نێچیرڤان بارزانی: با پاراستنی ئاشتی و ئازادی هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 30/5/2022 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كونسول و دیپلۆماتكارانی بیانی، شرۆڤەكار و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و مامۆستایانی زانكۆ، لە هەولێر كۆنفرانسی ئاشتی لە ڕێگەی میانڕەوییەوە بەڕێوەچوو كە لەلایەن ڕێكخراوی سپاركی هۆڵەندییەوە بە هاوكاریی كونسولخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ڕێكخرابوو.
لە كۆنفرانسەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتارێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێزان،
به‌يانيتان باش،
هه‌موو لايه‌كتان به خێر بێن بۆ ئەم كۆنفرانسە و هیوادارم كۆنفرانسەكەتان ئەنجامی هەبێت..
خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ پێكه‌وه به‌شدارین له‌م كۆنفرانسه‌دا. ده‌ستخۆشى له ڕێكخراوى سپاركى هۆڵه‌ندى و هه‌موو ئه‌و لايه‌نانه ده‌كه‌م كه ڕۆڵيان له سازدانى ئه‌م كۆنفرانسه‌دا گێڕاوه. ئه‌مه ده‌رفه‌تێكى باشه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رباره‌ى بابه‌تێكى گرنگ، ده‌رباره‌ى ئاشتى و، (ميانڕه‌وى وه‌ك ڕێگه‌يه‌ك بۆ ئاشتى)، قسه و گفتوگۆ بكه‌ين. سوپاستان ده‌كه‌م.
به‌ڕێزان..
له كاتێكدا جيهانى ئه‌مڕۆمان به ده‌ستى كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دى و قه‌يرانى جياوه ده‌ناڵێنێت، ئاشتى له هه‌موو كاتێك پێويستترە. لێكه‌وته‌كانى كۆرۆنا به‌تايبه‌تى له بوارى ئابووريدا، تيرۆر و توندڕه‌وى، شه‌ڕ و پێكدادان، ناكۆكيى سياسى و جيۆسياسى، کارکردن به لۆژيكى هێز، قسه‌كردن به زمانى چه‌ك، هه‌وڵى سه‌پاندنى هه‌ژموون و هه‌تا دوايى، خه‌ريكه ئاشتيى جيهان ده‌خاته ژێر مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌وه! ڕووداو و پێشهاته‌كان به جۆرێكن، نيگه‌رانى و پرسيارێكى ئازاربه‌خش، خه‌ريكه مێشكى زۆربه‌ى مرۆڤايه‌تى سه‌رقاڵ ده‌كات:
ـ ئايا جيهان به‌ره‌و جه‌نگێكى ديكه‌ى نێوان زلهێزه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت؟!
له دۆخێكى ئاوادا، ڕه‌نگه بۆ کەم شوێنى ديكه‌ى سه‌رزه‌مين، هێنده‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگيرى پێويستييه‌كى له‌پێش بێت! بۆ سه‌رزه‌مينێكى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌وه‌نده پێكهاته‌ى جياى نه‌ته‌وه‌يى و ئايينى، به مێژوويه‌كى پڕ له تاڵى و ناخۆشى، پڕ له شه‌ڕ و خوێن و كاره‌سات، ڕه‌نگه هيچ شتێكى ديكه، هێنده‌ى ئاشتى و پاراستنى ئاشتى بۆ ئه‌م ناوچه‌يه پێويست نه‌بێت!
ئه‌گه‌ر عيراق وه‌ك نموونه‌يه‌كى بچووكى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست وه‌ربگرين، ده‌بينين ئاشتى و سه‌قامگيرى له عيراق، چه‌ند بۆ خودى خۆى گرنگ و پێويسته، هێنده و بگره زياتريش بۆ ئاشتى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه، گرنگ و پێويسته! به درێژاييى مێژووی وڵات، نه‌بوونى ئاشتى و سه‌قامگيرى له عيراق، نائارامى و ناسه‌قامگيرى له ناوچه‌كه به شێوەیەكی گشتى دروست كردووه! ده‌وڵه‌مه‌ندى و سامانێكى زۆرى به هه‌ده‌ر داوه كه له‌گه‌ڵ ميانڕه‌وى و ئاشتيدا، ده‌كرا عيراق بكاته يه‌كێك له باش‌ترين و پێشكه‌وتووترين وڵاتانى ناوچه‌كه و جيهان.
