جەیمس لیبۆڤیج پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن بۆ گوڵان: بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان گەیشتووەتە خاڵی وەرچەرخان
جەیمس لیبۆڤیج پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە سكووڵی ئیلیوت بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئاسایشی نێودەوڵەتی، ناكۆكیی نێودەوڵەتی و داڕشتنی سیاسەتی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی. دوایین كتێبی پەیوەست بە توێژینەوە لە بارەی شەڕەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان بووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد لە بارەی شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرهاویشتە و دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە لەسەر جیهان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا تەنیا لە سنووری ئەو دوو دەوڵەتەدا قەتیس نەبووە، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش هەست بەم كاریگەرییە دەكرێت و دەرهاویشتەكانی ڕەنگدانەوەیان هەبووە لەسەر وڵاتانی جیهان، لە ڕووی ئابووری و ئاسایشی خۆراكەوە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز و چەندین بواری دیكە، تێڕوانین و خوێندنەوەی ئێوە چییە لەم ڕووەوە و ئایا ئەم شەڕە جیهان بە چ ئاقارێكدا دەبات؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت، دۆخێكی زۆر مەترسیدارە، بە تایبەتی كە ئاماژە بەوە دەكرێت ئەو هەلومەرجەی ئێستا سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا مەترسیدارترین قەیرانی پەیوەست بە ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ناوكییە، تەنانەت بە تێڕوانین و بۆچوونی من مەترسیدارترە لە تەنگژە و قەیرانی پەیوەست بە مووشەكەكانی كوباوە كە یەكێتیی سۆڤییەت لەو وڵاتەدا جێگیری كردبوون لە ساڵی 1962دا. چونكە ئەو هەڕەشە پەنهانییانەی لەم ڕووەوە ڕووسیا و سەرۆك ڤلادمیر پوتین دەیكەن- كە هەر چۆنێك بن، ئەمانە هەڕەشەن ئەگەرچی بە ناڕاستەوخۆش بێت، هێندەی دیكەی بارودۆخەكەیان شڵەژاندووە لە ئۆكرانیا و بگرە لەسەر ئاستی جیهانیش، بە تایبەتی لە ئەوروپا. واتە ئەم پەرەسەندنانە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێن. هەروەها ئایندە و پاشەڕۆژی ئۆكرانیا كاریگەری و دەرهاویشتەی دەبێت لەسەر ئاسایشی جیهانی- لێرەدا دووبارەی دەكەینەوە دەرهاویشتەی دیاریكراوی دەبێت لەسەر ئەوروپا-، چونكە ڕەنگدانەوە و بەرجەستەبوونی ئەم كاریگەرییە بەدی دەكەین لە ڕووی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز و كەمبوونەوەی خۆراك، كە كاریگەریی هەیە لەسەر وڵاتانی كیشوەری ئەفریقا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئۆكرانیا یەكێكە لە بەرهەمهێنەرە گەورەكانی گەنم لە جیهاندا. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە كورت بكەینەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمە شەڕێكە كە دەرهاویشتەكانی ڕەهەندی جیهانییان دەبێت و تەنیا و تەنیا دەبێتە هۆی زیادبوونی بارگرژییەكان لە ئایندەدا.
