ڕۆژوو چ پەیامێك بە گوێی ئێمەدا دەدات؟
بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پڕخێر و بەرەكەتی ڕەمەزان پیرۆزباییەكی زۆر گەرم لە خوشك و برایانی موسڵمانی كوردزمانم دەكەم و داواكارین لە خوای گەورە ئەم مانگە گەورەیە بكاتە مایەی تەبایی و خیر و خۆشی و یەكڕیزی سەركردە سیاسییەكانمان بە تایبەتی و هەموو خەڵكی موسڵمانی كوردستان بە گشتی.
سپاس و ستایش بۆ خوای گەورە كەوا موڵەتی پێ داین و گەیشتنەوە بە مانگی پڕخێر و بەرەكەتی ڕەمەزان و دروود و سەلام بۆ سەر گیانی خوشەویستمان و یار و یاوەر و هاوەڵانی و شوێنكەوتووانی هەتا ڕۆژی دوایی بە تێكڕایی.
خوشەویستان، سەلام و دروود و ڕەحمەت و بەرەكەت و میهرەبانیی خوای پەروەردگارتان لێ بێت. دیارە گومان لەوەدا نییە كە خوای گەورە عیبادەتەكانی بریتی نین لە چەند توقوس و عیبادەتێكی لاوەكیی سادە و ساكار. دەبێت ئەوە بزانین، كاتێك خوای گەورە هەر عیبادەتێكی فەڕز كردووە لە سەرمان، بە هەزاران حیكمەت و فەلسفەی تێدایە بۆ كەسانی عاقڵ و ژیر و تێگەیشتوو و ئامانجی هەیە لە پاڵ عیبادەتەكانیدا بە گشتی، بە تایبەتی كە دەمانەوێ قسە لە سەر عیبادەتی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان و سێیەمین ڕوكنی ئیسلاممان بكەین، ئەو كات تێدەگەین كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام چەند گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا. با بۆ ئەو مەبەستە بچینە خزمەت قورئان و بزانین خوای گەورە چیمان پێ دەفەرموێ؟
« يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ» (183) واتە: ئەی كۆمەڵی ئیمانداران ڕۆژوومان لە سەر ئێوە فەرز كردووە، هەروەكو چۆن لە سەر ئوممەتانی پێش ئێوە فەرزمان كردووە، پاشان خوای گەورە دەفەرموێ: «بە ئومێدی ئەوەی ئێوە قەوم و گەل و كەسێكی لە خواترس و خوپارێز بن لە هەرچی گوناە و تاوان و حەرام و قەدەغەكراوەكان. واتە/ هەر وەكو چۆن بە دەممان خواردن و خواردنەوەی پێ ناخۆین، بە هەمان شێوەش دەبێت هەموو ئەندامەكانی لاشەمان لە دەست و قاچ و زمان و چاو و لووت و گوێ و عەورەت بەڕۆژوو بن و ساغ و سەلیم و سەلامەت و تەندروست بن بەرامبەر بە خوشك و براكانمان و جادە و ڕێگاوبان و كۆڵان و شۆستە و پارك و حەدیقەكان و حەیوانات و باڵندەكان و دامودەزگا گشتییەكانی حكومەت و ئەهلی و هەرچی لە ئاسمان و سەر زەویدا هەیە و.. هتد، دەبێت پارێزراو بن. ئەوە پەیامی خوای گەورەیە بە كورتی و بە كوردی بۆ ئێمەی ڕۆژووەوان.
ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووە سوننەتەكانی پێغەمبەرمان (دروودی خوای لە سەر بێت)، دەورەیەكە بۆ بەهێزبوونی ئیمانمان تا لەو ڕێگایەوە پێمان بڵێن: ئاگادار بن ڕۆژوو بەس خۆگرتنەوە نییە لە خواردن و خواردنەوە. بۆیە دەبێت ئێمەی ئیماندار بەم شێوەیە لە ڕۆژوو تێ بگەین.