لێكه‌وته‌كانى نه‌بوونى ئاشتى و ناسه‌قامگيرى له عيراق، زۆر جار دۆخى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و ناوچه‌كه‌يشى تێكداوه! ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ى له ئاشتيى جيهانيش كردووه!
ئه‌گه‌ر نه‌چينه‌وه سه‌ر مێژووى كۆنى ناكۆكى و پێكدادانى مه‌زهه‌بى و تائيفى و نه‌ته‌وه‌ييش، هه‌ر ته‌نيا باسى مێژووى نوێى عيراق بكه‌ين، ده‌بينين ئه‌و سته‌مه‌ى هه‌ر له‌گه‌ڵ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى عيراق له گه‌لى كوردستان و پێكهاته‌كانى كراوه، چه‌ند شه‌ڕ و ماڵوێرانى و كاره‌ساتى بۆ عيراق و ناوچه‌كه به‌دواى خۆي‌دا هێناوه! ده‌بينين لێكه‌وته‌كانى، چه‌ند زيانيان به ناوچه‌كه و ئاشتى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه گه‌ياندووه!
شه‌ڕى عيراق ـ ئێران، دواتر داگيركردنى كوێت له‌لايه‌ن عيراقه‌وه، دروستبوون و هاتنى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕزگاركردنى كوێت و شه‌ڕى دووه‌مى كه‌نداو، شه‌ڕى ڕزگاريى عيراق و هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ى دواى ئه‌وه تا سه‌رهه‌ڵدانى داعش له‌م ناوچه‌يه هاتنه ئاراوه، كه هاوسه‌نگيى هێز و به‌رژه‌وه‌ندى و هاوسه‌نگيى سياسيى وڵاتانى له ناوچه‌كه بە تەواوەتی گۆڕى، هه‌موويان ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ى: له عيراق ئاشتى و بیری ئاشتی و میانڕەوی سه‌قامگيرى نه‌بوو!
ـ دواى ئه‌و ڕابردووه تاڵه، ئايا ده‌بێ چيتر ڕووبدات بۆ ئه‌وه‌ى ئێمەی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە تێبگه‌ين كه پێويستيمان به ئاشتييه؟ پێویستیمان بە میانڕەوییە؟
ئاشتييه‌كى ڕاسته‌قينه كه بڕوا و متمانه و دڵنيايى دروست بكات! تيايدا هه‌موو پێكهاته‌كانى عيراق له هه‌ر نه‌ته‌وه و ئايين و مه‌زهه‌بێك بن، هه‌ر بيروبۆچوون و تێڕوانينێكيان هه‌بێت، پێكه‌وه به ئاشتى، ته‌بايى و لێبورده‌يى بژين و لە هەمووی گرنگتریش لە وڵاتێكدا، لە جوگرافیایەكدا كە پێی دەوترێت عیراق يه‌كتر قبووڵ بكەن. ئاشتييه‌ك ژيان و ئازاديى هه‌مووانى تێدا پارێزراو بێت. ئاشتييه‌ك، سايه و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى عيراق بێت و تيايدا تايبه‌تمه‌ندى و ماف و شايسته‌كانى هه‌مووان، به‌پێى ده‌ستوور و ياسا مسۆگه‌ر و پارێزراو بن!
ـ به‌ڵام له عيراق ئاشتييه‌كى وا چۆن دێته ئاراوه؟ پرسیارەكە ئەوەیە؟
له‌گه‌ڵ لێبورده‌يى، ته‌بايى، پاراستنى فره‌يى، ڕێزگرتن له به‌رامبه‌ر و جياوازييه‌كانى، به دڵنيايييه‌وه ميانڕه‌وييش يه‌كێكه له‌و ستوونه هه‌ره سه‌ركييانه‌ى كه ئاشتى له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت.