* دەوترێت كاتێك شەڕێك سەركەوتوو دەبێت، ئەوا كەم كەس باس لە هۆكارەكانی هەڵگیرسانی دەكات و كاتێكیش ئەو شەڕە بە ئامانجی خۆی ناگات و دووچاری شكست دەبێت، ئەوا سەرنجەكان چڕ دەبنەوە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو فاكتەرانەی سەریان كێشا بۆ بەرپابوونی، ئێوە لەم ڕووەوە چۆن لە هۆكارەكانی دروستبوونی ئەم شەڕە دەڕوانن؟
- لە ڕاستیدا و لە پەیوەندی بە پرسی ئاسایشی دەوڵەتەوە، ئەوا هەندێ جار وڵاتان ئەو كار و كردەوانەی دەیگرنەبەر لە بواری هێرشكردن و پەلامارداندا وا وێنای دەكەن، كە ئەمە تەنیا بەرگری لە خۆكردن و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكان و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانە. بە دڵنیاییەوە سەرۆك ڤلادمیر پوتین هەوڵی داوە ئەم جۆرە پاساوە بخاتەڕوو. هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە یاسای نێودەوڵەتیدا مافێكی ڕەوایە كە بەرگری لە خۆت بكەیت، هەروەها ئەمە لە نێو میساقی نەتەوە یەكگرتووەكاندا چەسپێندراوە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە كارێكی سوودبەخش دەبێت بۆ سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئەگەر بێت و وا وێنای هەنگاو و بڕیارەكانی بكات، كە بەرجەستەبوونی پاڵنەرەكانی پەیوەست بە بەرگریكردنن لە ئاسایشی وڵاتەكەی. لە هەمان كاتدا كارێكی لەم چەشنە- مەبەستم وێناكردنی دۆخەكە لەلایەن ڕووسیاوە وەك ئەوەی لە حاڵەتی بەرگریدا بێت- دەبێتە هۆی دروستبوونی تێڕوانین كە ئۆباڵ و بەرپرسیارێتی هەڵگیرسانی شەڕەكە و ڕوودانی ناكۆكییەكە بخاتە ئەستۆی ڕۆژئاوا بە گشتی و خودی ناتۆ بە تایبەتی. كە بە داخەوە خەڵكانێك هەن باوەڕ بەم جۆرە لێكدانەوەوە و پاساوهێنانەوەیە دەكەن، كە من پێم وایە لە تێڕوانینەكەیاندا بە هەڵەدا چوون. لەم گۆشەنیگایەوە ئەم كەسانەیە پێیان وایە وڵاتانی ڕۆژئاوا- بە حوكمی ئەوەی بەرپرسیارێتی بەرپابوونی شەڕەكەیان لە ئەستۆیە- دەتوانن دەرئەنجامەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و دەتوانن ڕێگری بكەن لە درێژەكێشان و تەشەنەكردنی شەڕەكە، بەڵام بە داخەوە ئەمە ئەو جیهانە نییە كە تێیدا دەژین، واتە بۆچوون و تێڕوانینی ئەوان زۆر جیاوازە لەو واقیعەی كە جیهانی تێدایە. چونكە ئەوەی لە لێدوان و قسەكانی خودی سەرۆكی ڕووسیا و كاربەدەستە باڵاكانی دیكەی ئەو وڵاتە بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە شەڕەكە تەنیا پەیوەست نییە بە ترس و نیگەرانییە ئەمنییە ڕاستەوخۆكانی ڕووسیاوە، چونكە پێشتریش ڕووسیا هەرێمی كریمیای داگیركرد و پشتیوانی لە سەربەخۆكانی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا دەكرد. كەواتە سەرۆك ڤلادمیر پوتین هۆكاری سیاسی و دیپلۆماسیی باشی هەیە بۆ ئەوەی كەیسەكەی خۆی وەك بەرگریكردن بخاتەڕوو و هەروەك ئاماژەم پێ دا جێی داخە كە هەندێ كەس لە ڕۆژئاوا باوەڕ بەم بانگەشەیەی دەكەن، چونكە ئەم بانگەشەیەی یەك ناگرێتەوە لەگەڵ لێدوان و بڕیار و هەنگاوەكانیدا، چونكە پوتین چەندین لێدوانی هەیە كە خواستی ئەوەی تێدا بەدی دەكرێت، دەیەوێت ئۆكرانیا لەسەر نەخشە بوونی نەمێنێت و، خۆی بە پیتەری مەزن دەشوبهێنێت و چەندین جار سەركردەكانی یەكێتیی سۆڤییەتی تۆمەتبار كردووە بەوەی خاكی ڕووسیایان فرۆشتووە، لەبەر ئەوەی سازشیان كردووە و دەستیان لە خاكی وڵاتەكە هەڵگرتووە، ئەوەشی دووپات كردووەتەوە كە ئۆكرانیا بەشێكی دانەبڕاوە لە ڕووسیا و خواست و ئامانجی ئەوەی هەیە كە ئۆكرانیا لە دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی نازییەتی ڕزگار بكات. هەموو ئەمانە یەك دەگرنەوە لەگەڵ ئامانجی دووبارە گەڕاندنەوەی ڕووسیای مەزن و هێنانەوە ئارای ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەت. لە ڕوانگەی هەموو ئەوانەی وتران، ئەوا ئەگەر بێت و دووچاری كێشە و بەرەنگاری و بەرهەڵستی نەبووایە لە ئۆكرانیا و ئەگەر بهاتایە ئامانجەكانی خۆی بپێكایە لەو وڵاتەدا لە داگیركردنی ئۆكرانیا و لە ڕووخاندنی دەسەڵاتەكەی، ئەوا هەنگاوی دواتر بەرەو مۆڵدۆڤا دەچوو و دەوری وڵاتانی بەڵتیكی دەدا و ئیستۆنیا و لاتڤیا و لیتوانیای لە ئەوروپا و ناتۆ دادەبڕی، چونكە ئەم وڵاتانە ئەندامی ناتۆن.
