(ئەرسەلان دەروێش) دوای نمایشكردنی شانۆگەریی (هاملێت) بە سەركەوتوویی: كورد دەڵێت چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت!

(ئەرسەلان دەروێش) دوای نمایشكردنی شانۆگەریی (هاملێت) بە سەركەوتوویی: كورد دەڵێت چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت!

هونەرمەندی پڕبەخششی بواری شانۆ و درامای كوردی مامۆستا (ئەرسەلان دەروێش) دوابەدوای نمایشكردنی شانۆگەریی هاملێت شاكارە مەزنەكەی (ولیام شەكسپیر) كە دەنگ و سەدایەكی یەكجار گەورەی هەبوو، توانی بینەری شانۆ و چەردەیەك لە شانۆكارانی كورد نەك بەتەنیا لە شاری هەولێر، بەڵكو لە شارەكانی دیكەی كوردستان كۆ بكاتەوەو، كارێكی سەركەوتووی پەیامداریان لە فۆرمێكی هونەریی بەرز و چێژبەخش پێشكەش بكات، لە دیمانەیەكی تایبەتدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی (گوڵان)ی دایەوە:

ئامادەكردنی/خەلیل بلەیی

(ئەرسەلان دەروێش) دوای نمایشكردنی شانۆگەریی (هاملێت) بە سەركەوتوویی: كورد دەڵێت چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت!

جەماوەری ئامادەبووی نمایشەكە لە ئاست پێشبینی و خواستەكانی ئێوەدا بوو؟
بێگومان، ئێمە هەمیشە بڕوامان بە هونەرپەروەری و پەرۆشیی جەماوەری شانۆدۆستی شاری هەولێری خۆشەویست و كوردستان هەیە، لە ساڵی 1995 ـەوە لە نمایشی شانۆگەریی (فەرهادو ئەزموونێكی نوێ) كە لە هۆڵی شانۆی (گەل)پێشكەشمان كرد و، بەدرێژایی ساڵەكانی دواتر كە 28 شانۆگەریم لە هەولێری پایتەخت نمایش كردووە، كورسیی بەتاڵم لە نمایشەكانماندا بەرچاو نەكەوتووە، ساڵی 1997 ئەو كاتەی كە بۆنی بارووت و رەنگی خوێن و شەڕی نەگریسی خۆكوژی و براكوژی ئاسمانی كوردستانی سیخناخ كردبوو، بە هەوڵێكی دەستەجەمعی لەگەڵ شانۆكارانی دێرین و بەشێك لە مامۆستا و قوتابیانی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر، شانۆگەریی (بەرەوخۆر) مان بۆ ماوەی دوو هەفتە و بە فرۆشتنی (بلیت) پێشكەش كرد، كە گوڕ و تین و برەوی بە رەوتی بزاڤە شانۆییەكمان بەخشی و، تادوارۆژی نمایشیش بینەرە ئازیزەكانی ئەم شارە نەك هەر كورسییەكانی بەڵكو رێڕەوەكانی هۆڵی (گەل)یشیان پڕ كردبووەوە، خۆشبەختانە ئەو ئەرشیفە تۆماركراوە و، تەنانەت مێزگردی تەلەفزیۆنیشی لەبارەوە هەیە، من پێم وایە هەركاتێك هونەر توانی نزیك و وابەستە بێت بە پرسەكانی كۆمەڵگەكەی و تاكەكانیەوە و، لە فۆرم و بۆتەیەكی چێژبەخشی ستاتیكیدا خۆی پێشكەش كرد، ئەوە مەحاڵە قەیران و تەنگەژەی نەبوونی وەرگر و جەماوەر بێتە ئاراوە، بۆیە ئێمە هەوڵمانداوە هیچ كۆسپ و لەمپەرێك رامان نەگرێت لە بەئەنجامگەیاندنی پەیام و بەركەوتنی بەردەواممان لە گەڵ جەماوەر دا، لە هەموو ساتە وەختەكاندا كارەكانی خۆمان پێشكەش كردووە، بەنموونە لە كاتی شەڕی هێزە تاریكپەرستەكەی (داعش)دا خۆبەخشانە و لەسەر گیرفانی خۆمان و بەهەوڵی كۆمەڵێك شانۆكار و هونەرمەند (هیوا سوعاد) بەڕێوەبەری هونەریی شانۆی هەولێر، كەهۆڵ و كەلوپەلی رووناكیی خستە بەردەستمان، شانۆگەریی (گەمە)ی نووسەری ئێرانی (عەباس یەعقوبی)مان نمایش كرد، هەروەها لەم سێ چوار ساڵەی دواییدا كە پرسی (پەتای كۆرۆنا) و نەبوونی هۆڵی شیاو و سستیی جموجوڵی شانۆیی و وەستانی فیستیڤاڵە شانۆییەكان و كەم بوونەوەی كاری شانۆیی لە شارەكەماندا بێ ئومێدیی هێنایە گۆڕێ، ئێمە رانەوەستاین و چەندین شانۆیی وەك (دوژمنی گەل)ی هنریك ئەبسن و (پاسەوان)ی د.دڵشاد مستەفاو ئەوەتا (هاملێت)ی ولیام شەكسپیر یشمان نمایش كرد.

(ئەرسەلان دەروێش) دوای نمایشكردنی شانۆگەریی (هاملێت) بە سەركەوتوویی: كورد دەڵێت چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت!