له عيراق، به هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه، كه وه‌ك گوتم نموونه‌يه‌كى بچووكى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته، هه‌ر له ژيانى تاكه كه‌سيمانه‌وه، تا به‌رزترين پله‌ى ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن، به ناوه‌نده ئايينييه‌كانيشه‌وه، پێويستيمان به ميانڕه‌وييه. پێويستيمان به قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى ناتوندوتيژييه. بۆيه ده‌بێ ميانڕه‌وى له هه‌موو شوێنێكی ژیان ئاماده بێت. به‌تايبه‌تى له‌ناو خێزان، له سيستمى په‌روه‌رده و خوێندندا، هه‌روه‌ها له په‌يوه‌ندى و مامه‌ڵه‌ى سياسيشدا.
له عيراق، بۆ هه‌موومان، هه‌ر له تاك و خێزانه‌وه، تا هێز و لايه‌ن و سه‌ركرده سياسييه‌كان، تا گه‌وره و ڕێبه‌ره ئايينييه‌كان، له هه‌موو چين و توێژه‌كاندا، ميانڕه‌وى ڕێگه‌يه‌كى دروست و پێويست و له‌پێشه بۆ ئاشتى، بۆ پێكه‌وه‌ژيان، بۆ يه‌كترقبووڵكردن و بۆ لێبورده‌يى.
بۆ ئه‌وه‌ى ڕێزی به‌رامبه‌ر بگرین، لێى تێ بگه‌ين، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە لە بیروبۆچوونمان ده‌بێ ميانڕه‌و بين. ميانڕه‌وى، هێز و دانايى و متمانه و بڕوابه‌خۆبوونه، كه ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌هێنێته ئاراوه. له وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه و فرئايين و فره‌مه‌زهه‌بى وه‌ك عيراق، ئه‌گه‌ر ميانڕه‌وى نه‌بێت، قاعيده و جوندولئيسلام و داعش و كاره‌ساتى تر لەم وڵاتەدا دايك ده‌بن. به‌وپه‌ڕى خوێنساردييه‌وه له به‌رده‌م كامێراكاندا سه‌ر ده‌بڕن، مل ده‌په‌ڕێنن و له‌گه‌ڵ ئەو كارانەی كە دەیكەن، پێشده‌كه‌نن!
ڕابردووى عيراق به هه‌موو شه‌ڕ و كاره‌سات و ماڵوێرانييه‌كانييه‌وه، ده‌بێ بۆ هه‌موومان ببێته په‌ند. ببێته وانه‌يه‌ك، ڕێنيشانده‌رمان بێت بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هەموو پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە. به‌ره‌و بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك، ڕه‌نگدانه‌وه و ده‌ربڕى فره‌يى و جياوازى و ماف و شايسته و خواست و هيواى پێكهاته‌كانى ئەم وڵاتە بێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له بيسته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه تا ئێستا، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى عيراق مامه‌ڵه‌يه‌كى واقعييان له‌گه‌ڵ دۆزى گه‌لى كوردستاندا كردبا، ئه‌گه‌ر له جياتى شه‌ڕ و به‌كارهێنانى لۆژيكى هێز، واقعيانه هه‌ڵسوكه‌وتيان بكردبا و پەنایان بۆ چه‌ك و شه‌ڕ نه‌بردبا، ئه‌گه‌ر له جياتى ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانى عيراق بۆ چاره‌سه‌رى واقعى گه‌ڕابان و خه‌مى داهاتووى وڵاتيان هه‌بووايه، بێگومان ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و مه‌ينه‌تيانه به‌سه‌ر گه‌لى عيراقدا نه‌ده‌هاتن. عيراق ئێستا قه‌ده‌رێكى ديكه‌ى ده‌بوو.
