ئەلیكساندرا: سەرکەوتنی هونەرمەند بەندە بە جەماوەرەکەی

ئەلیكساندرا: سەرکەوتنی هونەرمەند بەندە بە جەماوەرەکەی

ئەلیكساندرا داداریۆ یەكێكە لەو ئەكتەرانەی هۆڵیۆد كە جگە بە جوانییەكەی، بەو ڕۆڵانەی كە لە فیلمەكانیدا بە سەركەوتوویی دەیانبینێت سەرنجی هەموو لایەكی ڕاكێشاوە، بەتایبەتی بەرهەمهێنەر و دەرهێنەرانی هۆڵیۆد كە هەمیشە هەوڵ دەدەن ڕۆڵی پێ بسپێرن.

ئێستا ئەلیكساندرا یەكێكە لە ئەكتەرە هەرە دیارەكانی هۆڵیۆد لە ڕووی جەماوەرییەوە، سەبارەت بە خۆشەویستیی جەماوەر بۆ ئەكتەر دەڵێت: «كاری هونەری بە گشتی بەندە بە جەماوەرەوە و، هەر ئەویشە كە دەبێتە سەنگی مەحەك بۆ سەركەوتنی هونەرمەند و، هەر لە ڕێگای جەماوەرەوەیە كە هونەرمەند سەنگ و قورسایی خۆی دەزانێت، چونكە ئەگەر گۆرانیبێژێك چەندین ئەلبووم بڵاو بكاتەوە و، ساڵانە دەیان كۆنسێرت لە سەرتاسەری جیهاندا ئەنجام بدات، كاتێك كە سیدییەكانی نەفرۆشرێن، یان فرۆشتنی بلیتی ئەو فیلمانەی كە بەشداریی تێدا كردووە كەم بێت و لە ڕیزی پێشەوەی فیلمە پر جەماوەرییەكان نەبن، ئەوا بە ڕای من پێویستە ئەو هونەرمەندە زوو واز لە كاری هونەری بهێنێت».

سەبارەت بە ژیانی تایبەتی هونەرمەندانیش ئەلیكساندرا داداریۆ دەڵێت: «هونەرمەندان بەشێوەیەكی گشتی پێویستە خۆیان لە ژیانی نوێیان ڕابهێنن، كە زۆر جیاوازە لەو ژیانی پێشوویان، بۆ نموونە ناتوانن بە شێوەی جاران وەك هەر مرۆڤێكی دیكەی ئاسایی تەنانەت هاتوچۆ بكەن، یان لە چێشتخانەیەك دانیشن بۆ نان خواردن، چونكە گشت چاوەكان بە شێوازی جیاجیا دەكەونە سەر ئەو هونەرمەندە، ڕەنگە هەندێك كەس ئارەزووی ئەوە بكەن وێنەیەكی یادگاری لەگەڵدا بگرن، لە هەمان كاتدا كەسانێكی دیكەش هەن كە بە وردی چاودێریی ڕەفتار و هەڵسوكەوتی هونەرمەند دەكەن و وێنەی دەگرن و بۆ ڕۆژی دواتر وێنەكان بڵاودەكرێنەوە و دەبن بە مانشێتی لاپەڕەی یەكەمی گۆڤار و ڕۆژنامە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەتی ئەگەر هونەرمەند ڕەفتارێكی نەرێنی بنوێنێت، بەمەش هونەرمەند ناتوانێت وەك كەسێكی ئاسایی بژی، بۆیە پێویستە هونەرمەندان خۆیان لەسەر ژیانی نوێ ڕابهێنن و، هەوڵ بدەن هیچ كاتێك كاردانەوەی نەرێنییان نەبێت».

Top