تارا عەلی: كۆرۆنا زیانی 12 دەفتەر دۆلاری پێگەیاندم
پەتای كۆرۆنا، یان ڤایرۆسی (كۆڤید19) لە ئاستی جیهاندا زیانی گەورەی ئابووری دروست كرد و، زۆر كەس هەموو سامانەكەی، یان بەشێكی زۆری لە دەست دا. بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە چێشتخانە و ڕێستۆرانتەكانیان بە پارەیەكی زۆر بە كرێ گرتبوو. تارا عەلی یەكێكە لەو كەسانە كە وەك خۆی باسی دەكات، هەموو سامانەكەی لە دەست داوە، بەڵام سەر لە نوێ لە سفرەوە دەستی بەكار كردووەتەوە. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی بەسەرهات و ژیان و كارەكەی دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
تارا عەلی مەعروف لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و وەك خۆی باسی كرد، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە «توانا و خولیا و ئارەزووی كاركردن»بووە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سەرەتای كاركردنم لە تەمەنی نۆ ساڵیم بوو، لەگەڵ باوكم دەستم بە كار كرد. باوكم خەیاتی جلوبەرگی پیاوان بوو، منیش ئاسانكاریی زۆرم بۆ دەكرد، وەك ئوتووكردن و قوپچەلێدانی ئەو جلوبەرگانەی باوكم دروومانی دەكرد، دوای تەواوكردنیان بە پێ نزیكەی شەش كیلۆمەتر ڕێگەم دەبڕی، تا جلوبەرگی خەڵكم بۆ دووكانی باوكم دەبردەوە. زۆر پاڵپشتی باوكم بووم، ئەویش زۆری خۆش دەویستم، چونكە هەم هاوكاریم دەكرد، هەم كچە بچووكی باوكیشم بووم».
سەبارەت بە تێكەڵبوونیشی بە كاری چێشتلێنان گوتی: «لە تەمەنی 11 ساڵیمەوە دەستم كرد بە ئیشی ناو مەتبەخ و یارمەتیدانی دایكم لە هەموو جۆرە ئیش و خواردن دروست كردندا، لە تەمەنی 12 ساڵیمەوە باشترین چێشتلێنەر بووم. هەر ئەوەش وای كرد، هەمیشە خولیای ئەوە بووم، چێشتخانەیەكم هەبێت. دواتر كە مێردم كرد، پاش چەند ساڵێك لەگەڵ هاوسەرم و منداڵم چووینە دەرەوەی وڵات و لە ئەڵمانیا ماینەوە، لەوێش ساڵانێكی زۆر بە خوێندن و كاری شێفی خواردن سەرقاڵ بووم. خاوەنی چێشتخانەیەكی خنجیلانەی خۆمان بووین، ماوەی 26 ساڵم لە غەریبی بەڕێ كرد و ساڵی 2018 گەڕامەوە كوردستان و وتم ئەو تەمەنەی ماومە، خزمەتی كوردستانی خۆمی پێ دەكەم و لە شاری هەولێری خۆشەویست، چێشتخانەیەكی گەورەم لە جادەی 40 مەتری كردەوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ زۆر بە سەركەوتوویی كارم دەكرد و بەڕێوەم دەبرد، بە هۆی تام و لەزەتی خواردنەكانمەوە كڕیارێكی یەكجار زۆرم هەبوو لە كورد و لە عەرەب، هەموو خواردنەكان (كوردی و بیانی) خۆم دروستم دەكرد، بەڵام بەداخەوە لە كاتی ڤایرۆسی كۆرۆنا و درێژەكێشانی كەرەنتینە ڕیستۆرانتەكەم بە مەبلەغی 12 دەفتەر (120هەزار دۆلار) زەرەرم لێ كەوت، ناچار هەموو كەلوپەكانم بۆ كرێی چێشتخانەكە فرۆشت، ئەوەش وەك ئەوە وابوو پارچەیەكی گەورە لە جگەرم ببڕن، چونكە زۆر بە دڵ و بە گیان چێشتخانەم دانا، كار گەیشتە ئەوەی دەستم لە كارەكەم