تاجی هونەر

تاجی هونەر

دواجار، بلیمەت پەیدا دەبێت. لە قسە كردن لە بارەی هونەری خەیری ئادەم وەك نیگاركێشێكی كوردستان (دهۆك- 1981)، ناچارم بە یەكەمین ڕستەی ئەم نووسینەم دەست پێ بكەم. ئەم نیگاركێشە دەروازەیەكی تازەی بە ڕووی هونەری شێوەكاریی كوردستاندا كردووەتەوە. لە قووڵایی ستاتیكای جڤاكی كورد و میراتی شارستانیی كوردستانەوە، هونەر دەكات. تابلۆی ئەو لە شەقڵێكی سیمای شارستانیەتی كوردەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەش وا دەكات هونەرەكەی فراوان و تێر و پڕ بێت، تەژی بێت لە ستاتیكا و گوتاری ڕوونی دیدەیی، نوێنەرایەتیی میراتی گەل و وڵاتەكەی بكات. هونەرێك لەو ئاستەدا بێت، بەو ستایلەی كە ئەو كاری كردووە، بە دڵنیاییەوە، دەبێتە زەخیرەیەكی نوێ و دەچێتە سەر خەرمانی هونەری جیهانەوە. لە تەرحە هونەرێكی چەشنی بەرهەم و تابلۆی خەیری ئادەمدا، مێژووی هونەری جیهان دەروازەی خۆی بە ڕووی هونەری شێوەكاریی كورد/ كوردستاندا دەكاتەوە.

ئا/ تاریق كارێزی

تاجی هونەر

بوێری لە هەڵبژاردنی ڕچە و ڕێچكەی نیگاركێشیدا، چوونە نێو ستایلێكی تایبەتی نیگاركاری، بە دەست و تەكنیكێكی كراوە و باڵاوە، بڕست و توانستی گەورەی دەوێت، ئاشكرایە، خەیری مەشقی گەورە و فراوانی هونەری لە پشتە، هاوشانی ئەوە بەهرەیەكی مەزن لە هزر و مەژی و هەناوی ئەودا گرد بووەتەوە، تا ئەوەی كانییەكی گەورەی هونەر و ئەفراندن تەقیوەتەوە و بەژنێكی زراڤ، زۆر بڵندی هونەر لە كوردستاندا باڵای كردووە. هەموو ئەمانە مژدەی هەڵهاتنی ئەستێرەیەكی پرشنگدارن لە ئاسۆی هونەری شێوەكاریی كوردستاندا، نەخاسمە كە ئەو بەهرەیە هەڵگری چەپكێك خەسڵەتی زۆر گەشی هونەرە، سەنگ و قورساییەك بە هونەری نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت دەدات، كە ئیدی بەژنێكی بڵند، بەهرەیەكی گەش و درەوشاوە دێتە ڕیزەوە، پرشنگی ئەو بەهرەیە بۆ مێژووی هونەری ئێمە، ناونیشان و شكۆیە.
دڵنیام تۆی خوێنەر داوای ورد كردنەوەی قسەكانی پێشووم لێ دەكەیت. مەبەستتە پاساوی قسەكانم بدەمەوە، شرۆڤەیەكی، ئەگەر كورت و بلەزیش بێت، لە بارەی چەند لایەنێكی هونەر و داهێنانی خەیری ئادەم بخەمە ڕوو.

تاجی هونەر

بە بڕوای من، هەر تابلۆیەكی ئەم هونەرمەندە بۆ خۆی خوێندنەوەیەكی سەربەخۆ هەڵدەگرێت. لە ڕووی بابەتەوە، هەر تابلۆیەكی بۆ خۆی چیرۆكێكە. ئافرەت شا فیگەری تابلۆی ئەوە، بە سیمای سیحراوی و پڕ لە ئەفسوون و جوانیی پۆشاكی خانمانی كورد، تابلۆ دەبێتە جوانستانێكی بێ بڕانەوە، خانمانی چەشنی پەری، بە چەندین جۆر پاڵكەوتن و وەستان و دەركەوتنیان لە ماڵ و لە نێو ژینگە و سروشتدا، زۆر ورد، ڕیالیستانە كراونەتە تابلۆ، تا ئەندازەی زاخاو دان و پاراو كردنی هەستی جوانخوازانەی من و تۆ. كچە كورد لە تابلۆی ئەودا، شۆخ و جوان و دڵگیر خۆی دەنوێنێت. خەیری بە هونەرەكەی ڕەخنەگران لە ئاستی جیهاندا ناچار دەكات، بە ڕەنگ و سیمایەكی نوێی هونەر ئاشنا بن، لێی بێنە پێش و بیخوێننەوە. ئەو زۆر دەست كراوە توانیویەتی شێواز و تەكنیكی تایبەت بە خۆی نەخشەڕێژ بكات، كارامە گەمەی سێبەر و تاوی كردووە، ڕوانگە وەك تەكنیك و ئەندازە و فیزیك، بە تەواوی ملكەچی ویستی ئەوە، بەرجەستە كردنی پۆشاكی تەنك چەشنی باڵی مێش، بە قەد بەژنی خانمانی كوردەوە، پیشاندنی لۆچ و پێچ و وردەكاریی دیزاینەكەی، ئاماژەن بە ئەو پەڕی دەسەڵاتی هونەرارای خەیری.

تاجی هونەر

ئەگەر ئەندازە و توێكاریی جەستەی مرۆڤ و ئەسپ سەنگی مەحەك بن، تەرازوو بن بۆ كارامەیی لە پیشەی نیگاردا، لەم ڕووەوە ئەم هونەرمەندە لەو سەری كاروان هاتووەتەوە، دەسپێكی ڕێنیسانێك لە مێژووی شێوەكاریی كوردستان نەخشەڕێژ دەكات. لە دەریای بێ كۆتای ڕەنگدا، مەلەوانێكی سەرسوڕهێنەرە. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، گەورە هونەرمەندێك لاپەڕەیەكی زێڕین و پڕ شكۆی هونەری شێوەكاریی كوردستانی گرتووەتە دەست، ئەو لاپەڕەیە بە شكۆ و شایستەییەوە، دەچێتە نێو دۆسێی مێژووی هونەری جیهانەوە.

تاجی هونەر
Top