چۆن سترێس قەڵەوت دەكات؟

چۆن سترێس قەڵەوت دەكات؟

گەلێك كەس لەكاتی سترێسدا كێشی لەشیان زیاد دەكات، هۆكارەكە تێكەڵاوێكی هۆرمۆنی و دەروونییە. لەش وەكو كاردانەوە بەرانبەر بە سترێس هۆرمۆنی كۆرتیسۆل (كە بە هۆرمۆنی سترێس ناسراوە) دەردەدات، كە هانی زیاد كۆبوونەوەی چەوریی سك (چەوریی هەناو) Visceral fat دەدات، كە بە چەوریی ژەهراوی Toxic fat ناوزەد دەكرێت، چونكە بە توندی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكات. سترێسی درێژخایەن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیسۆل Cortisol، كە هاندەرە بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردن، ئەمەش دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێش، یان گرفت لە دابەزاندنی كێشی زیادی لەش. لەش خاوەنی سیستمێكی هاوسەنگی هۆرمۆنەكانە و، لەكاتی سترێسدا هۆرمۆنی كۆرتیسۆل و ئەدرینالین و نۆرئەدرینالین دەردەدات، پاش سووكبوونی سترێس، ئاستی هۆرمۆنەكانی ئەدرینالین و نۆرئەدرینالین بە ماوەیەكی كورت دادەبەزێت، بەڵام ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیسۆل بۆ ماوەیەكی زیاتر بە بەرزی دەمێنێتەوە. هۆرمۆنی كۆرتیسۆل وزە بۆ لەش دابین دەكات بە هاندانی میتابۆلیزمی چەوری و كاربۆهیدرات، هەروەها هانی دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین دەدات لەگەڵ هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن، ئەمانە دەبنە هۆی زیادبوونی ئارەزووی خواردن و زیادبوونی كێشی لەش، رێژەی زیاد دەردانی هۆرمۆنی كۆرتیسۆل لەكاتی سترێسدا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە جیاوازە.

Top