زه‌رده‌شت عه‌بدولخالق سه‌رسام به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر: هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش كراوه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی وشكه‌ساڵی
زه‌رده‌شت عه‌بدولخالق سه‌رسام به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر كه لایه‌نی ڕاسته‌وخۆی دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌یه بۆ هاووڵاتیانی شاری هه‌ولێر، سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری دروستبوونی گرفتی كه‌مئاوی و خۆئاماده‌كردنه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان، چه‌ند پرسیارێكمان لێ كرد، لێره‌دا پوخته‌ی قسه‌كانی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌نگاوه‌كانی خۆئاماده‌كردن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و ئه‌گه‌ری كه‌مئاوی، كه ئاماژه‌یه‌كی ئه‌رێنییه و جێگای دڵخۆشیی هاووڵاتیانه، زه‌رده‌شت عه‌بدولخالق سه‌رسام به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر گوتی: «سه‌ره‌تا سوپاسی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان ده‌كه‌م كه بڕی پاره‌ی پێویستی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و ئاوی ده‌وروبه‌ر دابین كردووه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كانی ئاو و لێدانه‌وه‌ی بیره وشك بووه‌كان، هه‌روه‌ها پاره‌ی پێویستی بۆ چاككردنه‌وه‌ی شكانی بۆڕییه‌كانی ئیفراز سێ ته‌رخان كردووه، ئه‌گه‌ر له هه‌ر كاتێكدا ڕوو بدات، چونكه ئه‌و بۆڕییه گرفتی بۆ دروست كردووین، كه ماوه‌ماوه له نزیك پڕۆژه‌كه ده‌شكێت، سه‌باره‌ت به‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی هه‌ریه‌كه له وه‌زاره‌ته‌كانی شاره‌وانی و كاره‌با و پارێزگاری هه‌ولێر بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی له شاری هه‌ولێر و سنووره‌كه‌ی، كه ساڵی ڕابردوو ڕووی تێ كردین و ئه‌مساڵیش به هه‌مان شێوه، له‌لایەن كه‌شناسی و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ئاگادار كراینه‌وه كه هه‌ر وه‌كو ساڵی ڕابردوو وشكه‌ساڵییه و، له وه‌رزی هاویندا شاری هه‌ولێر تووشی كه‌مئاوی ده‌بێت، هه‌ر بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان پێشوه‌خته خۆیان ئاماده كردووه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و وشكه‌ساڵی و كه‌مئاوییه‌ی كه ڕه‌نگه ڕوو بدات، ئه‌مساڵ ده‌ستپێشخه‌ری له‌لایه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌نجام درا، بۆ پێكهێنانی تیمێكی به‌رفراوان له هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی فه‌رمانگه جیاوازه‌كانی شاری هه‌ولێر، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و كه‌مئاوی، بڕیار درا كه 180 مێگاوات له لایەن وه‌زاره‌تی كاره‌باوه بۆ بیره‌كانی ناو شاری هه‌ولێر دابین بكرێت، كه به‌و بڕه كاره‌بایه بیره‌كان ده‌توانن له 18 كاتژمێر و زیاتر كاره‌بایان هه‌بێت، تا نه‌هێڵدرێت هاووڵاتیان تووشی كه‌مئاوی ببن، له‌و 138 بیره‌ی كه بڕیاره بۆ هه‌موو سنووری پارێزگای هه‌ولێر لێ بدرێت، ئه‌وه 104 بیر ئێمه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر له ناو شاری هه‌ولێر پێی هه‌ڵده‌ستین و 34 بیره‌كه‌ی دیكه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ر سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، له‌و 104 بیره‌كه‌ی كه ئێمه سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ین، ئه‌وه 70%ی بیره‌كان بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌ك و شوێنانه‌یه كه بیره‌كانیان كۆنن و وشكیان كردووه و ئاستی ئاوی ژێرزه‌وییان به ته‌واوی دابه‌زیوه، ئه‌وه ئه‌و بیرانه لێ ده‌درێنه‌وه كه بیری به‌دیلیان پێ ده‌گوترێت و 30%ی له 104بیره‌كه‌ش بیری تازه‌ن و له‌و شوێن و گه‌ڕه‌كانه لێ ده‌درێن كه گه‌ڕه‌كی تازه‌ن و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاویان لێ نزیك نییه، واته نه پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفرازیان هه‌یه و نه بیرشیان بۆ هه‌ڵكه‌ندراوه».