هەروەها دەچێنە خزمەت پێغەمبەری خوا كە زیاتر بۆمان ڕوون دەكاتەوە و دەفەرموێ: «لَيْسَ الصِّيَامُ مِنَ الْأَكْلِ وَالشُّرْبِ إِنَّمَا الصِّيَامُ مِنَ اللَّغْوِ وَالرَّفَثِ،فَإِنْ سَابَّكَ أَحَدٌأَوْجَهِلَ عَلَيْكَ فَلْتَقُلْ إِنِّي صَائِمٌ،إِنِّي صَائِمٌ». واتە: ڕۆژوو بەس خۆگرتنەوە نییە لە خواردن و خواردنەوە، بەڵكو ڕۆژوو ئەو ڕۆژووەیە كە بتگێڕیتەوە لە قسە و گوفتاری نابەجێ و بەتاڵ و بێ بنەما و پڕ و پووچ و گاڵتەجاڕی و درۆ و غەیبەت و بوختان و گومانی خەراپ و سووكایەتیی دەمەدمێ و موناقشە و هەڵسوكەوتی نابەجێ و نەشیاو. بە گشتی لەوانەی كە خوای گەورە بە حەرامیان داناوە، لە كەسابەتی حەرام، لە ڕیبا و غەل و غەش و فێڵ و تەزویر و لە خواردن و خواردنەوە و كەلوپەلی بەسەرچوودا و گرانفرۆشی لە هەموو شتێكدا و لە دزی و خواردنی ماڵی خەڵك بە ناحەق و هەتا دووركەوتنەوە لە هاوسەری حەڵاڵی خۆتان و لە شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەكی و تێكدانی نێوانی خەڵك و هەموو شتێكی حەرام كە خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی بە حەرامیان داناوە. پاشان پێغەمبەری خوا دەفەرموێ: «ئەگەر كەسیك شەڕی پێ فروشتی، یان قسە و گوفتار و هەڵسوكەوتی نابەجێی بەرامبەرت نواند، تۆ بڵی: من بەڕۆژووم و خۆم ناهێنمە ئاستی تۆ. ئەوەی تۆ كردت، من نایەكەم.»
هەروەها خوای گەورە لە فەلسفە و حیكمەتی ڕۆژووە فێرمان دەكات و پێمان دەڵێت: «كاتیك برسی و تینوومان دەبێت، ئەی ئەو كەسەی خوای گەورە ماڵ و سامانی پێ بەخشیویت، هەر وەكوو چۆن ماڵ و سامانی داوە بە تۆ، دە تۆش هاوكاریی فەقیر و هەژارانی پێ بكە و دەستی هاوكاری بۆ نەخوش و لێقەوماو و كەمدەرامەتان دڕێژ بكە. پێویستە لە سەرمان وەكو مافێكی شەرعی و خوشك و برایەتیی ئیمانی و كوردی هاوكاریی خوشك و برایانمان بكەین و خوای گەورە لە قورئاندا فەرمانمان پێ دەكات و دەفەرموێ: «يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ أَنفِقُواْ مِن طَيِّبَٰتِ مَا كَسَبْتُمْ » (البقرة : 267). واتە: ئەی كۆمەڵی باوەڕداران ببەخشن لەو ماڵ و سامانە حەڵاڵەی كە پێمان بەخشیون لە ڕێگای كار و كاسبی و كڕین و فرۆشتنەوە. هەروەها پیغەمبەری خوا دەفەرموێ: «أَيُّمَامُؤْمِنٍ سَقَي مُؤْمِنًاشَرْبَةًعَلَي ظَمَأٍسَقَاهُ اللَّهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِمِنَ الرَّحِيقِ الْمَخْتُومِ وَأَيُّمَا مُؤْمِنٍ أَطْعَمَ مُؤْمِنًاعَلَي جُوعٍ أَطْعَمَهُ اللَّهُ مِنْ ثِمَارِ الْجَنَّةِ وَأَيُّمَا مُؤْمِنٍ كَسَامُؤْمِنًا ثَوْبًاعَلَي عُرْيٍ كَسَاهُ اللَّهُ مِنْ خُضْرِالْجَنَّةِ». واتە: كاتێك ئیماندارێك ئاوی خواردنەوە دەدات بە خوشك و برایەكی ئیمانداری خۆی، كاتێك پێویستی پێیەتی و تینوویەتی، جا ئەگەر بیری ئاوی لە ماڵەوە هەیە، یان كاتێك بە تانكی ئاو دەكڕێت، یان كە ئاوی گشتی دێت كە تانكی سەربانی ماڵی خۆی پڕ بوو، ماتۆڕی ئاوەكەی دەكوژێنێتەوە تا بۆ جیرانەكانی بچێت، ئەو كاتە خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا لە بەهشتدا ئاو وشەڕابی پاك و بێگەڕدی مۆركراوی دەرخوارد دەدات.
