شوان زراری جێگری سەرۆكی لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: وشكەساڵی و كەم ئاوی كێشەیەكی گەورە و مەترسیدارە

شوان زراری  جێگری سەرۆكی لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:     وشكەساڵی و كەم ئاوی كێشەیەكی گەورە و مەترسیدارە

 

 

وشكەساڵی و قەیرانی كەمبوونەوەی ئاوی شیرین بە یەكێك لە دیاردە مەترسیدارەكان دادەنرێت كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و چاوەڕوان دەكرێت هاوینی ئەمساڵ ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستانیش ببێتەوە. وەزارەتی كشتوكاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم مەترسییەیان نەشاردووەتەوە، بەڵام كاری پراكتیكی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە لە ئاستێكی نزمدایە و بودجەی گەورەی دەوێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان ئەم دیدارەی لەگەڵ شوان زراری جێگری سەرۆكی لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان ساز دا.

 

* بەپێی داتا و ژمارەكان قەیرانی ئاو و وشكەساڵی مەترسییەكی جدییە و ڕووبەڕووی بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان دەبێتەوە و زیانی گەورە بەر كەرتی كشتوكاڵ و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی دەكەوێت. ئێوە وەكو لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان چۆن دەڕواننە ئەم كێشەیە؟

- لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و كۆی دەوڵەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی كۆی گشتیی عێراق كەوتووینەتە ژێر كاریگەرییەكانی وشكەساڵی بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كاریگەرییەكانی ئەم وشكەساڵییەش تەنیا لە بوارێكی خراپبوونی كەرتی كشتوكاڵ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و كەم ئاوی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی نییە، بەڵكو لە سەرجەم بوارەكانی كەش و هەوا و تێكچوونی ژینگە و ڕیتمی بارانبارین و دەركەوتنی دەیان دیاردەی وەكو تۆز و خۆڵبارین و فراوانبوونی ڕووبەری بەبیابانبوون و لافاو و كەم بارانی و چەندین دیاردەی نامۆ و خراپی دیكەش كە لەسەر تەندروستی مرۆڤ كاریگەرییان هەیە. خۆ زۆر جار تێكچوونی ژینگەی زەوی سەرانسەری وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام توندیی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لە هەرێم و ناوچەكە و لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگۆڕێت، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی گەرمن و خۆیان گرفتی كەمئاوی و خراپ بەڕێوەبردنی سامانی ئاو و كەرتی كشتوكاڵیان هەیە، بۆیە بە تەئكید گرفتی وشكەساڵی و كەم ئاوی گرفتێكی جدییە و مەترسییەكی گەورەیە لە مانگە گەرمەكانی وەرزی هاوینی ئەمساڵ ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.

* شارەزایان و پسپۆڕانی كەشناسی و ژینگە و چاودێرانی بارودۆخەكە چەندین پێشنیار و بۆچوونیان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، ئایا ڕاوبۆچوونی ئێوە وەكو لێژنەی پەیوەندیدار بە كشتوكاڵ و ئاودێری چۆنە و چۆن دەتوانین ڕووبەڕووی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و كەم ئاوی ببینەوە و شوێنەوارەكانی كەم بكەینەوە؟

- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، بە تایبەتی پێش ئەوەی بە تەواوەتی بكەوینە ناو گرفتەكەوە، دەبێت خۆمان بۆ هەموو ئەگەرە ناخۆشەكان ئامادە بكەین، وەكو ئاشكرایە وشكەساڵی و كەمبارین و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی چەند ئەوەندە گرفتێكی ژینگەییە، ئەوەندە گرفتێكە دەستی مرۆڤیشی تێدایە، بۆیە دەكرێت بە زووترین كات لە ڕووی پلانی درێژخایەن و كورتخایەنەوە ڕووبەڕووی ئەم كێشە ڕاستەقینە و پڕمەترسییە ببینەوە، پلانەكەش دەبێت لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بێت، واتا بە هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر بێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گرفتێكی گەورەی مەترسیدار ببینەوە، كە ڕەنگە زیانەكانی بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو نەكرێتەوە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە هۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست نەمانتوانیوە پلانەكانی درێژخایەن بە تایبەتی ئەوەی خۆی لە دروستكردنی بەنداوە مامناوەند و بچووكەكان دەبینێتەوە، كاری گەورە ئەنجام بدەین، لە كاتێكدا ئاو لە دەستووری عێراقدا خراوەتە قاڵبی سیادییەوە، كەچی حكومەتی عێراق نەك هەر نەهاتووە بودجە و پارە بۆ دروستكردنی بەنداوەكان دابنێت، بەڵكو ڕێگری و ئاستەنگی گەورەشمان بۆ دروست دەكات، ئەم بابەتە زیاتر بابەتی سیادین لەسەر ئاستی عێراق و ئەوەندەی ئەم وڵاتە سەرقاڵی كێشەی سیاسی و ململانێیە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ناپەرژێتە سەر چارەسەركردنی كێشەیەكی وا گەورە و مەترسیدار، بۆیە دەبێت لە ئێستادا هەر دوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستێكی زۆر بەرز دەست بە گفتوگۆ و ڕێككەوتن بكەن و بڕیاری بەپەلە بدەن لە ڕووی جێبەجێكردنی پلانی كورتخایەن و فریاكەوتنی خێرا و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی پلانی درێژخایەن كە خۆی لە دروستكردنی خێرای ئەو بەنداوانە دەبینێتەوە كە لە هەرێمی كوردستان دیزاینی بۆ كراوە. بەپێی دەستوور بێت دەبێت حكومەتی عێراق تەمویلی ئەو بەنداوانە بكات بۆ ئەوەی ئەوان و ئێمەش سوودی لێ وەربگرین.

* باسی تێكچوونی ژینگە و كەشوهەوا و دەركەوتنی دەیان دیاردەی مەترسیداری دیكەت كرد، ئایا گرنگترینی ئەو كەرتانە چین كە كاریگەریی خراپی وشكەساڵییان لە سەرە؟

- وشكەساڵی زیانەكانی بۆ ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی و كەرتی كشتوكاڵ و مەڕوماڵات و ئاژەڵداریی و سامانی ماسی و هەنگ و دەیان بەروبوومی دیكەی میوەجات و گەنم و جۆ و كەرتی گەشتیاری و پیشەسازییش هەیە، بەتایبەتی كە زۆر لە پیشەسازییەكان پێویستیەكی زۆریان بە ئاو هەیە، لەمەش مەترسیدارتر دەركەوتنی شەپۆلەكانی خۆڵبارین و تێكچوونی ڕیتمی بارانبارین و شوێنەوارەكانیەتی لەسەر ژینگە و خزمەتگوزاری و لایەنی تەندروستیی مرۆڤ و چەندین بواری دیكە، بە شێوەیەك كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ئەوەندە زۆرە ناكرێت لە دووتوێی دیمانەیەكدا باسیان بكرێت، هەر بۆیە دەبێت وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرز بەرنامەی جددی و فراوان بە هەماهەنگی سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و كەم ئاوی دابڕێژدرێت.

* بەشێك لە هۆكاری قووڵبوونەوەی كێشەی كەم ئاوی پەیوەندی بە لایەنی مرۆییەوە هەیە، وەكو ئەوەی هەر دوو وڵاتی دراوسێی عێراق و هەرێمی كوردستان (ئێران و توركیا) بە دەیان پرۆژەی بەنداو و ئاودێری و گۆڕینی ڕێرەوی ئاویان دەست پێ كردووە، ئایا بۆچی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بە جددی دەست بە دانوستاندن و گفتوگۆكان ناكرێت لەگەڵ ئەم دوو وڵاتەدا؟

- هۆكارێكی سەرەكی و ڕاستەوخۆی ئەوەی كێشەی كەم ئاوی مەترسیدارتر كردووە، ئەو ژمارە زۆرەی بەنداو و بەربەست و گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبار و زێیەكانە كە هەر دوو وڵاتی توركیان و ئێران لە سەر ئەو لق و زێ و سەرچاوانەی ئاو دروستیان كردووە كە ڕاستەوخۆ دەڕژێنە ناو هەرێمی كوردستان و دواتر وڵاتی عێراقەوە. بەڵام ئەم گفتوگۆ و دانوستاندنانە لە بەر ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە و بەپێی دەستووری ئەو وڵاتە ئەم بابەتە سیادییە و عێراقیش لاوازە لەئاستی ئەم وڵاتانە، بۆیە باشترین ڕێگا ئەوەیە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان بە خۆمان بكەوین و دەست بە جێبەجێكردنی بەنداوەكان بكەین. ئەگەر ئەمڕۆ دەست بەجێبەجێكردنی بكەین زۆر باشترە لە سبەی، پێویستە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان داوای ئەو بودجە سیادییە بكەن كە بۆ ئەم پرۆژە ستراتیژی و گەورانە دابین دەكرێت.