سه‌باره‌ت به ئاوی سه‌ر زه‌وی و پڕۆژه‌كانی حكومه‌تیش، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر گوتی: «سه‌رچاوه‌ی دووه‌می ئاوی خواردنه‌وه بۆ هه‌ولێر، ئاوی سه‌رزه‌وییه، كه له ساڵی 1968 یه‌كه‌م پڕۆژه له‌سه‌ر زێی گه‌وره جێبه‌جێ كراوه، كه ناوی لێ نراوه ئیفراز یه‌ك و، له ساڵی 1982 پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز دوو بۆ شاری هه‌ولێر له هه‌مان زێی گه‌وره جێبه‌جێ كرا، له پاش ئه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر ئاو له هه‌ولێر به‌هۆی به‌رفراوانی و گه‌شه‌ی شاره‌وه زیادی كرد، ئه‌وه له ساڵی 2006 پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز سێ جێبه‌جێ كرا، كه له سه‌رووی 40%ی پێداویستیی ئاو بۆ ناو شاری هه‌ولێر دابین ده‌كات، و به هه‌رسێ پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز یه‌ك و دوو و سێ له سه‌رووی50%ی ئاوی خواردنه‌وه بۆ شاری هه‌ولێر دابین ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی حكومه‌تی كوردستان ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستاوه بۆ په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌ی دابینكردنی ئاو بۆ شاری هه‌ولێر، حكومه‌ت له ساڵی 2015وه ده‌یه‌وێت پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی ستراتیژی به ناوی ئیفراز چوار، كه ئێمه ناومان لێ ناوه پڕۆژه‌ی ئاوی هه‌ولێر چوار، له هه‌مان سه‌رچاوه‌ی سه‌رزه‌وی كه زێی گه‌وره‌یه جێبه‌جێ بكات، ده‌مه‌وێت لێره‌دا ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری هه‌ولێر بده‌ین، كه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین بیری ئاوی خواردنه‌وه لێ بده‌ین، به‌ڵام تا پڕۆژه‌ی ئاوی دیكه له سه‌رچاوه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی جێبه‌جێ ده‌كرێت، ناكرێت خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه تازه‌ن و ئه‌و شوێنانه‌ی هیچ سه‌رچاویه‌كی ئاویان نییه، یان نزیك نییه بێ ئاو بن. له‌و ساته‌ی قسه ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئێوه ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی ئیفراز چوار ده‌ست پێ بكات، ئه‌وه سێ ساڵ ده‌خایه‌نێت، هه‌ر بۆیه بڕیاری جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه بوو ده‌بێت وه‌ك حاڵه‌تێكی فریاكه‌وتن و كاتی و سه‌ره‌تایی بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی پێویسته، بیریان بۆ هه‌ڵكه‌نین و ئاویان بۆ دابین بكه‌ین، تا پڕۆژه‌ی ئاوی هه‌ولێر ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردن و ته‌واو ده‌بێت، به ته‌واوبوونی پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز چوار كه كۆگاكانی ئاوی له به‌رزاییه‌كانی كه‌سنه‌زان ده‌بێت، ئه‌و كات ئاوه‌كه 70 كیلۆمه‌تر له چوارده‌وری شه‌قامی150مه‌تری ده‌سووڕێته‌وه و 16 كیلۆمه‌تریش ده‌چێته ناو شه‌قامی 120 مه‌تری، كه به‌مه‌ش باوه‌ش به شاری هه‌ولێر داده‌گرێت و شاری هه‌ولێر له هاویناندا ڕزگاری ده‌بێت له كه‌مئاوی، هه‌ر بۆیه به ته‌واوبوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه له سه‌رووی 70%ی بیره‌كانی ناو شاری هه‌ولێر داده‌خرێن، به‌پێی ئه‌و پلان و كار و تیمه‌ی دانراوه، باوەڕ ناكه‌م بگه‌ینه ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه ئه‌مساڵ به تانكه‌ر ئاو به سه‌ر ئه‌و كۆڵان و ماڵ و شوێنانه‌دا دابه‌ش بكه‌ین، كه ساڵی ڕابردوو تووشی كه‌مئاوی بوون».
سه‌باره‌ت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌با و فه‌رمانگه‌كانی دیكه به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر گوتی: «بیره‌كان 104 بیرن، له‌و بیرانه 70%ی بیری كۆنن و كاره‌بایان بۆ دابین كراوه و، له‌و 30%ی بیرانه‌ی زیاد ده‌بن، له‌وانه‌ش كێشه‌مان نییه، به‌ڵكو كێشه‌كه له كه‌میی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایه به‌گشتی و، هاوینان كێشه‌مان له‌و بڕه كاره‌بایه هه‌یه كه ده‌درێت به بیره‌كان، تۆڕه‌كانی ئاو پێویستی به 18 كاتژمێر كاره‌با هه‌یه تا بتوانرێت به ته‌واوی پڕ ئاو ببێت و بگاته ماڵه‌كان، وه‌ك ئاماژه‌مان پێ داوه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا كه ئه‌مساڵ 180 میگاوات كاره‌با بۆ بیره‌كانی ناو شاری هه‌ولێر دابین بكرێت، تا بیره‌كان زیاتر له 18 كاتژمێر كاره‌بایان هه‌بێت».