوای بەشە میراتم لێدەكەن و دەڵێن ماڵی بابم هەمووی تۆ خواردووتە، تەنانەت ئیرەییم پێ دەبەن، سوپاس بۆ خوا ئێستا زۆر دڵخۆشم بەوەی كە ئەوەندەی لە تەمەنم رۆیشت بە ناخۆشی ئەمڕۆ خوای گەورە بە زیادەوە بۆی قەرەبوو كردوومەوە.

 

Top