هێڤی موراد:هونەرمەندانی كورد پشتگوێ خراون و پاشەڕۆژیان لە هونەردا روون نییە

هێڤی موراد:هونەرمەندانی كورد پشتگوێ خراون و پاشەڕۆژیان لە هونەردا روون نییە

هێڤی مورادی خانمە گۆرانیبێژی رۆژئاوای كوردستان، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (گوڵان) باس لە چەند پرسێكی تایبەت بە كارە هونەرییەكانی و هۆكاری دووركەوتنەوەی لە هونەردا دەكات و، وەك خۆی دەڵێت پێویستە هونەرمەند هەموو كارەكان لەسەر ئەركی خۆی ئەنجام بدات، بۆ هونەرمەندانی رۆژئاوا كە ئێستا لە سەرەتای دەستپێكردنی ژیانێكی نوێن، زۆر زەحمەتترە، بەڵام سەرەڕای ئەم ئاستەنگانەش هەر بەردەوام دەبن.

هێڤی موراد:هونەرمەندانی كورد پشتگوێ خراون و پاشەڕۆژیان لە هونەردا روون نییە

* بۆچی ماوەیەكە بێدەنگیت؟
- بە گشتی كاری هونەری لە ئەوروپا زۆر سەختە، بەتایبەتی بۆ ئافرەتان، من سەرقاڵی ژیانی خۆمم و پابەندبوونی خێزانیشم هەیە، لە لایەكی دیكەوە من هەمیشە گرفتم هەیە لە هەڵبژاردنی شاعیر و ئاوازدانەردا، كە دەمەوێ كارەكانییان بە دڵی من بێت.
* كاری هونەری لە ئەوروپا چۆنە؟
- وا بزانم كاری هونەری بۆ هەموو هونەرمەندانی كورد لە ئەوروپا زۆر زەحمەتە، پێویستە هونەرمەند هەموو كارەكان لەسەر ئەرك و ئەستۆی خۆی ئەنجام بدات، بۆ هونەرمەندانی رۆژئاواش كە ئێستا روویان لە ئەوروپا كردووە، زۆر زەحمەتترە، چونكە لە سەرەتای دەستپێكردنی ژیانێكی نوێ دان، بۆ منیش كە چەند ساڵێكە لە ئەوروپام، سەرەتا هەمان شت بوو، بەڵام سەرەڕای ئەم ئاستەنگانەش ئێمە هەر بەردەوام دەبین و بە نیازم چەندین كاری جوانتر بكەم بە دیاری بۆ جەماوەرەكەم.
* ئەی بۆ تۆ وەك هێڤی چۆنە؟
- ژیان بە شێوەیەكی گشتی لە ئەوروپا زۆر سەختە، پێویستە كاتی خۆت بە شێوەیەیك تەرخان بكەیت، كە كاریگەریی لەسەر ژیانت نەكات، من نەمتوانی لە یەك كاتدا هونەرمەند و دایك بم و بخوێنم و فێرە زمانیش بم، بۆیە ناچار بووم ماوەیەك قوربانی بە هونەر بدەم و لێی دوور بكەومەوە.
* ئایا ئافرەتانی توانیویانە وەك پێویست بێنە نێو بواری هونەرییەوە؟
- ئافرەتانی كورد ئێستا وجوودیان هەیە لە بواری گۆرانی و موزیكدا، ئەمەش لە هەموو جیهاندا هەیە، بە گشتی هەوڵێكی باشە و هیوادارم بەردەوام بن و رۆڵیان هەبێت لە پێشخستنی هونەری كوردیدا.
* تا چەند سوودت لە فۆلكلۆر وەرگرتووە؟
- پێم وایە من لە هەموو هونەرمەندانی دیكە زیاتر گوێ لە فۆلكلۆر دەگرم و سوودی لێ وەردەگرم.
* زیاتر گوێ لە دەنگی چ هونەرمەندێك دەگریت؟
- وەك گوتم، بە شێوەیەكی گشتی زۆر گوێ لە فۆلكلۆر دەگرم، بەڵام وەك هونەرمەندێكی رۆژئاوا، نەمر (محەمەد شێخۆ) زۆر كاریگەریی بەسەرمەوە هەبووە، هەروەها گوێ لە گۆرانییەكانی شەیداش دەگرم، بەتایبەتی لە سەرەتای كاری هونەریمدا.
* سەباح حاجۆ چ كاریگەرییەكی لەسەر ژیانت هەبووە؟
- سەباح هەمیشە لەسەرەتاوە هانی داوم، لە هەر كارێكی هونەریمدا راوێژی پێ دەكەم، ئەو هەمیشە كار دەكات و بەردەوامە، منیش هاوكاریی دەكەم، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ژیانی رۆژانەمانەوە هەیە، وەك بەرپرسیارێتی لە بەڕێوەبردنی كاروباری ماڵ و منداڵ و خوێندنیان، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بتوانێت كاتی خۆی زیاتر بۆ كارە هونەرییەكانمان تەرخان بكات، لە بواری هونەریشدا كەسێكە زۆر لە هونەر دەگات و، دەزانێت من پێویستم بە چی هەیە و هاوكاریم دەكات.
* پێتوایە هونەری كوردی پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان؟
- لە ئێستادا من هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاو نابینم، زۆر جار دەبینین گۆرانییەك، یان بەرهەمێك كە خۆی لە خۆیدا گۆرانییەكی كۆنە و نوێ كراوەتەوە، بۆ ماوەیەك سەركەوتوو دەبێت، من نازانم هۆكاری ئەم بارودۆخە چییە، بەڵام هونەرمەندانی كورد پشتگوێ خراون و، لە بواری هونەریدا پاشەڕۆژێكی دیاریان نییە.
* پێت وایە زیاتر لە چ بوارێكدا سەركەوتوو دەبینیت؟
- هونەر پێویستە هەموو جۆرێك لە خۆ بگرێت، وەك ستایلی رۆژئاوایی، فۆلكلۆر، گۆرانی هێمن و گۆرانیی هەڵپەڕكێ و خێرا، من زیاتر لە ستایلی هێمندا خۆم دەبینمەوە و، هەست دەكەم تێیدا سەركەوتووم و حەزی لێ دەكەم، بۆیە ئەم ستایلەم هەڵبژاردووە.
* تا چەند سوود لە سۆشیال میدیا دەبینیت؟
- ئێستا سۆشیال میدیا رۆڵێكی گرنگی لە ژیانی هەموو كەسێكدا هەیە، بۆ هونەرمەندیش گرنگییەكەی زیاترە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت لەگەڵ هەودارانی و بڵاوكردنەوەی كار و چالاكی و بەرهەمەكانیان، وەك پێشتر گوتم ماوەیەك سەرقاڵی چەند كارێك بووم، بۆیە وەك پێویست لە سۆشیال میدیاش دووركەوتبوومەوە.

Top