مایكڵ دێش بەڕێوەبەری سەنتەری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نۆتردام بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بزمارێكی دیكەیە لە تابووتی سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی

مایكڵ دێش   بەڕێوەبەری سەنتەری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نۆتردام بۆ گوڵان:     شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بزمارێكی دیكەیە لە تابووتی سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی

 

 

مایكڵ دێش پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی نۆتردام و، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاسایشی نێودەوڵەتییە لە هەمان زانكۆ، پێشتریش دوو جار سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی بووە لەو زانكۆیە، هەروەها دامەزرێنەری ئەنستیتوتی سكۆكرافتە بووە بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە وەك: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سیاسەتی ئاسایشی ئەمریكا. گوڵان لە دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاتوێ كرد لە بارەی ڕەوتی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە.

 

* دوو مانگ زیاتر تێدەپەڕێت بەسەر شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا، یان با بڵیێن بەسەر بڕیاری ڕووسیا بۆ پەلاماردانی سەربازییانەی ئۆكرانیا، خوێندنەوە و تێڕوانینی ئێوە بۆ ئەم شەڕە چییە و چۆن لە لێكەوت و دەرهاویشتەكانی دەڕوانن؟

- پێم وایە ئەوە بڕیارێكی زۆر دراماتیكی بوو، لە هەمان كاتدا بڕیارێكی پڕ لە مەترسی و سەركێشی بوو، كە ئێستا بەرجەستە بوون و ڕەنگدانەوەی ئەم بڕیارە لەسەر ئەرزی واقیعدا بەدی دەكەین، هەروەها ئاشكرایە كە ئەگەری سەركەوتنێكی خێرا لەلایەن ڕووسیاوە لە دژی ئۆكرانیا ئەگەرێكی واقیعی نەبوو و، ڕەوتی شەڕەكەش دەریخست كە ئەمە ئەگەرێكی دوورە، لە هەمان كاتدا من پێم وانییە ئۆكرانیا بتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە دژی ڕووسیا، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین دۆخەكە بە بنبەستگەیشتنێكی درێژخایەن دەگات. پێم وایە پرسی پەیوەست بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ناتۆ ئەوەیە كە ئایا تا چەند دەتوانن لەگەڵ دۆخێكی بە بنبەستگەیشتووی وێرانكاردا لە ئۆكرانیا خۆیان ڕابێنن، كە ئاشكرایە ئەم دەرئەنجامە زۆرترین ئەگەری ئەوەی لێ دەكرێت بێتەئاراوە، چونكە كێشەكە ئەوەیە تا شەڕەكە درێژە بكێشێت، ئەگەری بەرفراوانبوون و تەشەنەكردنی شەڕەكە زیاتر دەبێت، لە هەمان كاتدا مایەی درێژبوونەوەی تەنگژە و كارەساتە مرۆییەكە بۆ گەلی ئۆكرانیایە كە وڵاتەكەیان بووەتە گۆڕەپانی شەڕەكە.

* ئەی چۆن لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە دەڕوانیت لەلایەن ڕووسیاوە، بە واتایەكی دیكە، ئایا هۆكارەكە ئەوە بوو كە ڕووسیا ترس و نیگەرانیی هەبوو كە بە بێ پەنابردن بۆ شەڕ نەیدەتوانی بیانڕەوێنێتەوە، یان دەكرێت بڵێین ئەمە تەنیا ئامانجی فراوانخوازیی ڕووسیا بوو؟

- بە تێڕوانینی من پاڵنەری سەرەكیی شەڕەكە بریتی بوو لە ترس و نیگەرانیی ڕووسیا لە بەرامبەر بەرفراوانبوونی ناتۆدا، واتە ئەو هەست و تێڕوانینە هەبوو نەك تەنیا لەلای سەرۆك ڤلادمیر پوتین، بەڵكو لە نێو زۆرێك لە بەرپرسە باڵاكانی ڕووسیاشدا، بەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا زیاتر و زیاتر سوود لە لاوازبوونی ڕووسیا وەردەگرن، چونكە نابێت ئەوە لە یاد بكەین كە لە ساڵی 2007 ڤلادمیر پوتین ڕایگەیاند كە بەرفراوانبوونی ناتۆ و لەخۆگرتنی ئۆكرانیا و جۆرجیا هێڵی سوورە و قابیلی قبووڵكردن نییە، بەڵام ئەوە بوو لە ساڵی 2008 و لە لوتكەی بوخاریست ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گوشاری لەسەر ئەندامانی دیكەی ناتۆ كرد، بۆ ئەوەی بە فەرمی پرسی بە ئەندامبوونی ئەم دوو وڵاتە لە نێو ناتۆدا تاوتوێ بكەن، هەموو ئەمانەش سەریان كێشا بۆ هاتنەئارای دەرئەنجامێكی حەتمی و تراژیدی.

