دابەشكردنی دەسەڵات بە ئاسانی لە عێراقدا نایەتەدی

دابەشكردنی دەسەڵات  بە ئاسانی لە عێراقدا نایەتەدی

 

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن و پاشانیش نووسینەوە و پەسەندكردنی دەستووری ساڵی 2005، هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بوون كە بە ڕێگەی سیستمی «دابەشكردنی دەسەڵات» عێراقی نوێ بونیاد بنرێتەوە، بەڵام ئەم تەجرەبەیە كەوا نزیكەی دوو دەیەی بە سەردا تێدەپەڕێت، هەست دەكرێت كە نەك هەر جێبەجێ نەكراوە، بەڵكو عێراقی كردووە بە دەوڵەتێكی شكستخواردوو و، پرۆسە سیاسییەكەشی لە قۆناغی چەقبەستندایە، ئەوجا بۆ ئەوەی دەروازەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی بدۆزرێتەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشكاوانە ڕایگەیاند: «نامانەوێت ڕاستییەكان بشارینەوە، دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە ناو دەوڵەتی عێراقدا بە ئاسانی نایەتەدی. ڕێككەوتن لەسەر هەر پرسێك بكرێت، ڕووبەڕووی تەحەددیی تێڕوانینی تەسكبینانە دەبێتەوە، ئەمەش لەگەڵ پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت یەك ناگرێتەوە. ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە زۆر حاڵەتدا هۆكارێك نابین بمانگەیەنێتە قەناعەت كە بەغدا باشترین بەرژەوەندیی ئێمەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق دەكەین، دەبێت زۆر بە وردی چاودێری بكەین، لە بەر ئەوەی دڵنیا نین كە بە ڕێككەوتنەكە پابەند دەبن، تەنانەت بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر جار نییەت و ئیرادەی باش نابینین، بۆ ئەوەی ئەو شایستەییانەمان پێ بگات، هەر لە ساڵی 2004ـەوە هەتا ئێستا نەمانبینیوە تەنیا یەك مانگ لە كاتی خۆیدا و بە تەواوەتی پشكی خۆمان بۆ بنێرن، بەپێچەوانە چەندین مانگ تێپەڕیوە، بە ڕەهایی هیچ شایستەییەكی داراییان بۆ نەناردووین، ئەمساڵیش لە مانگی شوبات، ئەوەی لە بەغدا پێی دەڵێن «دادگای فیدڕاڵی»، بڕیارێكی لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد و دەیەوێت لەو مافەی خۆمان بێبەشمان بكات كە دەمانەوێت پەرە بە پیشەسازیی وزە «نەوت و گاز»ی خۆمان بدەین، سەرچاوەی ئەم بڕیارەش كە «تەواو تەواو بڕیارێكی سیاسییە»، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. سەبارەت بەو هەڵویستەی ئێمە وەرمانگرتووە بۆ پێكهێنانی حكومەت لە عێراقدا، زۆر باشیش لەو فاكتەرە ئیقلیمییانە تێدەگەین كە لە عێراقدا ڕۆڵ دەگێڕن، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەوەی بڵێین: پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لە عێراقدا سەربەخۆ نییە.

ئەم واقیعە تاڵەی ئێستای عێراق كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێ كرد، بەو جۆرە باسی كرد: «ئێمە لە دوای ساڵی 2003وە بە ئومێدی ئەوە بووین ئایندەیەكی باشتر ببینین، بەڵام بارودۆخەكە ئەمەیە كە ئێستا دەیبینین و نابێت چیدیكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و، دەبێت بەشی ئەوەندە بوێریمان هەبێت، ددان بەو ڕاستییەدا بنێین و بە دوای چارەسەرێكی تازەدا بگەڕێین».

