كۆمپانیا و بزنێسمان بەدوای قازانج دەگەڕێن و دەزگای خێرخوازی نین
هەلی وەبەرهێنانی وزە لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
پڕۆفیسۆر ئیسنا ترینا لە پەنێڵێكی تایبەت لە كۆڕبەندی جیهانیی وزە ڕۆژانی 26 و27ی ئاداری ڕابردوو كە لە دوبەی بەڕێوە چوو، لە پەنێڵێكدا بە ناونیشانی «پەرەپێدانی وزە، هەناردەكردن و ئایندەی كوردستانی عێراق»، كە تیایدا سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێنج كۆمپانیای گەورەی نەوت و گاز بەشدار بوون، كە هەر پێنج كۆمپانیاكە ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە كاری وەبەرهێنان لە هەردوو كەرتی گاز و نەوتدا دەكەن، بەشداربوون و بریتی بوون لە:
1. جۆن هاریس بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای پەترۆلی گەڵف كیستۆن.
2. بیڵ هیگس بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی.
3. مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی.
4. ڕۆس پێرۆت جی ئاڕ سەرۆكی كۆمپانیای پێرتۆت گرووپ.
5. عادل چاوەش سەرۆك و بەڕێوەبەری كۆمپانیای شاماران پەترۆلیوم كۆرپ.
ناوەڕۆكی ئەم پەنێڵكە كە هەڵوەستەكردن بوو لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان لە كوردستان و شەرعییەتی دەستووریی یاسای نەوت و گازی هەرێم و پابەندبوونەكانی هەرێم سەبارەت بەو كۆنتراكتانەی لەگەڵ ئەو كۆمپانییانە ئیمزای كردوون و، لە هەمانكاتدا شرۆڤەكردنی ئەو دەنگۆیانە بوو كە هەندێك ڕۆژنامە و كەناڵی ڕاگەیاندن سەبارەت بە پابەندبوونەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی شایستەی كۆمپانیاكان، كە بەو جۆرە بڵاوی دەكەنەوە، گوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نابێت، بەڵام سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئەم كۆمپانیا گەورانە نەك هەر ئەو دەنگۆیانەیان ڕەت كردەوە و بە فەیك نیوز ئاماژەیان پێ كرد، بەڵكو ڕاشكاوانە بە ئامادەبووانیان ڕاگەیاند: ئەوەی هانیان دەدات بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتر لە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستاندا بكەن، شەرعییەتی دەستووری یاسای گاز و نەوتی هەرێمی كوردستان و پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە كۆنتراكت و، ڕێز لە كۆنتراكتەكان دەگرێت و، لە دەستپێكی پەنێڵەكەدا خاتوونی پڕۆفیسۆر (ئیسنا ترینا) پرسیارێكی گشتیی ئاراستەی میوانەكانی كرد و، لێی پرسین: ئێوە كە كۆمپانیای گەورەتان هەیە و بە دوای هەلی وەبەرهێنان و قازانج دەگەڕێن، حەتمەن دەزگای خێرخوازی نین، حەزدەكەم بۆ ئامادەبووانی ئەم هۆڵە و بۆ بینەرانیشی ڕوون بكەنەوە، هەلی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لەو ئاستەیەدا كە ئێوە ئەو ڕیسكە بكەن و بچن لەو هەرێمە وەبەرهێنان بكەن؟
پەنێڵستەكان بەم جۆرە وەڵامی كۆڕبەندەكەیان دایەوە.
بیڵ هیگس
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە كوردستان:
كوردستان بووەتە سەنتەرێكی گەورە بۆ هەلی گەورەی وەبەرهێنان
« پێش ئەم پەنێڵە جەنابی مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەڕێزیان چۆن سەیری ئایندەی ئەم پیشەسازییە لە هەرێمی كوردستان دەكات، بە بۆچوونی ئەوان كارێكی گەورەیە بەوەی چۆن گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی هاوبەشی لەگەڵ ئەوانی دیكەی بەرامبەر «كۆمپانیا گەورەكانی كەرتی وزە» بكەن، هەر ئەو سیاسەت و قەناعەتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكار بووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بۆ ماوەی نزیكەی بیست ساڵ و پێش دەرچوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمیش، لێرە لەم هەرێمە وەبەرهێنان بكەین، بەڵام وەك چۆن پێش من هاوكارم «جۆن هاریس» ئاماژەی پێ كرد كە هاتینە كوردستان بینیمان هەلێكی گەورە بۆ وەبەرهێنان هەیە و، زەمینەیەكی لەباریش هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەكانمان زیاتر بكەین و، هەتا ئیستاش ئەو زەمینە لەبارە بەردەوامیی هەیە و، هەرێمی كوردستان لە بواری پەرەپێدانی كەرتی وزەدا بووەتە سەنتەرێكی گەورە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەلی وەبەرهێنان زیاتر پێشكەش دەكات و، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ئاستی بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە و، وەك جەنابی سەرۆك وەزیرانیش لە وتارەكەیدا ئاماژەی پێ كرد، هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان ڕەچاوی شێوازی بەرهەمهێنانی دۆستی ژینگەیی ڕەچاو دەكرێت و چەندی لە توانادا بێت، هەوڵمانداوە شێوازی بەرهەمهێنانمان زیان لە ژینگەی كوردستان نەدات و دۆستی ژینگە بێت، لەم هۆڵەشەوە بانگهێشتی وەبەرهێنەران دەكەم بێنە كوردستان و هەلی وەبەرهێنانی گەورە لەو هەرێمەدا هەیە».
