هاووڵاتیان لە گرانكردنی نرخی خواردەمەنی لە مانگی ڕەمەزاندا نیگەرانن
ئەگەرچی لێژنەكانی چاودێریی بازاڕ لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كارەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵی نرخەكان چڕكردووەتەوە و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا پلانیان بۆ چاودێریی نرخەكان لە بازاڕەكان داناوە، بەڵام هەموو ساڵێك لە مانگی ڕەمەزاندا نرخی كاڵاكان بەرز دەبنەوە و دەوترێت هۆكارەكەشی بەشێك لە بازرگانەكانن، لەم ڕووەوە هاووڵاتیان داوای چارەسەر دەكەن نرخەكانی بازاڕ دەفڕن.، دیارە ئەم بازاڕە بێ بەزەییەی دژ بە هەژاران؛ بازرگانەكان دروستی دەكەن و هاووڵاتیانیش داوا لە حكومەت دەكەن، بە سزادان ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان نرخی خواردەمەنییەكان بەرز دەبێتەوە، هاووڵاتیان جەخت لەوە دەكەنەوە كە بەشێك لە بازرگانەكان ئەو مانگەیان زیاتر بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆستووەتەوە، داواش دەكەن بازرگانەكان لەو مانگەدا نرخی خواردن و خواردەمەنییەكان هەرزان بكەن و ڕەوشی ئابووریی ئەمڕۆی خەڵك لەبەرچاو بگرن. بەپێی ڕاگەیێندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكەدا گفتوگۆ دەربارەی ئامادەسازییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێكەوتە ئابوورییە چاوەڕوانكراوەكانی جەنگی ڕووسیا-ئۆكراینا كراوە، بەتایبەتی لە بواری هاوردەكردنی گەنم و بەرهەم و پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ئامادەسازی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت كردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان تاكو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراكییەكان، یان گرانبوونیان ژیانی هاووڵاتییان تووشی كێشە و گرفت نەكات. لە بەشێكی ڕاگەیێندراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە»: «ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەسەند كرد سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان».
عیسا بۆتانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسە و سەبارەت بە هۆكاری گرانبوونی نرخی كاڵاكان دەڵێت: «گرانبوونی نرخی كاڵاكان هەمیشە پەیوەست نییە بە مانگی ڕمەزان و نابێت تەنیا لە ڕوانگەی ئایینییەوە لێكدانەوەی بۆ بكرێت كە پەیڕەوانی ئایینێك پەیگیر نین بە بنەما ئایینییەكان و ئەو بۆنە و مانگە وەكو هەلێك دەقۆزنەوە بۆ قازانجی زیاتر، مانگی ڕەمەزان و هاتنی بۆنە و جەژن و تەنانەت ڕوودانی قەیران و كێشە سیاسییەكان و شەڕ و كارەساتە سرووشتییەكان و بەتایبەتی زۆربوونی خواستی كڕین لەلایەن هاووڵاتیانەوە، دەبنە هۆكارێك بۆ هەڵایسانی نرخ لە بازاڕ، ئەمەش پێویستی بە شیكاری و شرۆڤە و دیدێكی ئابووریناسانە هەیە. هەموومان گلەیی لە تاكی كۆمەڵگە دەكەین كە لەگەڵ بوونی هەڕەشە و مەترسییەك، یان نزیكبوونەوەی جەژن و هەڵكەوتێكی ئایینی، یان نەتەوەیی، بە لێشاو ڕوو لە كڕینی كاڵاكان دەكەن و دەبنە هۆكار بۆ كەمبوونەوەیان لە بازاڕ و دواجار بەرزبوونەوەی نرخەكانیان. ئەمە لەلایەك ڕاستە، بەڵام ئەمە تەنیا تاكی كورد نییە لەسەر گۆی زەوی كە لەو كاتانەدا بیەوێ زیاتر لە پێویستییەكانی خۆی دابین بكات و مرۆڤ لە هەر شوێنێكی دونیا هەڵگری ئەو بیركردنەوە و خەسڵەت و ڕاڕاییەیە كە وا دەكات بیر لە گەرەنتیكردن و دابینكردنی خۆراك و پێویستییەكانی خۆی بكاتەوە، كە لە دۆخ و ڕەوشێكی ئاساییدا ئەم هەنگاوە ناهاوێژێت. ترس و گومان لە نەمان و بێبەشبوونی لە حەوجەدارییەكانی وا دەكات بیر لەوە بكاتەوە لە جیاتی نانێك هەمیشە دوو نان بۆ ژەمەكانی زامن بكات. كاریگەریی قۆرغكاری لە نرخەكان و كەمبوون و نەهێشتنی كاڵاكان لە بازاڕدا زیاتر لەو كۆمەڵگەیانەدا ڕەنگدانەوەی دەبێت كە كۆمەڵگەی بەرهەمهێن و خۆبژێو نین و بازاڕەكانیان زیاتر پشت بە كەلوپەل و كاڵای هاوردەكراو دەبەستن.
