کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای ئەمەریکا لەلایەن ڕووسیاوە سزایان بەسەردا سەپێنرا
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند كە مۆسکۆ سزای تایبەتی بەسەر (60) بەرپرسی ئەمەریکادا سەپاندووە، ئەو سزایانەش هەر یەك لە وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا جانێت یەڵین و وەزیری وزەی ئەمەریکا جێنیفەر گرانهۆڵم و بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی بەرگری و ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا دەگرێتەوە.
بەرپرسەكەی وەزارەتی ناوبراو ئاماژەشی بەوە كرد كە یەکێک لە سزاکان ئەوەیە ڕێگەیان پێ نادرێت بێنە ناو ڕووسیاوە، ڕوونیشی كردەوە كە بڕیارەکەی مۆسکۆ وەکو تۆڵەسەندنەوەیەکە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا بەردەوامە لە فراوانکردنی سزاکانی دژ بە کەسایەتییە سیاسیی و گشتیی خاوەنکارە ناوخۆییەکانی ڕووسیادا.
بە گوتەی ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا، جگە لەم ناوانەی سەرەوە ئەمانەش سزاكان دەیانگرێتەوە: نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا کاسرین تای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دێڵتا ئێر لاینس ئێدوارد باستیان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی شالاندا یەنگ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی سزاکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەیمس ئۆبڕاین، سەرۆکی بۆڕسەی نیویۆرک جێفری سپریچەر و سەرۆکی گروپی فیچ و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپەکە پۆڵ تایلەر.
گوڵان- بەهادین جەلال