هەروها دەفەرموێ: «هەر ئیماندارێك خواردن بدات بە ئیماندارێك، كاتێك كە برسییەتی و موحتاجە و نییەتی، خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا لە بەروبوومی خواردنی دار و باخەكانی بەهەشت تێری دەكات، كاتێكیش ئیماندارێك جلوبەرگ و پۆشاك بە خوشك و برای ئیمانداری خۆی دەدات، خوای گەورە بەرگ و پۆشاكی سەوزی بەهشتی لە بەر دەكات. جا بە ڕاستی ئەمە موژدەیەكی خۆشە بۆ ئێمەی ئیماندار كە ئەم هەل و دەرفەتە زێڕینە بقۆزینەوە لە هەموو كاتەكانی ساڵ بە گشتی و بە تایبەت لەم مانگەدا زیاتر و زیاتر ئاوڕ لە خەڵكی فەقیر و هەژار و دەستكورت و نەدار بدەینەوە و، دەستی هاوكارییان بۆ دڕێژ بكەین، تا ئەوانیش بتوانن لە پاڵ هەموو خەڵكدا وەكو یەك ژیان بە سەر ببەن.
بەڕێزان ئەوەی باسمان كرد، بە كورتی بۆ تێگەیشتن بوو لە چەمكی ڕۆژوو كە خوای گەورە دەیەوێت فێرمان بكات و پێمان بڵێت كە مەبستی لە ڕۆژوودا ئەوەیە نەك تەنیا خۆگرتن لە خواردن و خواردنەوە بێت و بەس، بۆیە كاتێك ڕەمەزان دەڕوات، ئێوە كەسێكی ساغ و سەلیم و سەلامەت بن و دوور بن لە هەموو كێشە و دەردەسەرییەك، هەم بۆ خۆتان و هەم بۆ خەڵك بە گشتی لە یانزە مانگەكانی دیكەدا.
لە كۆتاییدا داواكارین لە خوای گەورە لەو كەسانە بین كە بەم شێوازە لە واتای ڕۆژوو و باقی عیبادەتەكانی دی تێگەیشتوون و یارمەتیمان بدات كەسێكی سەلامەت بین بەرامبەر بە موسڵمانان و هەموو خەڵكی هەرێم و كومەڵگەكەشمان و ڕۆژوو و تەراویح و شەونوێژ و نوێژە فەرزەكان و قورئانخوێندن و زیكر و تەسبیحاتمان لێ قبووڵ بكات و كودرستان بپارێزێت لە پیلان و شەڕ و ئاژاوەی دوژمنانی میللەتی كورد و ئەمن و ئاسایشی زیاترمان بۆ قەڕار بكات، ئەوەی خۆشی و ڕەحمەت و ناز و نیعمەتی خۆیەتی بە سەرماندا بڕێژێت و، ئەوەش نەخۆشی و ناخۆشی و ئەزیەت و ئازار و ناڕەحەتی و خەراپەیە لێمانی لا بدات. ئامین «یا رب العالمین».
مامۆستا هێمن شارەستێنی
پێشنوێژ و وتارخوێن لە مزگەوتی جافان/ رانیە