ئەوەی جێگەی هەڵوەستە و سەرنجە لەسەر پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان، ئەوەیە كاتێك سەرنج لە تایبەتمەندی و ئەو خاڵە بەهێزانە دەدەین و دەبینین، لە عێراقدا كۆمەڵێك فاكتەری زۆر بەهێز هەن، بۆ ئەوەی گەلانی عێراق بە ئاشتی پێكەوە بژین و ئاستی گوزەرانیشیان بەرز بێت، بەڵام ئەوەی دەبینین، ئەءەیە كە ئەم هەموو فاكتەرە بەهێزانە پەك خراون و، ئەمەش وای كردووە ئەوەی لەسەر كاغەز و لە ناو دەستورەكەدا نووسراوە، دەركەوتووە لە پراكتیكدا شكستی هێناوە. عێراق خاوەنی یەدەگێكی هێجگار زۆری نەوتە، كەچی دەبینین هاووڵاتیانی لە سادەترین خزمەتگوزاریی سەرەكی بێبەشن، ئەم واقیعە تاڵە پێویستی بە بیركردنەوەی تازە هەیە، ئەو بیركردنەوە تازەیەش دەبێت بێتە سەر سەكۆی دیالۆگی نێوان گەلانی عێراق و تێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ عێراق دروست بكرێت. سەرۆكی حكومەت لەم خاڵەوە بانگەشە بۆ پێكهاتەكانی عێراق دەكات و داوایان لێ دەكات: «ئێستا كاتی ئەوەیە وتووێژێكی ڕاشكاوانە بكەین سەبارەت بەوەی لە ئایندە دەبێ چی بكەین. ئەگەر بمانەوێت وەك هاوبەش پێكەوە بژین، پێویستمان بەوەیە كاریگەریی زۆرمان لەسەر كاروبارەكانی خۆمان هەبێت، جەختیش لەسەر چارەنووسی خۆمان بكەینەوە. ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمانەوێت هاوبەشێكی نیشتمانیی بەهێز بین، تێدەكۆشین لە پێناوی بەدیهێنانی مافی گەلەكەمان، بەڵام لە هەمان كاتدا پشتیوانین بۆ ئەوەی هەموو گەلانی عێراق ژیانیان باشتر بێت لە چوارچێوەی سنووری عێراقدا».

ئەو واقیعەی ئێستا كە پرۆسەی سیاسیی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت، ژینگەیەكی وای دروست كردووە، كە نەتوانرێت متمانە لە نێوان پێكهاتەكان دروست بێت، ئەو دامەزراوانەشی لەسەر بنەمای ئەم پرۆسە سیاسییە هاتوونەتە بوون، بوونەتە ڕێگر لە پێشكەوتن و وەبەرهێنان و، چەمكی ڕاستەقینەی هاووڵاتیبوونی بێمانا كردووە، ئەم حاڵەتەش گەیشتووەتە ئاستێك كە دەبێت لە شوێنێكدا ڕابگیرێت و، بیر لە دەروازەیەكی دیكە بكرێتەوە.