* با پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكە بكەین، ئایا بە ڕاستی نیگەرانییەكانی ڕووسیا لە جێی خۆیدا نەبوون، یان لە واقیعدا بەرژەوەندییە ئەمنی و ستراتیژییەكانی ئەو وڵاتە لە مەحەك و مەترسیدا بوون و ڕووسیا خۆی لە دۆخێكدا بینییەوە كە ناچار بوو كاردانەوەی هەبێت؟

- ئێمە با لە ڕوانگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لەم پرسە بڕوانین، ئێمە لە سەروەخت و سەردەمی شەڕی سارددا زۆر ناڕەحەت و نیگەران بووین لە ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەی لە كوبادا لە ئارادابوو (كە دەسەڵاتێك بوو مەیلی بۆ ئەمریكا هەبوو و جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتێك بە سەرۆكایەتیی فیدڵ كاسترۆ) كە پتر نزیك بوو لە مۆسكۆی پایتەختی یەكێتی سۆڤیەت، ئەوە بوو ئەمریكا بە ڕوونی ڕایگەیاند كە ناتوانێت لەگەڵ ئەم دۆخەدا بژی و، دواتر پێشهاتەكان پەرەیان سەند تا گەیشتە هاتنەئارای قەیرانی مووشەكەكانی كوبا. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە دەبێت ئەو ڕاستییە لە بەرچاو بگرین كە هێزە مەزنەكان زۆر هەستیارن بەو پەرەسەندن و پێشهاتانەی لە نزیك وڵاتەكەیانەوە ڕوو دەدەن، كەواتە ئەگەر مانۆڕی هێزەكانی ڕووسیا (لە پێش هەڵگیرسانی شەڕەكەوە) مایەی سەرسوڕمانی ئێمە بووبێت، ئەوا وا دیارە كە یادەوەریمان لە ئاست مێژوودا لاواز بووە.

* پێشتر بڕوا و بۆچونێك هەبوو بەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ئەوروپادا ئەگەرێكی دوورە، بەهۆی ئەو پشتبەیەكبەستن و ئاوێتەبوونە ئابوورییەی هاتبووە ئاراوە، كەواتە بەرپابوونی ئەم شەڕە چیمان پێ دەڵێت لەبارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و، ئەگەری ڕوودانی شەڕی زیاتر لە نێوان وڵاتاندا، لەو ڕوانگەیەوە كە ئەم شەڕە دەریخست كە ئەو بۆچوونەی پێشوو زۆر لە جێی خۆیدا نەبوو؟

- لە ڕاستیدا ئەم شەڕە بزمارێكی دیكە بوو لە تابوونی سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی، هەروەها ئێمە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە بۆمان دەركەوت كە ئاوێتەبوونێكی گەورەی ئابووری بەو مانایە نایەت كە ئیدی دوو وڵات شەڕ لەگەڵ یەكتردا بەرپا ناكەن، یان پەنا نابەنە بەر شەڕ لە دژی یەكتری، ئەم جارەش ئەوەمان بەدی كرد كە سەرەڕای پەیوەندی و ئاوێتەبوونێكی گەورەی دوولایەنەی نێوان ڕووسیا و ئەوروپا (بە تایبەتی لە پەیوەندی بە پرسی وزەوە) ئەگەر بەرژەوەندییە جیوپۆلەتیكییەكان كەوتنە مەترسییەوە ئەوا ئەم پرسانە دەبنە پرسی لاوەكی.

* چۆن لە كاردانەوە و پەرچەكداریی خێرا و دەستبەجێی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڕوانیت بۆ دەستەبەركردنی هاوكاریی سەربازی بۆ ئۆكرانیا و، بۆ ڕێگریكردن لە ڕووسیا، تا نەتوانێت سەركەوتنێكی خێرا و یەكلاكەرەوە بەدەست بهێنێت؟

- گومان هەڵناگرێت كە ڕۆژئاوا سەركەوتوو بوو لەوەی ڕێگە نەدات ڕووسیا سەركەوتنێكی خێرا بەدەست بهێنێت، هەرچەندە ئێمە دڵنیا نین لەوەی ئۆكرانیا دەتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام من لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە كە درێژەكێشانی بارودۆخە بەبنبەستگەیشتووەكەی شەڕەكە و ئەگەری هەڵكشانی زیاتری بەرەو شەڕێكی بەربڵاو، هێندە گەورەیە كە دەبێت بیر لە ڕاگرتن و كۆتاییهێنان بە شەڕەكە بكرێتەوە، نەك خۆشكردنی ئاگری شەڕەكە.