بەردا و هاتمە ماڵێ بۆ ماوەیەكی كەم بێكار مامەوە بەلام من بەو زەرەرە گەورەیەش نەڕووخام و بە 25 هەزار دینارەوە كە لە گیرفانمدا بوو، دەستم بەكار كردەوە، كەمێك كەلوپەلی پێ كڕی و ریكلامی پەیج و فەیسبووكم كرد، دووبارە كڕیار زۆر بوون و دەستم دایەوە كاری دروستكردنی خواردن، ئەم جارەیان لە ناو ماڵی خۆم خواردنم دروست دەكرد و دواتر شۆفیرم دامەزراند و بە دلیڤەری دەمناردە دەرەوە، چونكە توانای ماددی دووكان و ڕیستۆرانتم نەما بیكڕم یان بە كرێی بگرم و كاری تیا بكەمەوە . ئێستا ماوەی دوو ساڵە من كاری چێشتلێنان لە ناو ماڵی خۆمدا دەكەم، بەڵام لە ئێستادا خواردنەكانم زیاتر تایبەتە بە جۆری برژاوەكان، ڕۆژانە نزیكەی شەش سەعات زەلاتە و خۆشكردنی جۆری گۆشت و كەباب بۆ چێشتخانەیەك ئامادە دەكەم. لە ساڵێكدا تەنیا حەوت مانگ ئەم كارەم هەیە، بژێوی ژیانیشم لەسەر ئەو كارە و چێشتخانەی ناوماڵی خۆمە بە ڕەنجی شانی خۆم دەژیم و هیچ كەسێك هاوكار و یارمەتیدەرم نییە».
تارا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە چ پەیامێكی بۆ خانمان هەیە، گوتی: «ئێمەی ئافرەتان هیچمان لە پیاوان كەمتر نییە، ئەگەر خۆمان بمانەوێت دەتوانین شان بە شانی پیاوان كار بكەین، بۆیە بەداخەوەم بۆ ئەو ئافرەتانەی حەز دەكەن بچنە دەرەوەی ماڵ و كارێك بكەن و نانێكی حەڵاڵ پەیدا بكەن، بەڵام لەلایەن هاوسەر و دایك و باوك و خزمانی نزیكیان ڕێگرییان لێ دەكرێت. پێویستە چیتر ئافرەت لە چوارچێوەی ماڵدا نەمێنێتەوە و بە كارێكی رێكوپێك خۆیان سەرقاڵ بكەن، هەروەها پێویستە خانمان هەوڵ بدەن چاویان لە دەستی هیچ كەس نەبێت و ببنە خاوەن داهاتی خۆیان و بە سەركەوتنەكانیان بگەنە لووتكە و ببنە خاوەن ناو و ناوبانگی تایبەت». گوتیشی: «ئێمەی ئافرەتان دەتوانین بە كاری جوان و شایستە سەرقاڵ بین كە بگونجێت لەگەل دین و كەلتووری خۆماندا و كارێكی ناوازەش بێت كە ببێتە جێگەی باس و خواست لەناو كۆمەڵگە و كارێكی سەربەرزانە بێت بۆ كورد و كوردستانمان».
هەر لە درێژەی وتەكانیدا تارا عەلی ئەوەی خستەڕوو كە خاوەنی دوو كتێبی چاپكراوی تایبەت بە خواردنە و لە 460 لاپەڕە پێكهاتووە. یەكەم كتێبی بە ناوی «باشترین خواردنی هەمەجۆر» ساڵی 2017 چاپ كرا و كەوتە بازاڕەوە، دووەم كتێبیشی بە ناوی «شیرینی و موقەبیلات» لە ساڵی 2018 چاپ كردووە. وەك دواوتەشی گوتی: «هەمیشە حەزم كردووە ببمە كەسێكی بەناوبانگ و سەركەوتوو، سوپاس بۆ خودای گەورە ئەوەی ویستوومە هەر وا بووە، ئامۆژگاریشم بۆ ئەو خاتوونانەی كە كار دەكەن، ئەوەیە ئەگەر لە كارێك سەركەوتوو نەبوون، نائومێد نەبن و لە شكست و داڕمان نەترسن و هەوڵ بدەن كارێكی دی بكەن كە لە توانای ئەواندا بێت. هەمیشە ئێمەی ئافرەت دەبێت متمانەمان بە خۆمان هەبێت، ئەگینا كەسێكی سەركەوتوو نابین لە ژیاندا . لە كۆتاییدا سوپاس و پێزانینم بۆ ئەو بەرێزانە هەیە كە هاوكار و پاڵپشتمانن و هەر سەركەوتوو بن».