سەرۆكی حكومەتی كوردستان كە پێشنیارێك بۆ كردنەوەی ئەو دەروازەیە پێشكەش دەكات، جەخت لەوە دەكاتەوە: «لە كام خاڵەوە دەبێت بە دوای چارەسەردا بگەڕێین، بێگومان خاڵی سەرەتا دەبێت گەڕان بێت بۆ مۆدێلێكی جیاوازی حوكمڕانی لە عێراقدا و، دەبێت هەیكەلی ئەم مۆدێلە جیاواز بێت، دەبێت هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بن، چۆن عێراق لە دەوڵەتی سەركوتكاری و تیرۆرەوە دەبێتە نیشتمانێك بۆ هەمووان لە ژیر یەك ئاڵادا. دەمەوێت هەمووان لەم هۆڵە، لەوە ئاگادار بكەمەوە كاتێك بانگەشە بۆ ئەم مۆدێلە تازەیە دەكەم، مانای ئەوە نییە هەموو‌ دەسەڵاتەكان لە بەغدا دابماڵدرێن، یان سنووری نیشتمانی فەرامۆش بكرێن، بەڵكو دیسەنتڕاڵیزمێكی متمانەدار بۆ دروستكردنی بڕیار شایەنی ئەوەیە هەموومان بیری جددی لێ بكەینەوە، بوار ڕەخساندن بۆ بڕیاردانی چارەنووس بەو ڕێگەی من مەزندەی دەكەم، دەبێتە ڕێگەیەكی ڕاستەقینە بۆ بونیادنانی دەوڵەت، دەبێت ئەوەندە بوێریمان هەبێت كە بڵێین كام شێوازی بونیادنانی دەوڵەت دەبێت بگرینەبەر بۆ ئەوەی ببێتە مۆدێلێك بۆ گەلانی عێراق، بۆ ئەوەی عێراق بكاتە كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندوو لە ژێر یەك ئاڵادا. نموونەی سەركەتووی كۆنفیدڕاڵی لە زۆر شوێنی دیكەی ئەم جیهانە هەیە و كۆمەڵگەكەشیان زۆر باش گەشەی كردووە، هەروەها توانیویانە پێداویستیی سەرەكیی خۆیان دابین بكەن و، هەموو پێكهاتە جیاوازەكانیش لە ژێر یەك ئاڵادا شانازییان بەو یەكێتییەوە كردووە كە پێكەوە دروستیان كردووە.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەم مۆدێلە تازەیەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ حوكمڕانی ئایندەی عێراق باسی دەكات، ئایا لە ناو كام چوارچێوە و دەستوور دەبێت جێی بكرێتەوە، یان ئایا دەستووری ئێستای عێراق ئەو بوارە دەدات بیر لەم مۆدێلە تازەیە بكرێتەوە؟ سەرۆكی حكومەت لە وتارەكەیدا وەڵامی ئەم پرسیارەی فەرامۆش نەكردووە و بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: «دەستووری ئێستا وەسفی عێراق دەكات وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، بەڵام لە واقیعدا ژمارەیەك لە بڕگەكانی كۆنفیدڕاڵین، ئەو بڕگانە ڕێگەمان پێ دەدات، بۆ ئەوەی بیكەینە پراكتیك، نەك تەنگژە و، كیانێك بیەویت ئەوی دیكە ناچار بكات. بۆیە با ببینە هاوبەشی یەكسان و لە ناو دامەزراوە هاوبەشەكانمانەوە چارەسەری ئەو پرسانە بكەین، كە گرنگیی هاوبەشی بۆ هەموومان هەیە، هەر لە «بارزگانی، ژینگە، ئاسایش»، پێكەوە با هەنگاو بەرەو ئەو مۆدێلە هەڵبگرین، كە بواری ئەوە نەدات دۆستەكانمان لە ڕۆژئاوا ناچار بن پشتگیریی لایەك بكەن. دووبارەی دەكەمەوە ئەو مۆدێلەی بانگەشەی بۆ دەكەم، هیچ هەڕەشەیەك بۆ سنووری نیشتمانی دروست ناكات، بەڵكو ددانپدانانێكی درەنگوەختە سەبارەت بەوەی پێشتر ڕووی داوە و باشترین ڕێگەیە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە نەخوازراوە. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە چیدی ڕاستییەكان نەشارینەوە و، پێویستمان بەوەیە بوێرانە ڕووبەڕووی كەموكورتییەكانی خۆمان ببینەوە».

لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمی ئەنجام دا بۆ ئەوەی گەلی كوردستان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەبێت و، ئەمەش مێژوویەكی نیشتمانی و جێگەی شانازیی هەر كوردستانییەكە، بەڵام ئەمە یەكەمین جارە «لە دەرەوەی ناوەندەكانی فیكر و توێژینەوە» و لەسەر ئاستی تەواوی دەوڵەتمەدار و سیاسەتمەدارانی عێراق، داوای مافی چارەنووس و پێدانی دەسەڵات بە هەموو پێكهاتەكانی عێراق «كورد و سوننە و شیعە» بكرێت بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتییەكانی عێراق بێت و، لە ناو چوارچێوەی یەك سنوور و لە ژێر سایەی یەك ئاڵادا گەلانی عێراق لە چوارچێوەی سیستمێكی كۆنفیدڕاڵی پێكەوە بژین.

Top