عەزیزی شارۆخی بارانی نۆتەی كۆك
ئامانج غازی
هەركاتێ باس و خواس لە فەرهەنگی دەنگە رەسەنەكان بكەین، دەبێ لەو حاڵەتەوە پەرە بە بابەتەكە بدەین كە تاچەند ئەو دەنگە كاریگەریی بەسەر بوارەكانی دیكەی ژیان و ژیاریی كوردەواریيەوە هەیەو، لە لایەنی چڕین و (ئەدا)ی هونەرییشەوە كێن ئەوانەی لاسایی و كاریگەریی ئەو دەنگەیان هەمیشە بەسەر رەوتی بیركردنەوەو گوتن و چڕینەكانیانەوە هەیە.
بۆیە دەنگی زوڵاڵ هەموو كات چ وەكو میلۆدییەكی تەنیا، یان وەكو دەنگێگ بە یاوەریی كۆمەڵێ ئامێری موزیك، هەمان كاریگەری و داهێنان و نەسرەوتنی هونەری لێ دەبارێت، لە رۆژهەڵاتی كوردستان دوای چریكەی بولبولئاسای سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، بەدەگمەن دەنگێگ هەڵكەوتووە بتوانێت خۆی لە قەرەی چینە دەنگی (Tinor) بدات!!
شارۆخی هونەرمەند هەر لە سەرەتای ژیانییەوە، ئەگەرچی فرچكی هونەریی بە دەنگە رەسەنەكانی (حەسەنی جزیری و عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و خاڵە سێوە) گرتووە، وەلێ لە قوتابخانەی (سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی) جیهانێك لە ئەزموونی گەورەی بەدەست هێناوە، لە ئەداكردن و گوتندا هەمیشە لە دەنگی دووەمی ئۆكتافی (دۆ)وە گۆرانیی دەچرێت، بە واتایەكی دی لە چینە دەنگی دەستپێكدا یەك ئۆكتاف زۆر بە ئاسانی ئەدا دەكات و، دەتوانم بڵێم ئێستا بەتواناترین دەنگی تینۆری یەكەمە لە سەرتاسەری كوردستان، وەلێ ئەم دەنگە گەر بهاتایە و لەرینەوەی هونەری Trillی لەگەڵدا بووایە، ئەوا جۆش و خرۆشێكی دیكەی دەبەخشییە كارەكان و، شارۆخی هونەرمەندیش لە سەرەتای ژیانی هونەریدا وەكو هونەرمەندانی باشووری كوردستان، بەدەست كەمی و نەبوونی ژەنیاری كوردییەوە ناڵاندوویەتی، هەمیشە ویستویەتی لە كانیاو و گەنجینەی لەبننەهاتووی كەلەپووری كوردیدا بەرهەمەكانی هەڵێنجێ و، بیكاتە دیاری بۆ هەوادارانی خۆی، پانتایی مێژوویی و جوگرافیی گۆرانی كوردی ئەمڕۆ زێتر پێویستی بە لێكۆڵینەوەو گەڕانی مەیدانی هەیە، بەواتایەكی دی، گرێدانی كۆنگرەیەك كە زۆر مەسەلەی هەلێساو هەن زەروورەتێكی زۆر گرنگە تا كەفوكوڵی هونەرمەندان دابمركێتەوەو، دووبارە بابەتە گرنكەكانی گۆرانیی كەلەپووری كوردی بەهاوچەرخێتی و ئەزموونی نەوە و پێشەنگەكانی هونەری ببەستێتەوە.
ئەوەی كە زۆر شت بەیەكەوە گرێ دەدات، تەنیا و تەنیا هونەرە، هونەرێك كە بتوانێ ببێتە بەدیلی زمان و، بتوانێ رەوشی میللەتێك بەرەو كاروانی نەمری ببات.
با هەنگاوەكانی ئەمڕۆ لەسەرخۆ بن، چونكە گرنگ ئەوەیە بنەماو كۆڵەگەو بناغەو داڕشتنەكانمان پتەو و كوردییانە بن!