مسعود كاره‌ش جێگری پاریزگاری هه‌ولێر بۆ كاروباری هونه‌ری بۆ گوڵان: ئاماده‌كاریی باش كراوه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی
له ئێستاوه باس له ئاماژه و ئه‌گه‌ره‌كانی وشكه‌ساڵی ده‌كرێت به‌هۆی كه‌میی بارانبارینه‌وه له‌مساڵدا، بۆ زانینی ئه‌و هه‌نگاو و ڕێكارانه‌ی به نیازه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته بگیرێنه‌به‌ر، چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ی مه‌سعود كاكه‌ڕه‌ش جێگری پاریزگاری هه‌ولێر بۆ كاروباری هونه‌ری كرد و سه‌ره‌تا سه‌باره‌ت به خۆئاماده‌كردن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی ئه‌مساڵ بۆ شاری هه‌ولێر و ئه‌و تیمه‌ی هه‌ماهه‌نگی له به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه جیاوازه‌كانی فهرمانگاكانی هه‌ولێر دروست كراوه، گوتی: «ئه‌مساڵ به هۆی كهمبارانییهوه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دیار بوو كه وشكه‌ساڵییه، بۆیه به پێویستمان زانی پێشوه‌خته خۆمان ئاماده‌بكه‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی، نه‌ك دوای ڕوودانی ده‌ست به‌كار بكه‌ین، له‌م ڕووه‌وه له مانگی 11و12ی ساڵی رابردوو چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له پارێزگای هه‌ولێر به ئاماده‌بوونی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌نجام دا، له‌وانه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌با و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كشتوكاڵی هه‌ولێر و ئاوی ژێرزه‌وی و ئاودێریی هه‌ولێر و چه‌ندین لایه‌نی دیكه، له ده‌رئه‌نجامدا تیمێكی به‌رفراوان پێك هێنرا له‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیدارانه، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و كه‌مئاوی له شاری هه‌ولێر و سنووره‌كه‌یدا و، هه‌ر یه‌ك له‌و لایه‌نانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كاندا بوون ڕاوسه‌رنجی خۆیان هه‌بوو، هه‌موو بۆچوونه‌كان به هه‌ند وه‌رگیران و كاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه كرایه كۆنووسێك و به‌رزكرایه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئێمه وه‌ك پارێزگا نه‌خشه‌ڕێگا و ئاماده‌كاریمان كردووه بۆ ئه‌گه‌ری ڕوودانی ئه‌م قه‌یرانه، ئه‌و پلان و ئاماده‌كارییه‌ی كردوومانه بۆ هه‌موو پارێزگای هه‌ولێره جگه له سۆران، كه ئیداره‌ی سۆران ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و بۆی هه‌یه پلان و به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌بێت، هه‌رچه‌نده ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی سۆرانیش كار و به‌رنامه‌ی تێكههڵكێشمان هه‌بێت. هه‌ر بۆ نمونه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ر كاری هه‌موو قه‌زاو ناحیه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر به سۆرانیشه‌وه جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاودێری هه‌مان سنووری جوگرافیی پارێزگای هه‌ولێر له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، هه‌ر بۆیه كاری ئه‌و تیمه‌ی پێك هێنراوه، هه‌موو پارێزگای هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه».
138 بیری ئیرتیوازیی له ناو شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری لێ ده‌درێت، له‌مباره‌یه‌وه جێگری پاریزگاری هه‌ولێر گوتی: «هه‌موو ئه‌و كار و داواكارییانه‌ی ئێمه به هه‌ماهه‌نگی ئاوی ژێرزه‌وی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزمان كردووه‌ته‌وه، بێگومان هه‌ندێك له‌و بیرانه بیری تازه‌ن بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌ك و شوێنانه‌ی له گه‌وره‌بووندان و، ژماره‌یه‌كیش له‌و بیرانه‌ن كه به هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه وشكیان كردووه، یان ئاوه‌كه‌یان كه‌می كردووه، كاری قووڵكردنیان ئه‌نجام ده‌درێت و بیری به‌دیلیان بۆ لێ ده‌درێت، هاوكات له قه‌زا و ناحیه‌كانیش هه‌ر شوێن وگهڕهكێك به‌رفراوان بووبێت و پێویستی به بیری ئاو هه‌بێت، بیریان بۆ لێ ده‌درێت، واته له‌و ژماره بیره‌ی دانراون، هه‌ندێك بیری تازه‌ن و هه‌ندێكیش بیرلێدانهوهیه له شوێنی ئه‌و بیرانه‌ی كه له ساڵانی 70 و80 و90ی سه‌ده‌ی ڕابردوو لێ دراون، به‌ڵام ئێستا وشكیان كردووه، یان ئاستی ئاوه‌كانیان زۆر دابه‌زیوه». و، سه‌باره‌ت به هێڵه