* هەروەك ئاشكرایە كاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تەنیا لە دەستەبەركردنی هاوكاری و یارمەتیی سەربازیدا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو لە هەمان كاتدا چەندین سزای ئابووری و داراییان بە سەر ڕووسیاشدا سەپاندووە، ئایا چۆن كاریگەری و كارایی ئەم ڕێكارانە هەڵدەسەنگێنن و، ئایا بوونەتە هۆی بەدیهێنانی دەرئەنجامێكی خوازراو؟

- ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە هەرچەندە ئەم سزایانە كێشە و گرفتیان بۆ ڕووسیا دروست كردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەتوانین بڵێین كە نەبوونەتە هۆی هێنانەئارای دەرئەنجامێكی خوازراو بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، چونكە بە هۆی ئەوەی لە جیهاندا خواستێكی زۆر لە سەر وزە (نەوت و گاز) هەیە، ئەوا ڕووسیا توانیویەتی كڕیاری دیكە پەیدا بكات، تەنانەت زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپاش هێشتا گازی سرووشتی لە ڕووسیا دەكڕن، هەموو ئەمانە سنوور و سنووربەندیی سزا ئابوورییەكانمان بۆ دەردەخەن.

* ئەی چۆن لە ڕۆڵی چین دەڕوانن لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە و، ئایا پێتان وایە چین سوودمەندی سەرەكییە لەو بارودۆخەی هاتووەتەئاراوە لەو ڕوانگەیەوە كە بووەتە هۆی سەرقاڵبوونی ئەمریكا، ئەمەش بواری دروست كردووە بۆ چین بۆ ئەوەی لە جیهاندا پتر برەو بە دەستڕۆیشتوویی خۆی بدات؟

- لە ڕاستیدا ڕەنگە نەتوانین بڵێین چین سوودمەندی سەرەكییە، بەڵام دەكرێت بڵێین بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی هەلومەرجەكە بە چەشنێكە كە بەراورد بە زۆرێك لە وڵاتانی دیكە، بە سوود و قازانجی چین كەوتووەتەوە.

* ئەی پێت وایە ئەم شەڕە هیچ كاریگەری و دەرئەنجامێكی دەبێت لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو ڕوانگەیەوە كە ڕووسیا ئامادەیی و دەستڕۆیشتووییەكی سەربازیی هەیە لەم ناوچەیەشدا، بە تایبەتی لە سووریا، یان پێت وایە ئەوە لە ئۆكرانیا ڕوودەدات، كاریگەرییەكەی بۆ ئەم ناوچەیە ناپەڕێتەوە؟

- من پێم وانییە ئەم شەڕە هیچ دەرئەنجام و دەرهاویشتەیەكی هەبێت لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

* ئەی چۆن لە كاریگەریی ئەم شەڕە دەڕوانیت لەسەر حیساباتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پەیوەندی بە پرسی ئاسایش و وزەوە؟

- ئەوە ڕوونە كە ئەم شەڕە ناچاری كردوون كە بیر لەم پرسە بكەنەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە لە مەودای نزیكدا كارێكی زۆریان لە دەست نایەت، بۆ نموونە ئەڵمانیا بە هۆكاری سیاسی پڕۆگرامە ئەتۆمییە مەدەنییەكەی خۆی داخست و ئێستاش خۆزگە دەخوازێت كە ئەم كارەی نەكردایە.

* دوایین پرسیارمان پەیوەستە بە پێشبینییەكانتانەوە بۆ چۆنیەتیی كۆتاییهاتنی ئەم شەڕە، ئایا پێتان وایە دەكرێت، یان ئەگەری ئەوە هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا و لە ڕێی گفتوگۆ و ڕێگاچارە دیپلۆماسییەكانەوە بتوانرێت ئەم شەڕە كۆتایی پێ بهێنرێت؟

- من دڵنیا نیم لەوەی بكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم دەرئەنجامە بە دەست بهێنرێت، واتە پێم وانییە بتوانرێت لە ڕووی سەربازییەوە ئەم شەڕە یەكلا بكرێتەوە، لەبەر ئەوە هەر دەبێت لە كۆتاییدا لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەرێك بهێنرێتە ئاراوە، كەوابێت پێویستە لە ئێستادا دەست بەم گفتوگۆیە بكەین، لە بری ئەوەی كە شەڕەكە بەردەوام بێت و ئێش و ئازاری گەلی ئۆكرانیاش درێژە بكێشێت.

Top