روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان-عێراق

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان-عێراق



هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی نه‌وت و پرۆسه‌ی نه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌ستوری ساڵی 2005عێراقی ده‌گونجێت و حوكمه‌كانی یاسای ژماره‌ (22)ی ساڵی (2007) كه‌ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه‌ له‌دژی حوكمه‌كانی ده‌ستوری عێراقی نین و پێویسته‌ كار به‌ حوكمه‌كانی بكرێت له‌كاتێكدا دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ حه‌سریه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵیدا نین كه‌ له‌ ماده‌ی (110) ده‌ستوردا هاتووه‌
به‌ به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی له‌ ماده‌ (112)ی ده‌ستوری عێراقیدا هاتووه‌ كه‌ (حكومه‌تی فیدرالی ئیداره‌ی نه‌وت و غازی ده‌رهاتوو له‌ كێڵگه‌كانی ئێستا ده‌كات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكانی به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌ شێوه‌یه‌ك داهاته‌كانی به‌ شێوازێكی یه‌كسان كه‌ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ رێژه‌ی دانیشتووان له‌ هه‌موو عێراق دابه‌ش ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانكردنی به‌شێك بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ ئه‌و هه‌رێمانه‌ی كه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بوونه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی نادادپه‌روه‌رانه‌ له‌لایه‌ن رژێمی پێشوو لێی بێ به‌ش بوونه‌ و زه‌ره‌رمه‌ند بوونه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك گه‌ره‌نتی گه‌شه‌كردنی هاوسه‌نگیان بدرێت بۆ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی وڵات و ئه‌مه‌ش به‌ یاسا رێك ده‌خرێت)، بۆیه‌ به‌م پێیه‌ ئه‌و بیره‌ نه‌وتیانه‌ی دوای ساڵی 2005 له‌ هه‌رێمی كوردستان دۆزراونه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حه‌سری هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ده‌قه‌ش باسی بیره‌ نه‌وتیه‌كانی ئێستای كردووه‌، واتا ئه‌وانه‌ی پێش ساڵی 2005 هه‌بوونه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بیره‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم دوای ساڵی 2005 دۆزراونه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و به‌ پشت به‌ستن به‌مه‌ش ده‌قه‌كانی یاسای ژماره‌ 22ی ساڵی 2007ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان رێكه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ده‌ستوری عێراقی و به‌ پێچه‌وانه‌ی نیه‌.

دادوه‌ر
عبدالجبار عزیز حسن
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان-عێراق

Top