میریام شێوازی كارەكانی دەگۆڕێت

میریام شێوازی كارەكانی دەگۆڕێت

لە میانەی بەرنامەیەكی تەلەفویۆنیدا خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی (میریام فارس ) ئاشكرای كرد كە بڕیاری داوە چیتر لە ئاهەنگی ئاساییدا گۆرانی نەڵێت و تەنیا لە ئاهەنگی كەسایەتییە سیاسی و گەورە و بەرپرسانی وڵاتاندا بەشداری دەكات، ئەمەش یەكەم جارە میریام بەو شێوە و بە راشكاوانە ئەو بابەتە بخاتە ڕوو.
میریام لەم بارەوە دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ بەڕێوەبەری كارەكانی رێككەوتوون كرێی بەشداریكردنی لە ئاهەنگەكاندا دوو هێندە زیاد بكات، چونكە بە هۆی ئەوەی كرێیەكەی كەم بوو، ناچار بوو لە هەفتەیەكدا زیاتر لە چوار ئاهەنگ ساز بكات و زۆر جار شوێنەكانیشیان لە یەكتری دوور بوون.
خانمە گۆرانیبێژە لوبنانییەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە ئێستادا بەهۆی زۆریی كرێیەكەیەوە تەنیا خانەوادە زۆر دەوڵەمەندەكان دەتوانن بۆ ئاهەنگە تایبەتییەكان گرێبەستی لەگەڵ بكەن، بۆیە ئەویش تەنیا بۆ كەسانی زۆر دەوڵەمەند ئاهەنگ ساز دەكات و هەرچەندە ژمارەی ئاهەنگەكانی كەم بووەتەوە، بەڵام كرێی زۆر زیادی كردووە، ئەمەش لە زۆر رووەوە سوودی پێ گەیاندووە.
هەرچەندە زۆر كەس دەستخۆشییان لە میریام كرد بۆ ئەو راستگۆییەی، بەڵام رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆریش بووەوە.

Top