سەعد لمجەرەد نەیتوانی لە بەغدا كۆنسێرتەكەی سازبكات

سەعد لمجەرەد نەیتوانی لە بەغدا كۆنسێرتەكەی سازبكات

بۆچی سەعد لمجەرەد نەیتوانی لەسەر هەمان ئەو ستەیجەی شاری بەغدا بوەستێت كە ئەلیسا گۆرانی لێ پێشكەش كرد؟

بڕیاربوو گۆرانیبێژی مەغریبی(سەعد لمجەرەد) كۆنسێرتێكی گۆرانی لە شاری بەغدا ساز بكات, بەڵام لە ئەنجامدا ژمارەیەكی كەس هەڵیانكوتایە شوێنی كۆنسێرتەكەو دەستیان كرد بە تێكدان و شكاندن كە لە نێویاندا مامۆستای ئاینی هەبوو, بەم هۆیەوە هێزی پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕووداوەكەو كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكەیان كرد .

بەپێی چەند سەرچاوەیەك ئەوانەی كە هەستان بە تێكدانی ئەم ئاهەنگە كەسانی توندڕەو بوون و هونەرییان پێ قبوڵ نییە .

هەر لە دوای ئەم ڕووداوە بەڕێوەبەری كارەكانی سەعد لمجەرەد ئاماژەی پێدا كە ناتوانن لە شاری بەغدا كۆنسێرتەكە ئەنجام بدەن تاوەكو هیچ كێشەیەك ڕوونەدات و ژیانی هەمووان پارێزراو بێت .

ئەگەرچی هەموو پلیتەكانی چوونە ژوورەوە بۆ كۆنسێرتەكە فرۆشران,بەڵام كۆمپانیا و لایەنی جێبەجێكار كۆنسێرتەكەی هەڵوەشاندەوەو ئامادەیی خۆی نیشاندا تاوەكو سەرجەم پارەی پلیتەكان بگەڕێنێتەوە .

ئەم ڕووداوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەیەكی زۆری بە دوای خۆیدا هێناو بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیا بە چەندین هاشتاگ و درووشم دژی كۆنسێرتەكە وەستانەوە, لەساڵی 2020 هەمان ئەم ڕووداوە ڕوویدا كاتێك سەعد لمجەرەد بە نیاز بوو لە قاهیرەی وڵاتی میسر كۆنسێرتێكی گۆرانی ساز بكات, بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەو میدیا عەرەبییەكان هۆكاری قبووڵ نەكردنی ئەم گۆرانیبێژەو هەڵوەشاندنەوەی كۆنسێرتەكانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەكەی ساڵی 2016 كە لە وڵاتی فەرەنسا بە تۆمەتی لێدان و دەستدرێژی سێكسی بۆ ماوەی 6مانگ دەستگیر كرا .

هەروەها هەندێك لە ڕۆژنامەنووسان و كەسایەتی نێو سۆشیال میدیا وەهای بۆ دەچن كە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم كۆنسێرتەی شاری بەغدا تەنها پەیوەندی بە شوێن و گرێبەستەكانەوە هەیەو لایەنەكانی دیكە ڕازی نیین لە سندباد لاند ئاهەنگ و چالاكی هونەری سازبكرێت, بەتایبەت كۆنسێرتی سەعد لەمجەرد كە هەواداری زۆرەو داهاتی زۆر بۆ شوێنەكە دەهێنێت, هاوكات باسیان لەوەشكرد كە لە بەغدا چەندین شوێن هەن ئاهەنگی لێ سازدەكرێت و خواردنەوە كحولییەكانیشی لێ بەكار دەهێندرێت .

ئاسۆ كاكەیی

Top