زۆرجار بە هۆكاری جیاواز ئافرەت لە بەشە میراتەكەی بێبەش دەكرێت

زۆرجار بە هۆكاری جیاواز ئافرەت لە بەشە میراتەكەی بێبەش دەكرێت

 

بە هەموو پێوەرەكان وەرگرتنی بەشە میرات لەلایەن میراتگرانەوە مافێكی شەرعی و یاساییە، ئەویش بەو ئەندازەیەی كە هەر یەكێك لە میراتگرەكان بۆیان دیاری كراوە، بەڵام لە كۆمەڵگەی كوردی لێرەو لەوێ دەبینین و دەبیستین كەوا بە ناهەق و بە چەندین هۆكاری جیاواز ئافرەت لە بەشە میراتەكەی بێبەش كراوە، یان ناچار كراوە بەشە میراتەكەی وەرنەگرێت، لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان یاساناسان شڕۆڤەی زیاتری مافی وەرگرتنی هەر تاكێك لە بەشە میراتەكەی دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەبارەت بە مافی ئافرەت لە وەرگرتنی بەشە میراتی خۆی بەپێی یاسا، مافپەروەر شاخەوان خالید بۆ گۆڤاری گوتی: «بەپێی یاسا ئافرەت مافی وەرگرتنی میراتی هەیە لە باوك و برا و دایكی ئەوانەی پشتین، بۆیە بە هیچ جۆرێك ئافرەت نابێت لە میرات بێبەش بكرێت، هەر كەسێ ئافرەت لە میرات بێبەش بكات، بەرپرسیار دەبێ و تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت. بەپێی شەرع و یاسا ئافرەت وەكو هەموو ئەوانەی ناویان لە دابەشنامەی میرات دەرچووە لە دادگاكان، بەشە میراتی خۆی وەردەگرێت، بەڵام جێگەی داخە تا ئەم ساتەش بە هۆی بیری تەسك و باوكسالاری و نەدانی مافی مێینە هەندێ كەس وا بیردكەنەوە كە ئافرەت مافی نییە لە وەرگرتنی میرات و زۆر ئافرەت وەكو خوشك بێبەش دەكرێن بە بیانووی ئەوەی ئافرەتەكە برا و مێردی هەیە و ئەوان بەخێوی دەكەن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە». گوتیشی: «بە پێی یاسا و شەرع ئافرەت بەشە میراتی بۆ دیاری كراوە و كەس ناتوانێت لێی بێبەشی بكات. هەندێ جار ناوی ئافرەت لە دابەشنامە نانووسرێت لەلایەن ئەو كەسەی دابەشنامەكەی دەردەهێنێت، یان ئەگەر بشنووسن بەشەكەی پێ نادەن، لەو كاتەدا ئافرەتەكە دەتوانێ سكاڵا بكات و بەپێی یاسا ناوەكەی زیاد دەكرێت و بەشە میراتی بۆ دادەنرێت، یان هەندێ جار ناویشی هەیە، بەڵام بەشە میراتی پێ نادرێت، لەو كاتەش ئافرەتەكە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و بەپێی یاسا بەشە میراتەكەی بۆ دەگەڕێتەوە. یاسا و شەرع دوو كۆڵەگەی سەرەكین بۆ ئەوەی ئافرەت بەشە میراتی خۆی وەربگرێت و ئەوەش ڕاست نییە كە ئافرەت بێبەش بكرێت لە بەشە میرات، لە بەر ئەوەی ئەویش وەكو ئەندامانی دیكەی خێزان مافی خۆیەتی‌ بەشە میرات وەربگرێت و كەس ناتوانێت ئەو مافەی لێ زەوت بكات».

پارێزەر كارزان هەنارەیی، باسی ئەوە دەكات كە «نێرینە لە هەموو حاڵەتێكدا دوو ئەوەندەی مێینە نابات، بەڵكو جاری وا هەیە مێینە دوو ئەوەندەی نێرینە دەبات و جاری وا هەیە بە یەكسانی میرات دەبەن و جاری واش هەیە مێینە میرات دەبات و نێرینە نایبات.» حاڵەتەكانیش بەم شێوەیە ڕوون دەكاتەوە:

1. لەم حاڵەتەدا نێرینە دوو هێندەی مێینە دەبات، ئەمەش كاتێك دەبێت كە پیاوێك بمرێت و تەنیا كوڕ و كچ وەكو میراتگر لە دوای خۆی بە جێ بهێڵێت وەكو خوای گەورە فەرموویەتی [لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الأُنثَيَيْنِ] (النساء: 11). حیكمەتەكەشی لەوەدایە كە ڕەچاوی پێویستیی هەریەكە لە نێرینە و مێینەی كردووە و هەندێك مافی بە پیاو داوە و ئەركیشی لەسەر داناوە، نێرینە تاوەكو گەنج بێت دەبێت سەرمایە كۆبكاتەوە بۆ پێكەوەنانی خێزان، كاتێكیش خێزان پێكەوە دەنێت، دەبێت بژێوی خێزان و منداڵ بدات، ئایا لەم حاڵەتەدا دادپەروەرییە هەردووكیان وەكو یەك میراتی ببەن لە كاتێكدا ئەركی سەرشانی پیاو زۆر قورسترە وەك لە هی ئافرەت ؟

2. خوای گەورە دەفەرموێت: [وَلأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ مِمَّا تَرَكَ إِنْ كَانَ لَهُ وَلَدٌ] (النساء: 11). واتە: ئەگەر مردووەكە منداڵی لە پاش بەجێمابوو ئەوە باب و دایكی (مردووەكە) هەریەكێكیان شەش یەك (1 / 6)ی دەبەن لەوەی كە (مردووەكە) بەجێیهێشتووە لە ماڵ و سامان.