ئێستاش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو ئەو پێكهاتانەی كە لە هەرێمی كوردستاندان، له عيراق پێويستميان به خوێندنه‌وه و تێگه‌يشتن و چاره‌سه‌رى واقعى هه‌يه كه ماف و ئازادى و ئاشتى بۆ هه‌موو عيراقييه‌ك زامن بكات.
به‌ڕێزان..
هه‌ر ئه‌وه‌ى ئێستا له پرۆسه‌ى سياسيدا له عيراق ده‌گوزرێت، ئه‌و چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌سته‌ى دروست بووه، بريتييه له نه‌بوونى ميانڕه‌وى! خۆ ئه‌گه‌ر لايه‌نه‌كان، تۆزێك ميانڕه‌وييان بنواندبا و به نه‌رمى مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكردبا، پرۆسه‌ى سياسى به ئاقارێكى ديكه‌دا ده‌ڕۆيشت. بێگومان مەبەستم عیراقە، لەگەڵ عیراقیش هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عیراق، ئەم پرۆسەیە هێنده سه‌خت و ئاڵۆز نه‌ده‌بوو! به‌ڵام كاتێك له جياتى ئه‌وه، ده‌مارگيرى و توندى له هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه، قسه ده‌كات و بڕيار ده‌دات، سه‌ره‌نجام ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى لێ ده‌كه‌وێته‌وه لە وڵات‌دا.
ئێستاش بۆ ده‌رچوون له‌م بنبه‌سته، هه‌موو لايه‌نه‌كان ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ميانڕه‌وى و بۆ گفتوگۆ، لێكگه‌يشتن، يه‌كترقبووڵكردن، ڕێزگرتن له مافى هه‌مووان و ڕه‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات و میللەت كە دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژوەندییەكی تر بێت. ميانڕه‌وى ده‌توانێت ديواره ده‌روونييه‌كان بشكێنێت، ڕق و كينه و ئاره‌زووى تۆڵه و يه‌كترشكاندن بشواته‌وه و ده‌رگا به‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگيريدا بكاته‌وه.
پێكهاته‌كانى عيراق ته‌نيا به لێبورده‌يى، پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى ده‌توانن له ئاشتيدا بژين. بۆ وڵاتانى ديكه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و پێكهاته‌كانيشيان هه‌ر وايه. ئيتر ده‌بێ ڕابردوو فێرى كردبين كه بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانى، ده‌بێ هه‌موومان بیر لە میانڕەوی و بیر لە ئاشتی بكەینەوە. ئاشتى و دۆزينه‌وه‌ى ڕێگه‌كانى، ئيتر به‌رپرسياريه‌تى و ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی وڵاتە لەگەڵ ناوچەكە. ئاشتيى هه‌موومان، پێكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئاشتيى دراوسێكه‌م پارێزراو نه‌بێت، ئاشتيى منيش پارێزراو نابێت!
عيراق و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ئارام و سه‌قامگير كه نه‌بنه پێگه‌ى توندڕه‌وى و تيرۆر، كه نه‌بنه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاشتيى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه و جيهان، كه نه‌بنه مه‌ترسى له‌سه‌ر مرۆڤايه‌تى، پێويسته ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتی و میانڕەوی بگرنە بەر. بۆيه پاراستنى ئاشتى له ناوچه‌كه، ئه‌ركێكى هاوبه‌شى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيشه. دۆستانمان له جيهان بۆ جێگيربوونى ئاشتى و سه‌قامگيرى، ده‌بێ هاوكار و يارمه‌تيده‌رمان بن. هه‌ر ئه‌وه‌شيان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.
هيوادارم هه‌موومان له هه‌رێمى كوردستان، له عيراق و ناوچه‌كه‌ش، ئيتر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاشتى بۆ هه‌مووان هه‌نگاو بنێين و ئه‌ركى پاراستنى ئاشتى و ئازادی، هه‌موومان پێكه‌وه كۆبكاته‌وه. هيواى سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجام و ڕاسپارده‌ى باش بۆ كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوام.
ڕۆژێكى خۆش بۆ هه‌مووتان..
زۆر سوپاس و بەخێر بێن..