* ئاشكرایە كە بڕیاری داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ بنەڕەتیترین پرەنسیپی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەم ڕووانگەیەوە كە نابێت وڵاتێك ببێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر یەكپارچەیی و سەروەری وڵاتێكی دیكە، ئایا پێت وایە ئەم هەنگاوەی ڕووسیا چیمان پێ دەڵێت لە بارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە و ئایا ڕۆژگارێكی نوێی شەڕی سارد دروست بووە كە هێزە گەورەكان شەڕی بە وەكالەتی یەكتر بكەن؟
- من لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام كە گەیشتووینەتە خاڵی وەرچەرخان، چونكە لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد ئومێدی ئەوە هەبوو كە ئەگەری شەڕ لە ئارادا نەمێنێت و ئاشتی باڵی بەسەردا بكێشێت و تەنانەت كەسانێك هەبوون لە ڕۆژئاوا ئومێدی ئەوەیان دەكرد ڕووسیا هەنگاو بەرەو دیموكراسی هەڵبگرێت، بەڵام دواتر پەیوەندییەكانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕووسیادا كێشەی تێكەوت. لەم ڕووەوە مشتومڕی ئەوە دەكرێت كە ڕۆژئاوا بە ڕاددەیەكی دیاریكراو بەرپرسە لە هاتنەئارای ئەم هەلومەرجە، لێرەدا مەبەستمان لە خواست و ویستی ڕۆژئاوایە بۆ بەرفراوانكردنی ناتۆ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ناتۆ هیچ كاتێك هاوپەیمانێتییەك نەبووە بۆ هێرشكردن و تەنانەت بەرەنگاری زۆنی دەستڕۆیشتوویی یەكێتیی سۆڤیەتیش لە نێو ئەوروپای ڕۆژهەڵات نەبووەوە لە ڕابردوودا، بەڵكو هەمیشە وەك هاوپەیمانێتییەكی بەرگری كاری كردووە. دواتر ئامانجی ناتۆ تەنیا بەرگریكردن نییە لە دژی دەستدرێژیكاری بۆ سەر هەر ئەندامێكی، بەڵكو لە هەمان كاتدا ئامانجی هێنانەئارای پەیوەندییەكی پڕ لە ئاشتییانەیە لە نێو ئەندامەكانیدا. كەواتە لێرەدا من ئەو وەڵامەی پێشووم دووبارە دەكەمەوە، بانگەشەكانی ڕووسیا پتر پەیوەستن بە هەستی ڕووسیاوە بەوەی وەك پێویست پێگەیەكی بەهێزی پێ ڕەوا نەبیندراوە لە ئاستی نێودەوڵەتی و كەمتر پەیوەستن بە بوونی هەڕەشە و مەترسی و نیگەرانی ئەمنییەوە كە لە ڕوانگەی ڕووسیاوە سەرچاوەی گرتووە لە ڕۆژئاواوە لە ئاست ئەو وڵاتەدا.