دراما بە ڕەنگی كورد(1/2)

دراما بە ڕەنگی كورد(1/2)

تاریق كارێزی

بەشی یەكەم

لە ڕووی زمانەوە (درامای كورد) ڕاستە نەك درامای كوردی، بە هەمان شێوە لە ڕووی زمانەوە بڵێین، درامای عەرەب، تورك، فارس، ڕاستە. نەوەی ئەم سەردەمەی نەتەوەكەمان تا دێت زیاتر لە زمانی كوردی نابەڵەد و ناشارەزا دەبن، لە نووسین و قسە كردندا، كوردییەكەیان لەنگ و لاپارەسەنگ و شپرزە و شێواوە، دەی خۆ زمان لێرەدا بابەتی باسەكەمان نییە، بۆیە لە كورتی دەیبڕینەوە.

قسە و باسی ئێمە درامایە، دراما كرۆكی هونەری شانۆیە، لەسەر تەختەی شانۆ، شاشەی تەلەفزیۆن، یان لە ڕادیۆوە پێشكەش دەكرێت، بە شانۆ و بە نواندنیش دەگوترێت دراما، كە گوزارشت لە ڕووداو، بەسەرهات، هەلومەرجی سەرنج ڕاكیش، دۆخێكی سۆزداری، یان دوور لە مەزندە دەكات، لە ڕووی وێژەشەوە، دراما تێكەڵەیەكە لە شیعر و پەخشان، ئامانج وێنا كردنی ژیان، یان كەسایەتییە، گێڕانەوەی چیرۆكە كە تەژییە لە سۆز و بەریەككەوتن و ململانێ، هەڵبەت بە گوێرەی رێڕەوی دەقەكە ئیدی شانۆنامە بێت، یان چیرۆك، لە درامادا بینەر مەزندەی كۆتاییهاتنی ڕێڕەوی درامای چیرۆكەكە ناكات و، بە شێوەیەكی دوور لە مەزندە و پێشبینیی ئەو، كۆتایی دێت و دەكەوێتەوە.

دراما بە ڕەنگی كورد(1/2)

هونەری دراما دابەشی سەر چەند جۆرێك دەبێت، بە چڕی ئەمانەن:
كۆمیدیا: ئامانجی نووسەری شانۆنامەی كۆمێدی بە پێكەنینهێنانی جەماوەرە، بۆ نووسینی كۆمیدیا نووسەر پێویستی بە ئاستێكی بەرزی زیرەكی و زرنگی هەیە.
میلۆدراما: لەم چەشنە درامایەدا زێدەڕۆیی لە لایەنی سۆزداری دەكرێت، پڕە لە هەست و سۆز و ئەندێشە، بەو جۆرە ڕاستەوخۆ سەرنجی جەماوەر بە لای خۆیدا دەبات.
تراژیدیا: یەكێكە لە دێرینترین شێوەكانی دراما، ڕیشەی بۆ سەردەمی گریك (هەزارەی یەكەمی بەر لە زایین) دەگەڕێتەوە، تراژیدیا گوزارشت لە چەرمەسەری و ناڕەحەتی و سەختی و ناخۆشییەكانی ژیانی مرۆڤ دەكات.
تراژیكۆمیدی: ئەم جۆرە درامایە تێكەڵەیەكە لە تراژیدیا و كۆمیدیا، ئاوێتەیەكە لە هەردووكیان.
مۆنۆدراما: دەقێكی تاكپاڵەوان و تاكەكاراكتەرە، یەك ئەكتەریش پاڵەوانیەتی و نمایشی دەكات.
دراماواز: (درامای ئاواز) لەم چەشنە درامایەدا، مووزیك، ئاواز و سەما ڕۆڵی سەرەكی و گرنگیان هەیە، دەقی دراماواز (مووزیك دراما) پشت بە دیالۆگ نابەستێت، بەڵكو سیناریۆ بە مووزیك و سەما و هەڵپەڕكێ بەرجەستە دەكرێت.
درامای خەیاڵ: ئەم جۆرە درامایە پشت بە خەیاڵ دەبەستێت، كاراكتەرانی ئەم جۆرە شانۆیە تەڕدەستییەكی زۆر دەنوێنن، پتر منداڵ هۆگری ئەم جۆرە درامایە دەبن، باس لە جنۆكە و فریشتە و پاڵەوانی سەرسوڕهێنەر دەكات.
دارمای گاڵتەجاڕ: ئەم جۆرە درامایە بە گشتی واتایەك بە دەستەوە نادات، زێدەڕۆیی زۆری تێدایە، هەرا و زەنای تێدا بەكار دێت.

دراما بە ڕەنگی كورد(1/2)

با بێینە سەر توخمەكانی دراما، كە بریتین لە:
بیرۆكەی سەرەكی: ئەمە ئامانجی هەر دەقێكی شانۆ (فیلم و زنجیرە فیلم و نواندن)ـە، ئەمەش بە تانوپۆی دەق دەخرێتە ڕوو.
تانوپۆ: ململانێی نێو دراما و نمایش، تانوپۆی دەق دەخاتە ڕوو، ڕووداوی نێو دراما ڕوو لە هەڵكشان دەكات تا دەگاتە ترۆپكی تانوپۆ، لەوێشەوە بەرەو چارەسەر ڕێگە دەگرێت.
كاراكتەر: كاراكتەرانی هەر دەقێكی دراما، پەسنی پاڵەوانانی نێو دەقەكە دەدەن، نمایش و بەرجەستەیان دەكەن.
زمان: هەموو دەقێكی دراما (شانۆ یان نواندن) بریتییە لەو وشە و ڕستانەی كە نووسەری دەقەكە هەڵیان دەبژێرێت و دایان دەڕێژێت، بۆ ئەوەی قسە لەبارەی كەسایەتی و كاراكتەرانی نێو درامایەكە بكەن.
مووزیك: مووزیك لە درامادا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە، تام و چێژ و خۆشی پێ دەبەخشێت، بەدەر لە هەست و تەڕوبڕیی مووزیك، دراما وشك و برینگ دەبێت و، لە چێژ و چەشە ڕووت دەبێتەوە.
هەندێك لە پسپۆڕانی بوارەكە پێیان وایە دراما چاوگی ڕاستەقینەی تێكڕای ئەو هونەرانەیە كە شارستانییەتی دێرینی گەلان ناسیویانە، لە نێو تێكڕای شارستانییەتی گەلانی دێریندا، گەلی گریك (یۆنانی كۆن) درامایان كرد بە بەشێك لە ژیان و هۆش و بیركردنەوەی خۆیان، بۆیە هەر خۆیان هونەری درامایان خستە نێو چوارچێوەی دەقی شانۆوە.
دراما لە بنەڕەتدا ڕەگەزێكی شانۆیە، لە شانۆوە هونەری نمایشی درامایی وەك: نواندن، سینەما، زنجیرە فیلم، ئۆپرا، پەیدا بوون. لە شارستانییەتی ڕۆمدا، دراما وێژە بوو، دەخوێندرایەوە، نمایشی سەر تەختەی شانۆش، دەقی خۆڕسك بوو نەك نووسراو.
لە بەشی دووەم و داهاتووی ئەم وتارە، دێینە سەر درامای كورد و گەلانی دی.

Top