مارك نۆرمان پڕۆفیسۆری حكومەت و سیاسەت لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن بۆ گوڵان: ئەگەر پێشتر ڕۆژئاوا كاری بكردایە بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا ئەم شەڕەی ئێستا ڕووی نەدەدا

مارك نۆرمان  پڕۆفیسۆری حكومەت و سیاسەت لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن بۆ گوڵان:        ئەگەر پێشتر ڕۆژئاوا كاری بكردایە بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا ئەم شەڕەی ئێستا ڕووی نەدەدا

 

 

مارك نۆرمان پڕۆفیسۆری حكومەت و سیاسەتە لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی سیاسی كە ئەنستیتیوتی تەقەنی ماساشوسێتس بەدەستی هێناوە. پێشتریش توێژەر بووە لە ئامۆژگای برۆكێنز و، لە شرۆڤەكاری كاروبارەكانی یەكێتی سۆڤییەت بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هەروەها توێژەر بووە لە سەنتەری ویڵسۆن، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە پەرەسەندن و پێشهاتەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئاكام و دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* خەریكە شەڕەكەی ڕووسیا و ئۆكرانیا پێ دەنێتە دوو مانگەوە و، ئاشكرایە كە شەڕەكەش بەو ئاقار و ئاراستەیەدا نەڕۆیشت كە ڕووسیا خوازیاری بوو، یان پلانی بۆ دانابوو، بۆچوونی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟ ئایا ڕووسیا لە چیدا دوچاری هەڵەی حیسابات بووەوە و ئایا پێشبینی دەكرا كە ڕەوتی شەڕەكە بەم شێوەیە وەربچەرخێت و ئایا پێت وایە ڕۆژئاوا ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبوو لە ڕووی پاڵپشتیكردنی ئۆكرانیا تا ئاراستەی شەڕەكە بەم شێوەیە بگۆڕێت؟

- لە ڕاستیدا ئەوە ئاشكرایە كە ڕەوتی شەڕەكە بە چەشنێك گۆڕاوە كە ڕووسیا نەتوانێت ئامانجەكانی خۆی بەدی بهێنێت و، ئۆكرانیاش شێوازێكی سەركەوتووی شەڕی گرتەبەر، بەڵام هەرچۆنێك بێت من لێرەدا دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ دۆخی پێش شەڕەكە و، بۆ ئەگەرەكانی بەرپێگرتن و كاركردن بە ئاراستەی بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا، بە چەشنێك كە نەتوانێت بیر لە گرتنەبەری بژارەیەكی لەم چەشنە بكاتەوە، لەبەر ئەوەی لەم ڕووەوە من ئەو پرسیارە دەكەم، كە بۆچی جیهانی ڕۆژئاوا كە دەیانزانی سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادمیر پوتین) ئەو چەشنە سیاسەت و كردارە زیانبەخشانە دەگرێتەبەر، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە لە هەنگاو و هەڵوێست و سیاسەتەكانی ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی پوتین بڕوانین لە پرسی جۆرجیا و هەرێمی كریمیادا، ئەوا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ڕۆژئاوا هیچ كارێكی ئەوتۆی نەكرد كە ببێتە هۆی بەرگرتن بە ڕووسیا، بۆ ئەوەی كارێكی لەم چەشنە (هێرش و پەلاماری سەربازی بۆ سەر ئۆكرانیا) ئەنجام نەدات؟ واتە لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئەگەر ڕۆژئاوا هەوڵی بەرپێگرتن بە ڕووسیای دابوو، ئەوا بۆچی چارەنووسی ئەم هەوڵە شكستهێنان بوو؟ خۆ ئەگەر بڵێین ڕۆژئاوا هەوڵێكی لەم چەشنەی نەدا، ئەوا دەبێت بپرسین بۆچی ئەم هەوڵەی نەدا؟ چونكە ئەگەر ئێمە لەسەر ئاستی ستراتیژی بیر بكەینەوە، ئەوا ئەگەرچی ئێمە نەتوانین كۆنتڕۆڵی هەنگاو و هەڵوێستەكانی بەرامبەرمان بكەین، خۆ دەتوانین هەنگاو و هەڵوێستەكانی خۆمان بە ئاقار و ئاراستەیەكی خوازراو و پێویستدا ببەین.

