شەمس: كەسانی دڵ پڕ لە قین زۆرن

شەمس: كەسانی دڵ پڕ لە قین زۆرن

شەمسی كوێتی یەكێكە لەو گۆرانیبێژە عەرەبانەی بەوە ناسراوە كە هەمیشە مشتومڕی زۆر لە ناوەندە هونەرییەكان و لە نێو كۆمەڵگای كوێتیدا، بەتایبەتی و عەرەبی بە گشتی دەنێتەوە، جا بە جلوبەرگە ورووژێنەرەكانی بێت، یان بە لێدوانەكانی كە دەگاتە ئاستێك كەسانێك داوای كوشتنی بكەن.
شەمس بە هۆی ئەم هەڵوێستانەی دوچاری رەخنەی زۆر بووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی كە بە دەیان جار هەواڵی سەیر دژی بڵاودەكەنەوە، لەم بارەوە شەمس دەڵێت: «من بە ئازادی لە دایكبووم و بە ئازادییش دەژیم، بۆیە هەر چییەك بڕوام پێی هەبێت، گوێ بە كەس نادەم و ئەنجامی دەدەم، و هەر شتێكیش پێویست بكات قسەی دەربارەی بكەم بە هەمان شێوە دەری دەبڕم، ئەم قسانەی من دەبنە هۆی تووڕەبوونی كەسانێكی دواكەوتوو و جێماوەكان لە ژیان».
شەمس دەربارەی پڕوپاگەندەكانیش دەڵێت: «ئەم كەسە دۆڕاو و ئاست نزمانە چونكە دڵیان پڕ لە قینە و هەست دەكەن لە پێشكەوتن جێماون، هەڵدەستن پڕوپاگەندەی نا درووست و ناڕەوا دژی كەسانی وەك من بڵاو دەكەنەوە لە نێو كۆمەڵگەدا، بەڵام با دڵنیا بن هەر خۆیان سووك و ریسوا دەبن و بۆ دواوە دەگەڕێنەوە، چونكە من هەرچییەكم هەبێت، بە ئاشكرا دەیڵێم، لە هەمان كاتدا هەرچیم بوێت و قەناعەتم پێی هەبێت، بێ ترس و دڵەڕاوكێ ئەنجامی دەدەم، ئەوانیش با بۆ خۆیان بەردەوام بن لە پڕوپاگەندە بێ بنەماكانیان».

Top