حكومەتی هەرێم بەشداری دەكات لە كۆبوونەوەكانی رێكەوتننامەی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان لە جنیف

حكومەتی هەرێم بەشداری دەكات لە كۆبوونەوەكانی رێكەوتننامەی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان لە جنیف




بڕیار وایە لە رۆژانی ٢٦ تاكو ٢٧ی نیسانی ۲۰۲۲ لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە شاری جنیف گفتوگۆكانی راپۆرتی دووەمی كۆماری عێراق تایبەت بە رێكەوتننامەی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان و جۆرەكانی مامەڵەی نامرۆڤانە و سزای توند یان نامرۆڤانە یان سووكایەتی پێكردن ئەنجام بدرێت، لەم گفتوگۆیانەدا شاندێکی حكومەتی هەرێم بەشداری دەكات لە چوارچێوەی شاندی حکومەتی ئیتیحادی بە سەرۆکایەتی دادوەر سالار عەبدولستار وەزیری دادی حکومەتی ئیتحادی سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی نووسینی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.

د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی بەشداری كردنی حكومەتی هەرێم لەم كۆبوونەوەیەدا رایگەیاند: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارای لە گفتوگۆکاندا دەبێت بەتایبەتی ئەو راسپاردانەی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتننامەیەدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجەدان حكومەتی هەرێم رێكاری یاسایی و ئیداری گرتۆتە بەر، هەروها بەدواداچوون دەكات لەسەر هەر شێوازێكی ئەشكەنجە لە بنكەكانی گرتن و گواستنەوە و چاكسازییەكان.

لەو رووەوە تا ئێستا چەندین كەیس جولێنراون و رێكاری یاسایی بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی گیراوەتە بەر لەوانەش قەرەبوو كردنەوەیان، لەلایەكی دیكەوە تاكو مانگی مایسی ۲۰۲۱ تەنیا نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی) زیاتر لە (۱٤) سەردانی مەیدانی ئەنجامداوە و لە میانەیدا چاویان بە (٦۰) راگیراو و حوكمدراو كەتووە بۆ ئاشنا بوون بە بارودۆخیان.

زێباری تیشكی خستە سەر رێوشوێنەكانی دەستگیركردنی تاوانبار و گومانلێكراوان و وتی: ئەوانەی دەستگیر دەكرێن بەپێی یاسا مافیان هەیە وەك پێ راگەیاندنی هۆكاری دەستگیر كردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، ئاگاداركردنەوەی كەسوكاریان و دابینكردنی پارێزەر. ئەگەر ئەو كەسەی نەیتوانی پارێزەر دابین بكات ئەوا دادگا بۆی دابین دەكات، لەم رووەوە حكومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوو بڕی (یەك ملیار و حەوت سەد ملیۆن دیناری عێراقیی) بۆ پارێزەران تەرخان كراوە.

ئاماژەی بەوەش كرد كە تەنیا لە ساڵی ۲۰۲۰ بە تۆمەتی تیرۆر (٥۲) ئافرەت و نەوجەوان دەستگیركراون، بەشێوەیەكی گشتی لە نێوان ساڵانی (۲۰۱٥-۲۰۲۲) لە هەولێر (۹) ئافرەت و (۱۱۳۹) نەوجەوان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كراون، لەوانە (۱۰۸۹)یان حوكمدران و (٥۹)یان ئازاد كراون.

سەبارەت بە هەوڵەكانی چارەسەركردنی قەرەباڵغی چاكسازییەكان، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی چاكسازی كۆمەڵایەتی تا ئاداری ئەم ساڵ (٤۲۷٦) سزادراو هەبووە لەوانە (٤٦٥) ئافرەت و نەوجەوان، بۆ چارەسەركردنی گرفتی قەرەباڵغی حكومەتی هەرێم كار دەكات بۆ بونیادنانی باڵاخانەی نوێ بەپێی ستانداردی ئەندازەیی هاوچەرخ، لەم رووەوە لە بەرنامەیدا باڵاخانەیەكی درووست بكات كە (٥۰۰۰) كەس لەخۆبگرێت، هەروەها نزیكەی (۳۰%) باڵاخانەی چاكسازی ئافرەت و منداڵان تەواو بووە.

سەبارەت بە خزمەتگوزاری تەندروستی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: بنكەی تەندروستی لە چاكسازییەكاندا هەیە و لەحاڵەتی ناكاو و ئاڵۆزدا گیراوەکان رەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێن، لە دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تیمە مەیدانییەكان پكشنینی (PCR) یان لە چاكسازی و بنكەكانی گرتن بەبێ جیاوازی ئەنجامداوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیكەی (۱٥۰) حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراوە و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدرا، خۆشبەختانە هیچ حاڵەتی گیان لە دەستدان نەبووە، هەروەها بەشی هەرەزۆریان ڤاکسینیان وەرگرتووە، سەبارەت بە نەخۆشی دەروونی لە هەمان ساڵ (۲٤٤) حاڵەت تۆمار كراوە، بەشی زۆریان چارەسەر كراون تەنیا (٦٥) حاڵەت نەبێت كە ئێستا لەژێر چارەسەردان، بەڵام لە ساڵانی (٢٠٢١-٢٠٢٢) تەنیا (١٦٧) حاڵەت تۆمار كران لەوانە (١١) چارەسەركراون ئەوانی تریش لەژێر چارەسەردان. ئەوەشی روونكردەوە كە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێم فەرمانی داوە بە بونیادنانی (٣) نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەكان لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك.

Top