* بەڵام دەگوترێت سەرەڕای ئەوەی كە خودی ئۆكرانییەكان بەرگرییەكی سەرسەختانە دەكەن لە دژی هێرش و پەلاماری ڕووسیا و توانیویانە هەوڵ و پلانەكانی ڕووسیا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی شكست پێ بهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆكرانیا نەیدەتوانی ئەم بەرگرییە بكات و خۆڕاگر بێت و پاشەكشە بە سوپای ڕووسیا بكات، ئەگەر چەك و هاوكاریی سەربازیی وەك پێویست بۆ دەستەبەر نەكرایە لەلایەن ڕۆژئاواوە و بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ڕاو و بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- لەم ڕووەوە من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە پێشتریش باسم لەوە كردووە كە نابێت هەرگیز ڕۆژئاوا كار بكات بۆ ئەوەی وڵاتێكی دراوسێی ڕووسیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ئەگەر هاتوو ئامادە نەبوو بەرگرییەكی تەواو لە و وڵاتە بكات لە میانەی بوون بە ئەندامی ئەم ڕێكخراوە، كەواتە ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی ڕۆژئاوا دەبێتەوە كە بۆچی هیچ كارێكیان نەكرد لەم ڕووەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕووسیا لە ساڵی 2008 بەرامبەر جۆرجیا و ئەوەی لە ساڵی 2014 لە بەرامبەر ئۆكرانیا (لە پەیوەندی بە هەرێمی كرێمیاوە) كردی، ئەوە بوو بینیمان كە سەرۆكی ئۆكرانیا زیلنیسكی نەك داوای هەموو جۆرە هاوكارییەكی سەربازی كرد، بەڵكو داوای دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی ناتۆی كرد لەم شەڕەدا، چونكە كاتێك تۆ داوا دەكەیت ناوچەی دژە فڕین لە ئۆكرانیا دروست بكرێت، ئەوا ئەمە بەو مانایە دێت كە فڕۆكەكانی ناتۆ هێرش بكەنەسەر فڕۆكەكانی ڕووسیا لەسەر ئاسمانی ئۆكرانیا، كە ئەگەر ئەمەش ڕووی بدایە، یان ڕووبدات لە ئایندەدا، ئەوا هیچ گومان هەڵناگرێت كە ڕووسیا و ناتۆ دەكەونە باری شەڕەوە لە دژی یەكتری، بەڵام ئەوە بوو سكرتێری ناتۆ بە ڕاشكاوی ئاماژەی بەوە كرد كە هیچ سەربازێكی ناتۆ پێ نانێتە نێو خاكی ئۆكرانیاوە و، بە هیچ شێوەیەك ناوچەی دژە فڕین لەسەر ئاسمانی ئۆكرانیا ناسەپێنێت.

* كەواتە ئەوەی لە وەڵامەكانی ئێوەدا بەدی دەكرێت ئەوەیە، كە بەشێكی بەرپرسیارێتی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە دەكەوێتە ئەستۆی ڕۆژئاوا بە گشتی، لەو ڕووەوە كە كەمتەرخەمیی نواندووە و وەك پێویست كاری نەكردووە بۆ ئەوەی هەنگاو و ڕێكاری پێویست، یان سیاسەتێكی كارا بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕووسیا سڵ بكاتەوە لە پەنابردنەبەر بژارەیەكی لەم جۆرە، ئایا دەكرێت بارودۆخەكە بەم شێوەیە شرۆڤە بكەین؟

- من بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی ئێوە پێم خۆشە لەم ڕووەوە ئاماژە بە حاڵەتێك، یان لێكچواندنێك بكەم لە نێوان سەرۆكی ئۆكرانیا ڤلۆدۆمۆر زیلنیسكی و سەرۆكی جۆرجیا لە ساڵی 2008دا (میخایڵ ساكاشفیڵی) لەو ڕووەوەی كە هەردووكیان لە بەردەم ڕووسیادا بەتەنیا جێهێڵدران، مەبەستم ئەوەیە دەبوو ڕۆژئاوا زووتر ئەم وانەیە فێر بووایە و لە پێشهاتەكانی ساڵی 2008ـەوە وانەی وەرگرتایە، چونكە ئەگەر لەو كاتەدا كارێكی بكردایە بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا، ئەوا لە ئێستادا ئەو هەموو خەڵكە لە ناو نەدەچوون و نەدەبوونە قوربانی.