* یەكێك لە مەترسییەكانی ئەم وشكەساڵییە كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوەیە بەتایبەتی لە سەنتەری شار و قەزاكان، ئایا ئێوە وەكو پەرلەمانتار داوای دانیشتنی بەپەلەتان نەكردووە بۆ خۆئامادەكردن لە ئەگەری ڕوودانی ئەم كێشەیە و چارەسەركردنی؟

- حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەم مەترسییە كردووە و هەموو داتا و ژمارەكانیش بەو ئاراستەیە دەڕوات، ئەمساڵ لە زۆر ناوچەی كوردستان و لە شار و شارۆچكەكان گرفتی كەمیی ئاوی خواردنەوە سەرهەڵدەدات، بەڵام نە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و نە وەزارەتی شارەوانی و نە پارێزگارەكان لە بەر كەمیی بودجەی بەردەست هەنگاوی گەورە و فراوانیان نەناوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی گرفتی كەمیی ئاوی خواردنەوە و ئاوی كشتوكاڵ، پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە بە بودجە و پارەیەكی زۆر دەبێت و كاتێكی كەمیش بۆ هاتنی مانگی حەوت و هەشتی ئەمساڵ ماوە و زۆر لە گەڕەك و ناوچەكانی كوردستان تووشی گرفتی كەم ئاوی دەبن، چارەسەری ئەم كێشەیە تەنیا بە لێدانی بیری ئاوخواردنەوە نابێت، بەڵكو لە ڕێگەی پلان و كاری درێژخایەنی وەكو دروستكردنی بەنداو و ڕاكێشانی ئاوی خواردنەوەی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی دەبێت، بۆ نموونە لە شاری هەولێر دەبێت بۆرییەكی دیكەی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو هەموو یەكە نیشتەجێیە ڕاكێشرێت، شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆكیش بە هەمان شێوە. لێدانی بیری ئاوی خواردنەوە تەنیا ڕێگا چارەسەرێكی كاتی و ناچارییە، لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوو 125 – 150 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، خۆ ئەگەر لە چوار ساڵی داهاتوودا وشكەساڵی بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دۆخەكە زۆر مەترسیدارتر دەبێت، نەك 138 بیری ئاوی خواردنەوە بۆ ناو شاری هەولێر و دەوروبەری فریامان ناكەوێت، دەبێت هەموو بیرەكانی دیكەش دووبارە قووڵتر بكرێنەوە، ئێمە 85%ی ئاوی سەر زەویمان بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕوات و ئەوانیش سوودی لێ وەرناگرن و دەڕژێتە ناو ئاوی سوێری دەریای كەنداو،  بەداخەوە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی و كەم ئاوی هیچ پلانێكی كورتخایەن و درێژخایەن نییە، دەبێت ئێمە چاوەڕوانی حكومەتی عێراق نەكەین بۆ دروستكردنی بەنداو.

* ئێوە وەكو لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ داوای دانیشتنێكی بەپەلەی مەترسییەكانی وشكەساڵی و ڕووبەرووبوونەوەی ناكەن؟

- جموجووڵی سیاسی و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان ئومێدبەخشە و بڕیارە بە لانیكەم لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەست بە دانیشتنەكانی پەرلەمان بكرێتەوە و وەكو لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری داوای دانیشتنێكی بەپەلەی پەرلەمانی كوردستان دەكەین بۆ دانیشتن و گفتوگۆكردن لەسەر وشكەساڵی و ئەگەری كەم ئاوی بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم ڕاسپێردرێن بەپێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستیدایە هەنگاوی خێرا بنێت و پلانێكی تۆكمەی هەبێت بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی وشكەساڵی.   

 

Top