ئێوە بە دامەزراندنی ئەم تیپە زانكۆییە تاقانەیە لەسەر ئاستی كوردستان (تیپی شانۆی ئەكادیمی جیهان) هەنگاوێكی گەورە و بوێرانەتان نا، بەتایبەتی كە نۆبەرەی بەرهەمەكانتان شاكارێی لە ئاست (هاملێت)بوو، ئەو دەقە جیهانییەی لەماوەی 100 ساڵی بزاڤی شانۆ لە شاری هەولێردا پێشكەش نەكراوە، لەم بارەیەوە پەیامتان چییە؟
كورد دەڵێت چەپڵە بەیەك دەست لێ نادرێت!، بێگومان چ دامەزارندنی ئەم تیپە و چ نمایشكردنی (هاملێت)، بەبێ كاری دەستە جەمعیی هاوڕێكانم و كۆمەك وپشتیوانیی (دەزگای رۆشنبیریی زانكۆكانی جیهان) و پێشوازیی ناوەندەكە و جەماوەرە شانۆ دۆستەكەمان سەرنەدەكەوت و نەدەهاتە دی، بۆیە من سوپاسی یەكە بەیەكەیان دەكەم، هەرچۆن ئەركی بەرهەمهێنانی ئەم نمایشە لەلایەن ئەندازیار (بورهان سابیر) و دەزگا رۆشنبیرییەكەی زانكۆكانی جیهان بووە بنچینەی پرۆژەكەمان.

(ئەرسەلان دەروێش) دوای نمایشكردنی شانۆگەریی (هاملێت) بە سەركەوتوویی: كورد دەڵێت چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت!

تا چەند لە نواندنی ئەكتەرەكان رازی بوویت؟
چاویان ماچ دەكەم و سوپاسیان دەكەم، زۆر ماندوو بوون و تەواوی هەوڵی خۆیان دا لە بەرجەستەكردنی كارەكتەرەكانیان، بەو شێوە بەرزەی ئێوە و جەماوەر بینیتان، بێگومان پانتایی رۆڵەكان جیاوازە لە هەر شانۆگەرییەكدا، لەگەڵ ئەوەشدا درەوشانەوەی توانای ئەفراندی بەشداران بەرچاو بوو، هیوای بەردەوامی و كاری زۆر جوانتر و داهێنەرانەیان بۆ دەخوازم، ئەوان هەموویان لە دەرهێنەرەكەیان گەنجتر و پڕ وزەی هونەریی جوانن، ئێستا و ئایندە بۆ تواناكانی ئەوانە، دەبێت ئەوەشم بیر نەچێت سوپاسی ستافی هونەریی ئەم بەرهەمە بكەم كە یەكجار زۆر ماندووبوون و زەمینەو فەزای ستەیجیان بۆ بەخششی ئێمەو ئەكتەرەكان واڵا كرد.

(ئەرسەلان دەروێش) دوای نمایشكردنی شانۆگەریی (هاملێت) بە سەركەوتوویی: كورد دەڵێت چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت!

دامەزراوە حكومییەكانی بواری هونەری چ رۆڵێكیان هەبوو لە (هاملێت)دا؟
لە راستیدا دامەزراوە هونەرییەكانی هەولێری پایتەخت لە ئێستادا بێ بودجەو پشتیوانن، هەمووان دەزانن چەند ساڵە دەرگای تیپی شانۆییەكان داخراوە و كۆمەكیان لێ بڕاوە، فیستیڤاڵەكان راوەستاون و بودجەكانیان بۆ سەرف ناكرێت، توانای بەرهەمهێنانی نمایشی شانۆیی نییە و هەموو جموجووڵێكی لەم جۆرە بێ پشتیوانە، بۆیە زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر و (ب. چالاكی قوتابخانەكان) دەكەم كە هۆڵەكیان بۆ ماوەی 45 رۆژ بە بێ بەرانبەر و بە ماندووبوونی ستافەكەیانەوە بۆ تەرخان كردین، هەروەها پشتیوانیی مەعنەویی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی هەولێر و مۆڵەتپێدان و هاندانمان و چەپكە گوڵەكانیان و لەگەڵ سەندیكای هونەرمەندان –لقی هەولێر و ئازیزانی دیكەمان مایەی پێزانینمانە، هەرچۆن ئامادەبوونی هونەرمەندان و میدیاكان لە شار و دەڤەرە جیاكانی كوردستان، سەرەڕای بینەرانی خۆمان لە شاری هەولێر، بۆ ئێمە گەورەترین دڵخۆشییە و مایەی هاندانی زیاترە.

دوای هاملێت چی، بەتەمای كاری نوێ نین؟
دوو رۆژە سەرقاڵی پێداچوونەوەی دیكۆپاجی زنجیرە درامایەكی نوێم، كە ماوەیەكە لەگەڵ برای سینارێست و هونەرمەند (عەباس عەبدولڕزاق) بیرۆكەكەیمان داڕشتووە و بەرێزیان چیرۆكەكەی نووسیوە، زنجیرە دراماكە بە ناونیشانی ((خەڵوەتگەی پیری))یە، وا بڕیارە دەستەیەكی ناودار و بەتوانا لە ئەكتەرە بەئەزموون و گەنجەكانی كوردستان رۆڵی تیادا بگێڕن.

(ئەرسەلان دەروێش) دوای نمایشكردنی شانۆگەریی (هاملێت) بە سەركەوتوویی: كورد دەڵێت چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت!
(ئەرسەلان دەروێش) دوای نمایشكردنی شانۆگەریی (هاملێت) بە سەركەوتوویی: كورد دەڵێت چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت!
Top