هەر لەو یەك دوو ساڵەی دوایی و هەتا بەر لە مانگێك ئەو دیاردەیەمان لە زۆرێك لە دانیشتووانی وڵاتانی جیهان و نەتەوە جیاوازەكان بینی كە لە ترۆپكی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بە هۆی داخستن و ڕێوشوێنەكانی كەرەنتینەكردن؛ هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەفەی ماركێت و مۆڵەكانیان گەسك دا و كاڵا و خۆراكیان تێیاندا نەهێشت، هەروەها لەم دواییەشدا شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا قەیرانی خۆراك و خواستی كڕینی لە زۆرێك لە وڵاتان لە سەرتاسەری جیهانی لێكەوتەوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە لە مانگی ڕەمەزاندا تێكڕای فرۆشیار و بازرگانەكان هەوڵی قۆرغكردنی بازاڕ نادەن، بەڵام ئەو هەوڵەی ئەوان ئەگەر هەشبێت، بە بێ یارمەتیی كڕیاران سەر ناگرێت. ئەگەر هاووڵاتیان بە وشیارانە بە دەم كڕینی پێداویستییەكانیانەوە بچن، بازرگان و سەرمایەدارەكان ناتوانن دەست بە سەر بازاڕدا بگرن و بە ویستی خۆیان نرخەكان بەرز بكەنەوە. بۆیە چارەسەر و دانانی سنوور بۆ قۆرغنەكردنی بازاڕ لە بۆنە و یاد و جەژنەكاندا لە ئەستۆی دەزگا و دامەزراوە چاودێرییەكانی حكوومەتە بە پلە یەك و پاشان وشیاریی هاووڵاتیان و ویژدانی فرۆشیار و بازرگانیش ڕۆڵ دەگێڕن لە دروستبوون و نەهێشتنی ئەم دیاردەیە. لە كۆتاییدا چارەسەری بنەڕەتی بۆ لەبەینبردنی دیاردەی بڵندبوونی نرخی كاڵاكان هەنگاونانە بەرەو بونیادنانی وڵاتێكی بەرهەمهێن كە بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و لە هەر قەیران و بارودۆخێكدا پێویستییەكانی خۆی دابین بكات».
خەندە كەمال خانمێكی كابانە و لە ماڵەكەی خۆیدا خواردن و شیرینی بۆ كڕیارەكانی ئامادە دەكات. سەبارەت بە تەوەری ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان و كاری خۆی دەڵێت: «كار كردن ویژدانە، ویژدانت نەبوو، هیچ كات و ساتێك كار نەكەیت باشترە، چونكە هەم گوناهبار دەبی و هەمیش ڕزقەكەت بەرەكەتی نامێنێت. دووكاندار و بازرگان و فروشیارەكانی ئێمە لە بری ئەوەی لەم مانگە پڕ ڕەحمەتەدا نرخی شتومەكەكان كەمیك دابەزێنن، یان لانیكەم وەك خۆی بیهێڵنەوە، كەچی نرخەكان زیاد دەكەن، بێگومان لەم زیادەی نرخیش تەنیا فەقیر و هەژار زەرەر دەكەن كە ناتوانن ئەو كاڵا و شتومەكانە بكڕن، بەڵام هەم لە بەر خوا، هەمیش لە بەر ویژدان پێویستە لانیكەم نرخەكان وەك خۆی بهێڵنەوە، نەك چاوچنوكیی بازرگانەكان وا بكات هەموو دەرفەتێك بۆ گیرفانی خۆیان بقوزنەوە. بێگومان ئەو گرانییەی بازاڕ كاریگەری لەسەر كارەكانی منیش هەیە، بەڵام من یان كەمم كردووەتەوە و قازانجێكی زۆر زۆر كەمم لەسەر داناوە، یانیش وەكو خۆی هێشتوومەتەوە. ڕوون دووقات نرخی زیاد بووە. پێرێ كولیچەی گوێزم كردووە لە ١٢ كیلۆ ١٢ هەزار دینارم بۆ ماوەتەوە، بەڵام هەر دڵخوش بووم، من زیاتر پێویستم بە كڕیارەكانمە، دەبێت بە ویژدانەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەم، چونكە ئەگەر ئەوان نەبن، هیچ بەرهەمێكم ساخ نابێتەوە».
هێمن ساڵح كۆمەڵناسە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «دوو هۆكار لە پشتەوەی گرانیی نرخەكانی بازاڕە لە مانگی ڕەمەزان، بە دەر لەو هۆكارە دەرەكییانەی كە ئەم مانگی ڕەمەزانە بە هۆی لێكەوتەكانی جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاریگەریی خۆی هەبووە، یەكەمیان زۆربوونی خواستی خەڵكە بۆ كڕینی شتومەك كە بە بیردۆزەی ئابوورییانە هەر كات خواست زیاد بكات كاڵا گران دەبێت، دوەمیان پەیوەندی بە بازرگان و دووكاندار و فرۆشیارانەوە هەیە، لە كاتێكدا بەڕۆژوون و دەبێت هاوكاریی هەژاران بكەن.