گشتیه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ سیكتهری ئاوی خواردنه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه «یه‌كێك له هێڵه گشتییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی كوردستان به‌كارهێنانی ئاوی سه‌رزه‌وی بوو له جیاتی ئاوی ژێرزه‌وی، ئه‌م كابینه‌یه‌ش ته‌واوكاری كابینه‌كانی دیكه‌یه كه چه‌ندین پڕۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ستراتیژی له كابینه‌كانی دیكه وه‌ك پڕۆژه‌ی ئاوی میرگه‌سۆر و شه‌قڵاوه و سۆران و .. تاد، جێبه‌جێ كراون. ئه‌و پڕۆژانه ژێرخانێكی ئابووری و به‌هێزی ئاو بوون بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی باسمان كرد و، هه‌ندێ پڕۆژه‌ی ستراتیژیی دیكه‌ی ئاو هه‌بوون، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و قه‌یرانانه‌ی به‌رۆكی گرتووین، نه‌مانتوانی جێبه‌جێیان بكه‌ین و، له هه‌مانكاتیشدا له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌كه‌یدا كابینه‌ی نۆیه‌م له به‌رنامه‌یدا هه‌وڵ ده‌دات چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی ئاو جێبه‌جێ بكات، هه‌ر ئێستا پڕۆژه‌ی مێرگه‌سۆر جێبه‌جێ ده‌كرێت و بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه كه سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێره و یه‌كێكه له پڕۆژه ستراتیژییه‌كان و به‌كارهێنانی ئاوی سه‌رزه‌وییه، واته حكومه‌ت وازی له پڕۆژه‌كانی ئاوی سه‌رزه‌وی نه‌هێناوه، به‌ڵكو له هه‌ر دوو سه‌رچاوه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی كار ده‌كات، بۆ نموونه گوندێك كێشه‌ی ئاوی هه‌بێت، خۆ ناكرێت پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی بۆ جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵكو به لێدانی بیرێك ئاوی بۆ دابین ده‌كرێت».
سه‌باره‌ت به دابینكردنی ئاو به ته‌نكه‌ر به یه‌كێك له‌و ڕێگه ناچارییانه داده‌نرێت كه خێرا به فریای هاووڵاتیان بكه‌وێت، له‌مباره‌یه‌وه مه‌سعود كاڕه‌ش گوتی: «له پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له هه‌وڵی خۆمان‌داین و وه‌ك یه‌ك تیم كار ده‌كه‌ین، له هه‌ر شوێنێك كێشه‌ی كه‌مئاوی هه‌بێت، چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین، هه‌موو ئهگهرهكانمان له پێشه و هه‌موو پێداویستییه‌كمان بۆ دابین كراوه كه كێشه‌كانی هاووڵاتیان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و. بۆ رێگرتن له وشكه ساڵیش له‌كابینه‌ی نۆیه‌مدا پلان بۆ چه‌ندین به‌نداوی ستراتیژی و ئاسایی و پۆنت دانراوە، بودجه ته‌رخان كراوه و چه‌ندین له‌و به‌نداوانه‌ش ئێستا كاریان تێدا ده‌كرێت، له‌وانه به‌نداوی ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان كه پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژییه و پڕۆژه‌ی به‌نداوی ئاقوبان-یش له‌ژێر جێبه‌جێكردنه و، پڕۆژه‌ی به‌نداوی چه‌مه‌رگه-ش دروست كراوه، كه دیتمان ئه‌مساڵ زیاتر له ملیارێك و سێ سه‌د ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی تێدا گل دراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها وه‌ك پارێزگای هه‌ولێر چه‌ند پۆنتێكمان كردووه، له‌وانه له گوندی كاریتان كه نزیكه‌ی 200هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو گل ده‌داته‌وه و چه‌ند پۆنتێكی دیكه‌ش له‌ژێر ئه‌نجامدان و به‌رنامه‌دان».
هه‌روه‌ها له ڕووی سوودوه‌رگرتن له ئاوی ئاوه‌ڕۆ و به‌كارهێنانی بۆ زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان و پشتێنه‌ی سه‌وزایی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم گوتی: «ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌سه‌ر قه‌رزی درێژخایه‌نی كۆمپانیای جایكای یابانییه و، ئه‌و ڕێكخراوه به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌یه و كاره‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌و پڕۆژه‌یه ئێستا له ڕاگه‌یاندنه و چه‌ند مانگێكی دیكه ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردن، دیزاینه‌كه‌ی لای ئه‌وان دروست كراوه و پاره‌ی هه‌ر هه‌مووی لای ئه‌وانه‌وه بۆ ته‌رخان كراوه، كۆمپانیا ڕاوێژكارییهكه ئۆفیسی خۆی ئێستا له هه‌ولێر كردووه‌ته‌وه و ئاماده‌ن ده‌ست به كاره‌كانیان بكه‌ن، هاوكات تهندرهكهش ئاماده‌یه بۆ ڕاگه‌یاندن، داواكارین هه‌موو كۆمپانیا پێشكه‌وتوو و پسپۆڕە شاره‌زاكان له‌و تهندهرینهدا به‌شداری بكه‌ن».