* بەڵام بەدەر لە هۆكار و پاڵنەری شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و، بە چاوپۆشین لەوەی كێ براوە و كێ دۆڕاو دەبێت، ئایا پێت وایە ئەم شەڕە پەرەسەندن و پێشهاتێكی هێندەی گەورە نییە كە بتوانین بڵێین ئێمە پێمان ناوەتە قۆناغ و ڕۆژگارێكی دیكەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیستمی جیهانییەوە؟

- ئەگەر ئێمە لەو ڕووەوە لێكی بدەینەوە، كە ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا دوور بكەوێتەوە لە سیستمە جیهانییەكە، ئەوا دەبێت سەرەتا ئەوە ڕوون بكەینەوە كە ئەوەی پێی دەگوترێت سیستمی جیهانی، یان ئەوەی پێی دەگوترێت سیستمی لیبڕاڵی، باڵی بەسەر هەموو جیهاندا نەكێشابوو، واتە تێكڕای وڵاتانی جیهان بەشێك نەبوون لەم سیستمە، لەم ڕوانگەیەوە ڕەنگە نەتوانین بڵێین یەكێك لە دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە دابڕین و دوورخستنەوەی ڕووسیایە لێی، چونكە هەر لە بنەڕەتەوە ڕووسیا بەشێك نەبووە لێی، تا ئێستا بتوانین بڵێین لێی دابڕاوە، ئەمە سیستمێك بووە كە زیاتر ڕەنگ و ڕواڵەت و ڕەهەندی ڕۆژئاوایی هەبووە. هەر چۆنێك بێت، ڕەنگە ئێمە بتوانین باس لە كاریگەرییەكی ئەم شەڕە بكەین لەسەر پێگە و دەستڕۆیشتوویی ڕووسیا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، نەك بڵێین ئەمە لاوازبوون و بنكۆڵبوونی ئەو سیستمە جیهانییەیە كە پێی دەگوترێت سیستمێكی لیبڕاڵی.

* پێش هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ڕووسیا و چین شەراكەت و هاوبەشییەكیان واژوو كرد كە ناویان نا «شەراكەتی بێ سنوور» و لە ماوەی ڕابردووشدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر زاری ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییەوە هۆشداری بە چین دا، كە هاوكاریی ڕووسیا نەكات بۆ خۆدزینەوە لە سزاكان، ئێوە چۆن لە هەڵوێستی چین لەم بارەیەوە دەڕوانن و ئایا پێت وانییە چین سوودمەندی سەرەكییە لەم بارودۆخە؟

- ڕەنگە ئەو بۆچوونە لە ئارادا بێت كە بە هۆی سەرقاڵبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەم شەڕەوە، ئەوا چین دەرفەتی زیاتری بۆ ڕەخسا بێت، بۆ برەودان بە كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی خۆی، بەڵام بە تێڕوانینی من چین لە بارێكدا نییە كە هەست بە خۆشحاڵی بكات، بە دەربڕینێكی دیكە من پێم وانییە كە بە زەروورەت چین خۆشحاڵ بێت بەم پەرەسەندن و پێشهاتەی هاتووەتە ئاراوە، ئێمە دەزانین چین كار و بازرگانی و بزنێسێكی زۆری هەبوو لەگەڵ ئۆكرانیادا و دەزانین تاكە ڕێگەی كاریگەر بوون و دەستڕۆیشتوویی چین لە ئەوروپادا بریتیە لە برەودان بە بزنێس و وەبەرهێنان، كەواتە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە لەم پرسە بڕوانین، ئەوا ئەم كارەی ڕووسیا دژ بە ئۆكرانیا هاوكار و یارمەتیدەر نەبووە بۆ چین، من نازانم هەڵوێست و سیاسەتی چین لە حاڵەتی هەڵكشانی زیاتری ئەم شەڕەدا چی دەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە چین بە وردی چاودێریی بارودۆخەكە و ڕەوتی بەرەوپێشچوون و ئاراستەی پەرەسەندنەكان دەكات.

Top