بۆ ماوەی 10 ساڵ (وێڵ سمیس) ناتوانێ ئامادەی ئۆسكار بێت

بۆ ماوەی 10 ساڵ (وێڵ سمیس) ناتوانێ ئامادەی ئۆسكار بێت

دوای بردنەوەی خەڵاتی ئۆسكاری 2022 وەك باشترین ئەكتەری پیاو و بە ڕۆژێك دوای زلە لێدانەكەی لە (كریس ڕۆك), لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان (وێڵ سمیس) بە فەرمی داوای لێبووردنی لە كریس رۆك و ئەو كەسانە كرد كە سەرپەشتیار و ئامادەكاری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئۆسكار بوون, (وێڵ سمیس) دانی بەوە نا كە هەڵەبوو و نەیتوانی كۆنتڕۆڵی خۆی بكات, لەدواییدا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەكادیمیای هونەر و زانستی سینەمای هۆڵیود(ئۆسكار) ڕاگەیاند, بەڵام دوای ئەم بڕیارەی وێڵ سمیس ئەم دامەزراوەیە ئاماژەیان پێدا كە هێشتا بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە دەكەن و بەپێی ڕێسای فێستیڤاڵەكەو بارودۆخەكە مامەڵە دەكەن .

ئەكادیمیای هونەر و زانستی سینەمای هۆڵیود لە دوایین بڕیاریدا, ڕاگەیەندرا كە (وێڵ سمیس) بۆ ماوەی 10 ساڵ ناتوانێت ئامادەی خولەكانی داهاتووی ئۆسكار بێت, لەم بارەیەوە (دەیڤد روبین)، سەرۆکی ئەکادیمیای هونەر و زانستی سینەما گوتی: "بۆردی ئەکادیمیا بڕیاریداوە, لە 8ـی نیسانی 2022 تا 10 ساڵی دیکە، بە راستەوخۆ و بە ئۆنلاین رێگە بە وێڵ سمیس نادرێت بەشداری لە پرۆگرام و مەراسیمەکانی ئەکادیمیا بکات، بەڵام بۆ خەڵاتەکانی ئەکادیمیا سنووردار ناکرێت."

شایەنی باسە..ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 27/3/2022 لە كاتی بەڕێوەچوونی 94ـەمین خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار, كاتێك (كریس ڕۆك)ی ئەكتەری كۆمیدی و پێشكەشكاری رێورەسمەكە باسی لە ڕووتانەوەی قژی(جادا بینیكت)ی هاوژینی (وێڵ سمیس) كرد دەربارەی فیلمێكی نوێی, بەڵام دواجار وێڵ سمیس توڕە بوو و هەستایەوە زلەیەكی توندی لە كریس ڕۆك دا, كە ئەمەش بووە دیارترین ڕووداوی ئەم خولەی ئۆسكار و سەرجەم میدیا و ڕۆژنامە جیهانییەكان باسیان لێوە كرد .

ئاسۆ كاكەیی

بۆ ماوەی 10 ساڵ (وێڵ سمیس) ناتوانێ ئامادەی ئۆسكار بێت
Top