سەمای زۆربا و ئەنتۆنی كوین

حەیدەر عەبدولڕەحمان
ڕۆمانی زۆربای یۆنانی كە لەلایەن ڕۆماننووسی ناسراوی جیهانی نیكۆلای كانتزاكیس نووسراوەتەوە، ئەكتەری ناسراو (ئەنتۆن كوین) ڕۆڵی پاڵەوانیەتی تێدا بینیوە.
چیرۆكی ڕۆمانەكە باس لە سەربوردەی نووسەرێك دەكات بەناوی باسیل ـ دەوری بەكتێب و ڕۆمان و هونەرو فەلسەفە تەنراوە، لەگەڵ پیاوێكی نەخوێندەوار بەیەك دەگەن كە هەموو عیبرەت و حیكمەتەكانی لە ئەزموونی ژیان وەرگرتووە.

ڕێكەوتەكە وا دروست دەبێت كە ئەو نووسەرو ڕۆشنبیرە گەورەیە، ببێت بەهاودۆستی ئەو پیاوە نەخوێندەوارە، لەوێشەوە زۆر لە فەلسەفە و كولتوورە كۆمەڵایەتییەكان فێر بێت و ئەو فێر بوونەش وای لێ بكات كە تێڕوانینی بەرامبەر بە زۆر لە نهێنییەكانی ژیان بگۆڕێت، بۆیە (زۆربا) بە برادەرە ڕۆشنبیرەكەی دەڵێ: هەموو شتێ لە كتێبەكانت دا نادۆزیتەوە، چونكە كتێبەكانت وەڵامی زۆر لە پرسیارەكانمان نادەنەوە، بەڵكو ئەوە ژیانە دەبێتە قوتابخانەیەك بۆ هەموومان، تا بتوانین حیكمەت و عیبرەتەكانی لێ فێر بین.
سەمای (زۆربا) كە فیلمی زۆربای لێ وەرگیراوە، سەمایێكی فۆلكلۆرییە، بە ڕەسەن یۆنانییە، سەماكە لە ئەدادا پشت بە موزیكی زۆربا دەبەستێت، كە لەلایەن (میكستیودۆراكس) داندراوە، بەتایبەت بۆ فیلمی زۆربا داندراوە.

دوای بەكارهێنانی موزیكەكە لەو فیلمەدا، موزیكەكە بوو بە موزیكێكی جیهانی و جیگەی شانازی یۆنانییەكان، هەمان پارچە موزیك لە چەندین فیلم و زنجیرە موزیكێكی تر بەكار هاتووە.
ئەم فیلمە فیلمێكی ئەمریكی ـــ یۆنانی هاوبەشەو ساڵی1964 بەرهەم هاتووە، چیرۆكی فیلمەكەش چیرۆكێكی ڕاستەقینەیە، كاتی خۆی (نیكولاس) لە یەكێ لە گەشتەكانیدا ئەو كەسایەتیەی (زۆربا) دەبینێ و سەربوردەكانی لە دەمی خۆیەوە دەبیستێ و دەیكات بەو ڕۆمانە ناودارەی كە هەموو دنیای تەنییەوە و بەچەندین زمانی جیهانیی وەرگێڕدراو كرا بە فیلم. نیكۆلاس زۆر بە قوڵی لە كاراكتەری زۆربا قوڵ بۆتەوە، بە شێوەیەك بینەر وا هەست بكات كە ئەو بنیادەمەی خوا یەكێكە لە سەرنجڕاكێشترین بنیادەمەكانی.