لەم حاڵەتەدا دەبینین باوك و دایك وەكو یەك میراتی دەبەن، بە بێ ڕەچاوكردنی مێینایەتی و نێرینایەتی.

3. خوای گەورە دەفەرموێت: [وَإِنْ كَانَ رَجُلٌ يُورَثُ كَلالَةً أَوْ امْرَأَةٌ وَلَهُ أَخٌ أَوْ أُخْتٌ فَلِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ] (النساء: 12).واتە: ئەگەر پیاوێك، یان ئافرەتێك مرد و نە باوكی هەبوو، نە منداڵ و برایەك، یان خوشكێكی دایك و باوكی هەبوو، ئەوە هەریەكێكیان شەش یەكی (1 /6)ی بۆ هەیە.

لەم حاڵەتەشدا دەبینین خوشك و برای دایكی وەكو یەك میرات دەبەن و یەكسانن.

4. خوای گەورە دەفەرموێت: [فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ] (النساء: 11).واتە: ئەگەر دوو ئافرەت و زیاتر بوون ئەوە دوو سێ یەك (2/ 3) ی ئەوەی مردووەكە بەجێی هێشتووە بە میرات دەگرن.

بۆ نموونە: ئەگەر پیاوێك مرد و ژنێك و دوو كچ و برایەكی لە پاش بەجێما، میراتەكەی بەم شێوەیە دابەش دەكرێت: ژنەكەی هەشت یەك (1/8) وەردەگرێت، دوو كچەكەی دوو سێ یەك وەردەگرن (2/3)، برای مردووەكەش كە دەكاتە مامی كچەكان ئەوەی دەمێنێتەوە لە میراتییەكە بۆ ئەو دەبێت كە دەكاتە(5/24)، لێرەدا هەریەكێك لە كچەكان نزیكەی دوو قاتی مامیان وەردەگرن، واتە لێرەدا مێینە دوو ئەوەندەی نێرینە وەردەگرێت. (فَهَلْ مِنْ مُدَّكِرٍ)

5.[وَإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ... ] (النساء: 11) واتە: ئەگەر كچە میراتگرەكە هەر یەكێك بوو ئەوە نیوەی میراتییەكە هی ئەوە. بۆ نمونە: ئەگەر ژنێك مرد و كچێك و مێردەكەی لە پاش بەجێما، ئەوە كچەكە نیوە(1 / 2) ی میراتییەكە دەبات، مێردەكەشی كە دەكاتە باوكی كچەكە چواریەك (1 / 4) دەبات.»

پارێزەر بەهێز شوان خۆشناو، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «دیارە وەك دەگوترێت ئافرەت دایكە، خوشكە، خێزانە، وەچە دەنێتەوە، هێزی ژیان و بەردەوامییە، وزە و هێزی سەرەكی و كۆڵەگەی كۆمەڵگەیە و ڕۆڵێكی بنیاتنەری هەیە و دروستكەری هەموو تاكێكە، ئافرەت ئەگەر لە ڕووی بایۆلۆجی و فسیۆلۆجیەوە، توانای جیا بێت لە پیاو، بەڵام لە ڕووی زەینەوە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ژیان هەمان توانا و بیر و هێزی پیاوانی هەیە و جیاوازیی نییە.» سەبارەت بە یاسای میرات و مافەكانی ئافرەتیش، بەمشێوەیە بەند و بڕگە و ماددەكانی خستەڕوو: «پیاو و ژن لە دوای مردنیان چەند بەش لە میراتی یەكتری وەردەگرن لە بەشنامەی شەرعی و یاساییدا كە لە دادگای باری كەسێتی بۆ موڵكی پوخت دەردەچێت؟

میراتی ژنی مردوو بەم جۆرەیە:

١- پیاو نیوەی یەك لە سەر دوو لە میراتی ژنە مردووەكەی وەردەگرێت، ئەگەر هاتوو منداڵی نە لە خۆی هەبوو، نە لە پیاوێكیتر، واتە ئەگەر منداڵی نەبێت.

٢- پیاو یەك لەسەر چوار لە میراتی ژنە مردووەكەی وەردەگرێت، ئەگەر هاتوو ژنەكە منداڵی هەبوو.

هەروەها میراتی پیاوی مردوو بەم جۆرەیە:

١ - ژن یەك لەسەر چوار لە میراتی پیاوە مردووەكەی وەردەگرێت، ئەگەر هاتوو پیاوەكە منداڵی نەبوو.

٢ - ژن یەك لەسەر هەشت لە میراتی پیاوە مردووەكەی وەردەگرێت، ئەگەر هاتوو پیاوەكە منداڵی هەبوو .

لە بەشنامەی یاساییدا كە لە دادگای بەرایی دەردەچێت، بۆ زەویی كشتوكاڵی ژن و پیاو وەكو یەك لە میراتی یەكتری وەردەگرن .

١- ژن نیوەی واتە یەك لەسەر دوو لە میراتی پیاوە مردووەكەی وەردەگرێت، گەر هاتوو پیاوەكە منداڵی نەبوو.

٢- ژن یەك لەسەر چوار لە میراتی پیاوە مردووەكەی وەردەگرێت ئەگەر هاتوو پیاوەكە منداڵی هەبوو.

بەپێی ماددە ١١٩٣ لە یاسای شارستانی، ئەم ڕوونكردنەوانە دراوە.

ئەمە لە ڕووی یاساییەوە، كە یاساكان بەشێكی زۆریان پشتیان بە شەریعەتی ئیسلام بەستووە».

 

Top