قادر دیلان لە مەنفاوە بۆ هەموو دڵێك

قادر دیلان لە مەنفاوە بۆ هەموو دڵێك

د. ئامانج غازی

ئیمامی عەلی ( خودا لێی رازی بێت ) دەفەرموێت: «ئەگەر نەتزانی لە كوێوە هاتوویت، ئەوا بێگومان ناشزانیت بۆكوێ دەڕۆیت»، هەر لەگەڵ یەكەم كازیوەی تەمەنی هونەری موزیكی كوردیدا ( ئەگەر هەبێت) هونەرمەندی خاوەن هەست و عەقڵی ئەكادیمی و پەنجەی داهێنەرانە، ویستوویەتی لە دەروازەی ئەو زانیارییە بچكۆلانەوە بچێتە نێو دەریای میلۆدیی مرۆڤ هەژێن.

( قادر دیلان )ی بوێر و هونەرمەند هەر زوو دەیزانی بەهرەی خۆڕسك ئەگەر بەوردی و بە زانستی موزیكی گەورە پەروەردە نەكرێت، ئەوا بە بێدەنگی و كپی غلۆری نێو مێژوویەكی تاریك دەبێتەوە.

قادر دیلان لە مەنفاوە بۆ هەموو دڵێك

( دیلان )ی هونەرمەند هەمیشە دەیزانی لەكوێوە و بەرەو كوێ دەچێ، ئەو دەركی بەوە كردبوو كە لە نێو كۆمەڵگەیەكدا پەروەردە بووە، كەمانای هونەر بەگشتی و موزیكیش بەتایبەتی، ئەو جوانی و گەورەییە بەخۆوە هەڵناگرێت كە زاتی پاكی ئەو مەبەستی بوو، چونكە تادرەنگانێك موزیك لە نێو كۆمەڵگەدا بە بەشێكی كولتووری (نامۆ و خەوش) دادەنرا، بۆیە ناچار ئەم هونەرمەندە بەخۆی و كۆڵێك لە خۆشەویستیی سرووشت و بۆنی خاك و نیشتمانەوە، وڵاتی جێهێشت و بەرەو ئەو ئاسۆیە رۆیشت كە (موزیك)ی ناو بوو.

كەواتا لێرەدا ئەم هونەرمەندە خاوەنپەنجە داهێنەرانە رۆژانی تاراوگەی لەگەڵ شەوانی تەنیایی گرێ دەدا و، بە گەڕان و ماندووبوون و شەونخونی بەدوای دەنگە سیحراوییەكانی زەمەندا دەگەڕاو، زۆر حەزی دەكرد لە نهێنییە گەورەكانی (میلۆدی، دانان، دابەشكردنی موزیك، زانستی هاڕمۆنی، كۆندێكتەر، ئۆركسترا ) بگات.

بۆیە دەمێكیش بوو دركی بەوە كردبوو كە تەمەنی كەم بەرامبەر ئەو هەموو زانستە زۆرە بەرگەی نامێنێ، ناچار لە هەر باخێك گوڵێكی هەڵبژاردو، بووە پێشەنگی ئەو هونەرمەندانەی كە بە ئەكادیمی و زانستی موزیكەوە هاتنە مەیدان و، لەوێش لە تاراوگە خەونی نەهاتەدی، بەڵام وەكو كوردێك و هونەرمەندێك، توانی شوێنی خۆی لە گەورەترین دەزگای راگەیاندنی وڵاتی(چیكۆسلۆفاكیا)ی ئەوسا بكاتەوە، دابەشكردنی(سروودی دەمی راپەڕینە) یەكێكە لەو بەرهەمە شاكارانەی ئەم زاتە، كە تیایدا ئۆركێسترا بە هەموو گەورەیی خۆیەوە توانیویەتی خەباتی گەلێكی زیندوو لە ئامێز بگرێت، بەرهەمە تۆماركراوەكانی دیكەیش پێویستە لە دوارۆژێكی زۆر نزیكدا بە ئەدا و ژەنینی كوردییانە و ئۆركێسترایەكی نەتەوەیی كورد بژەنرێت، چونكە دڵنیام گەر لە بەرهەمەكانی خۆماڵی دەست پێ نەكەین، ئەوا هەرگیز ناتوانین بەسەر پردی پەڕینەوەی بەرهەمە رەسەنەكانماندا بگەینە كار و شاكاری جیهانی.

Top