جۆن هاریس
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گەڵف كیستۆن پەترۆڵێۆم لە هەرێمی كوردستان:
دەمانەوێت وەبەرهێنانی زیاتر بكەین و بەرهەمهێنانی نەوت بگەینینە دوو ئەوەندەی ئیستا
« هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی گەورەی سامانی سرووشتی «نەوت و گاز»ی تێدایە و، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گەورەترین هەلی بۆ وەبەرهێنان فەراهەم كردووە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بێنە هەرێمی كوردستان و لەم دوو كەرتە گرنگەدا وەبەرهێنان بكەن. ئێمە وەك كۆمپانیای گەڵف كیستۆن پەترلیۆم لە دوای ساڵی 2007 دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان یاسای نەوت و گازی هەرێمی پەسەند كرد، هاتووینەتە كوردستان و خۆمان بە شەرەفمەند دەزانین كە مۆڵەتی وەبەرهێنانمان بۆ گەڕان بە دوای نەوت و هایدرۆكاربۆندا وەرگرتووە و، لە ساڵی 2013 ـەوە بەرهەمهێنانی ئێمە دەستی پێ كردووە، بەڵام هەتا ئیستا نەگەیشتووینەتە ئەو توانا ڕاستەقینەیەی كە نەوتی كوردستان هەیەتی، ئەم ڕێژە بەرزەی بوونی نەوت لە هەرێمی كوردستان هاندەرە بۆ ئەوەی بەردەوام بین و وەبەرهێنانی زیاتر بكەین، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ڕێژەی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنینە دوو ئەوەندە، هەر بەوەندەش ڕاناوەستین، وەبەرهێنانی زیاتر دەكەین تا دەگەینە توانای ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت .
ڕۆس پیرۆت جی ئاڕ
سەرۆكی پیرۆت گرووپ لە هەرێمی كوردستان:
بەرپرسانی كۆشكی سپی ڕێنماییان كردم تەنیا لە كوردستان وەبەرهێنان بكەین
« منیش وەك هاوكارم مەجید جەعفەر شەرەفمەندم كە لە ساڵی 2007ـەوە مۆڵەتی وەبەرهێنانم لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، ئەوكاتەی ئێمە هاتین بۆ كوردستان، خەڵكی ئێمە تەنیا دیمەنە خوێناوییەكانی شەڕی فەلوجەیان دەبینی، بۆیە كاتێك گوتمان دەچینە عێراق و لە كوردستان وەبەرهێنان دەكەین، پێیان دەگوتین چۆن دەتوانن لە عێراقدا وەبەرهێنان بكەن؟ پێش ئەوەی بێمە كوردستان بۆ وەبەرهێنان، بەرپرسێكی باڵای پێشتری كۆشكی سپیم بێنی و پێی گوتم: ڕۆس، ئێمە دەمانەوێت وەبەرهێنانی ئەمریكی لە عێراقدا هەبێت، بەڵام لە هەر شوێنێكی عێراق وەبەرهێنان بكەیت، دەبێت كوردت لەگەڵدا بێت، لەبەر ئەوەی كوردەكان هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئێمەن. دوای ئەوەی ساڵی 2007 هاتمە كوردستان و لەگەڵ جەنابی مسرور بارزانی سەرۆك وزەیران و باوكی (جەنابی سەرۆك بارزانی) كۆبوومەوە و، جەنابی مسعود بارزانی بەشێكی لە قسەكانی خۆی لەگەڵ سەرۆك بوش بۆ گێڕامەوە، بۆم دەركەوت تەنیا هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئێمە كوردەكانن و پاش گەڕانەوەم بۆ ئەمریكا، چاوم بە سەرۆك بۆش كەوت و قسەكانی جەنابی بارزانی-م بۆ گێڕایەوە، ئەویش جەختی لەوە كردەوە كە هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئێمە كوردەكانن، ئەمە چیرۆكێكی زۆر جوان بوو كە هەردوو سەرۆك «بوش و بارزانی» جەختیان لەسەر كردەوە، بۆیە حەزم كرد بۆتان بگێڕمەوە، سەبارەت بە ئاستی ئەو كێڵگانەی ئێمە وەبەرهێنانی تێدا دەكەین، دوو كێڵگەی گەورەی نەوتمان دۆزیوەتەوە هەتا ئێستا ڕۆژانە 31 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بە نیازین لە هاوینی ئەمساڵدا بگاتە 55 هەزار بەرمیل، بە هەمان ڕێگە دەمانەوێت ئەم ڕێژەیەش بكەین بە دوو هێندە، واتە سەرووی 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژیكدا.
