دكتۆر عەزیز گەردی كۆچی دوایی كرد

دكتۆر عەزیز گەردی كۆچی دوایی كرد

مامۆستا و نووسەری دیاری كورد دكتۆر (عەزیز گەردی) كە بەهۆی تێكچوونی باری تەندرووستیی بۆ ماوەی 5 ڕۆژ لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشكان مایەوە,بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە بەرواری 6/6/2022 كۆچی دوایی كرد .

هەر لە یەکەم ڕۆژی نەخۆشییەکەیەوە، (مەسرور بارزانى) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی دیکەی راسپارد تا لەنزیکەوە ئاگاداری بن و هەرچی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەنجامبدرێت.

عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە (بەحرکە) لەدایکبووە لە درێژەی كار و خزمەتی لە پەروەردەو فێركردندا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو و چەندین ساڵ لە قۆتابخانەی ئامادەیی ڕزگاری و قوتابخانەكانی دیكەی شاری هەولێر وانەی گوتووەتەوە,دكتۆر عەزیز گەردی كە زمانەكانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی وفەرەنسی و ئیسپانی بەباشی دەزانی, وەكو نووسەر و وەرگێڕ هەمیشە هەوڵیداوە ئەرشیفی كتێبخانەی كوردی بەهێزتر بكات و زیاد لە 36 کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەها ماوەیەك لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لەرێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی زمانی کوردی کردووە.

جیا لە وەرگێڕان، دكتۆر عەزیز گەردی چەند بەرهەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێك، سەروا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی).

دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆش لە بەشی کوردی کۆلێژی ئاداب لە هەولێر بووەتە وانەبێژ، بەڵام لەپێناو خۆ تەرخانکردن بۆ  وەرگێڕان دەستیلەکارکێشاوەتەوە، تا ساڵی 1994 ماستەرنامە و ساڵی 1999 دکتۆراکەی بەدەست دەهێنێت.

ئاسۆ كاكەیی

Top