یەكێك لە خەسڵەتە هەرە جوانەكانی ئەو كەسایەتییەش ئەو خۆشەویستییە گەورەیەیە كە ئەو كاراكتەرە هەیەتی بۆ ژیان، بەڕووە جۆراو جۆرەكانییەوە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە كە خەمەكان لەبیر خۆی بەریتەوە و لە قوڵایی ئەو خەمانەدا هەوڵی ئەوە دەدات كە بەختەوەری بۆ خۆی دروست بكات .
بۆیە هەمیشە پەنا بۆ ئەو سەمایە دەبات كە نغرۆی ناوچركە پڕ لە ئاسوودەییەكانی خۆی دەكات، كە بە سەمای(زۆربا) ناسراوە.
دەرهێنەری ناسراوی ئەمریكی (مایكل كاكۆیانیس) لە شەستەكانی سەدەی ڕابووردوودا، زۆر بەو ڕۆمانە سەرسام دەبێت، ڕۆمانەكە دەكاتە فیلم، كە تێیدا (ئەنتۆنی كوین) و (ئەبرین باباس) ڕۆڵیان تیادا بینیووە، موزیكەكەشی لە لایەن موزیكژەنی ناسراوی یۆنانی(میكس تیۆدۆراكس) داندراوە.

ساڵی 1988 بالێیەكی بەناوی (ئەلكسیس زۆربا) داناوە، كە بۆ یەكەمجار لە ئیتاڵیا نمایش كراوە و موزیكەكە بۆتە موزیكێكی جیهانی و ڕیتمێكی سەمایی مۆدێرنی هەیە كە لە ڕووی دەروونییەوە سروشێكی نادیارت پێ دەبەخشێ كە تێیدا هەست بە زیندوو بوونەوەی ژیان بكەیت، فیلمەكە لە دورگەی (كریت )ی یۆنانی وێنەگیراوە، دیمەنە سەركییەكەش لە نیمچە دورگەی (ئەكرۆتیری) تۆمار كراوە،كە دیمەنی سەمای زۆربایە و كاریگەرترین دیمەنی فیلمەكەیە، دەرهێنەركە دەربارەی هەڵبژاردنی دورگەی كریت بۆ فیلمەكەی دەڵێت: من لە هەڵبژاردنی ئەو دورگەیە بۆ وێنەگرتن ویستم بگەڕێمەوە سەر ڕەچەڵەكی چیرۆكی فیلمەكەم و بەسەرهاتە ڕاستەقینەكانی زۆربا.
لە هەمان كاتیشدا دورگەی كریت زۆر دورگەیەكی سەرنجراكێشەو دیمەنی ئێجگار جوانی تێدایە كە لەگەڵ ڕووداوەكانی فیلمەكەم هاوكوفە .

ئەنتۆنی كوین_لە زۆر دیمانەدا و لە نێوان هەموو ئەوشاكارە سینەماییانەی لە سینەمادا ئەنجامی داوە لە زۆر بۆنەدا ئاماژەی بەفیلمی زۆربا داوە و بەلای ئەوەوە ئەو لەو فیلمەدا چێژێكی تایبەتی وەرگرتووە و پێی وابووە ستایلی ئەو فیلمە بۆ ئەو تایبەت بووەو خۆشی وەك ئەكتەر زۆر چێژی لە كاراكتەرەكەی خۆی بینیوە كە ڕۆحێكی نوێی بە(ئەنتۆنی كوین)ی مرۆڤ بەخشیوە.
بۆیە ئەنتۆنی كوین لە ناو هەوادارانی خۆشیدا هەمیشە پەنجەی شانازی بۆ درێژ دەكرێت بۆ ئەو ئەدا جوانەی لەو فیلمەدا بەتایبەت لە ئەدای سەمای زۆربادا بەدەستی هێنا، بۆیە لە تەمەنی 85 ساڵیدا و لە ئاهەنگێكی تایبەتیدا لە مەكسیك جارێكی دیكە ئەنتۆنی كوین ئەو سەمایەی لەسەر شانۆدا پێشكەش بەهەوادارانی خۆی كرد و هەموو هۆڵەكەی هێنایە سەما.
بۆیە لە زۆر كاتدا كە بیویستایە خۆی پێناسە بكات دەیگوت من زۆربام ..
لەبەر ئەوەی زۆربا ئەو فیلمە بوو كە (ئەنتۆنی كوین)كەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆی تێدا دەدۆزییەوە و دەیزانی ئەوفیلمە نەمرییەكی پێ دەبەخشێت .
خەڵكانێكی زۆریش وا مەزەندەیان دەكرد كە ئەنتۆنی كوین یۆنانییە ..