مەجید جەعفەر
بەڕێوەبەری كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان:
دەمانەوێت
لە ماوەیەكی كورتدا بەرهەمهێنانی گاز بگەیەنینە دوو
هێندەی ئێستا
« لە ساڵی 2007ـەوە و دوای پەسەندكردنی یاسای نەوت و گازی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، ئێمە وەك كۆمپانیای هیلال گەشتێكی گەورە و گرنگمان بۆ هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووە، ئەو كاتەی ئێمە هاتین «2007» بارودۆخی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئاژاوەیەكی سەرتاسەریی تێدا بوو، شەڕی ناوخۆش هەبوو، ئەم بارودۆخەش بەڕاستی تەحەددایەكی گەورە بوو لە بەردەم كۆنتراكتارە نێودەوڵەتییەكاندا و، نەیاندەتوانی لەو بارودۆخەدا وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتی عێراقدا بكەن، بەڵام بە پێچەوانەوە كوردستان سەقامگیر و زەمینەی لەباری بۆ وەبەرهێنان تێدا فەراهەم كرابوو، هەر بۆیە دوای ئەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم پەسەند كرا، ئێمە هاتین و دەستمان بە وەبەرهێنان كرد و، لەو كاتەوە تا ئێستا وەك جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا ڕاشكاوانە ئاماژەی پێ كرد، گەشەسەندنێكی گەورە لە كەرتی نەوت و گازدا هاتووەتە ئاراوە و، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرووی 500 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا و، ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیش لە سەرووی 500 ملیۆن پێ سێجایە لە ڕۆژێكدا، ئەمەش وەرچەرخانێكی گەورەیە.
ئێمە لە ئێستادا زیاتر جەخت لەسەر كەرتی گازی سرووشتی دەكەینەوە و لەگەڵ كۆمپانیا هاوبەشەكانمان «OMV،RWE،Mullen» هەتا ئێستا بڕی 2.3 ملیار دۆلارمان لە كەرتی گازی سرووشتیی هەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنان كردووە و، بە نیازین 500 ملیۆن دۆلاری دیكەش وەبەرهێنان بكەین، بۆ ئەوەی لە ماوەی دووساڵی داهاتوودا ڕێژەی وەبەرهێنان بگەیەنینە یەك ملیار پێ سێجا گازی سرووشتی لە ڕۆژێكدا، بەمەش تەواوی پێداویستیی لۆكاڵیی هەرێمی كوردستان پڕ دەكاتەوە و، ئەم پرۆسەیە بەردەوامیی دەبێت تا دەگاتە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان زیاد بێت و بۆ دەرەوە هەناردە بكرێت.
سەبارەت بە گرنگیی گازی سرووشتی دەمەوێت ئەوە بۆ ئامادەبووان بخەمەڕوو، تەنیا بە گۆڕێنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە گازوایلەوە بۆ گازی سرووشتی جیا لەوەی داهاتێكی زۆر دەگەڕێتەوە، لە هەمانكاتدا خزمەتێكی گەورەی ژینگەش دەكات و نزیكەی 50 ملیۆن تەن لە دەرچوونی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كەم دەكاتەوە، بۆ زیاتر برەودان بەم بوارە كۆمپانیای «PWC» توێژینەوەیەكی بۆ ئێمە ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی شێوازی بەرهەمهێنانمان زیاتر دۆستی ژینگە بێت.
عادل چاوەش
سەرۆك و جێبەجێكاری كۆمپانیای شاماران لە كوردستان:
لە چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمی پەترۆڵی خۆمان دەگەیەنینە دوو ئەوەندە
ئێمەش بە هاوشێوەی هاوكارانمان «مەجید و ڕۆس» لە ساڵی 2007ـەوە و دوای دەرچوونی یاسای نەوت و گاز هاتووینە هەرێمی كوردستان و، لە چەندین بواری كەرتی وزەدا وەربەرهێنانمان كردووە و، ئەو كێڵگانەی ئێمە كاری تێدا دەكەین، بەرهەمێكی باشی هەیە و، لە دوای ساڵی 2017 شەوە بەردەوام بەرهەمهێنانمان ڕوو لە زیادبوونە و، لە چەند مانگی داهاتووشدا ئاستی بەرهەمهێنانمان دەگەیەنینە دوو هێندە. ئەوەی جێگەی دڵنیایی ئێمەیە ئەو پابەندبوونەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمێك پێش ئێستا لە وتارە گرنگەكەیدا ئاماژەی پێ كرد و، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێز لەو كۆنتراكتانە دەگرێت، كە لەگەڵ كۆمپانیاكان ئیمزای دەكات.»