خەڵاتی تەها كەریمی لە یەكەمین فێستیڤاڵی فیلمی «كورت و كرمانجی» پێشكەش كرا

خەڵاتی تەها كەریمی لە یەكەمین فێستیڤاڵی فیلمی «كورت و كرمانجی» پێشكەش كرا

بە یاد و پێشكەشكردنی خەڵاتی سینەماكاری كورد ڕەوانشاد «تەها كەریمی» و خەڵاتی دەرهێنەری كورد شەهید «خەلیل داخ» یەكەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی «كورت و كرمانجی» بەڕێوە چوو.

یەكەمین خولی فێستیڤاڵی یەك خولەكی كورتە فیلمی «كورت و كرمانجی» Kurt û Kurmancî بە بەرپرسیاریی «فێرات كێڤێر» FeratKevir وێنەگری كوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، «ئاڕدین دێرین» ArdînDîren دیكۆمێنتساز و ڕۆژنامەوانی كوردی باكووری كوردستان و «فەرهات بایسال» Ferhat Baysal بەرپرسی ماڵپەڕی «سینەمای كورد»ی دانیشتووی وڵاتی بەلژیكا، بە یاد و پێشكەش كردنی خەڵاتی سینەماكاری كورد ڕەوانشاد «تەها كەریمی» و خەڵاتی شەهید «خەلیل داخ» Xelîldağ دەرهێنەری كورد و بە تەركیز لەسەر تایبەتمەندی و تواناكانی زمانی كوردی و بە هەوڵی ماڵپەڕی «سینەمای كورد» بە ناونیشانی (www.sinemayakurdi.net) و «تۆر فیلم» Tor Film و هەروەها بە هاوكاریی یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەورووپا بۆ ماوەی مانگێك بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو.

هۆگران و بینەرانی سینەما، دوای بینینی 16 بەرهەمی ئامادەبوو، لە بەشی كۆتایی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی یەك خولەكی كورتە فیلمی «كورت و كرمانجی»، بە 8641 دەنگ دەنگیاندا كە دوای كۆتایی هاتنی قۆناغی دەنگدان، فیلمە براوەكان دەستنیشان كران و بەم شێوەیە خەڵات بەسەریاندا دابەشكرا:
خەڵاتی یەكەم: بە ناونیشانی خەڵاتی سینەمای «ئاموودە» Amûdê بڕی 500 یۆرۆ بە كورتە فیلمی «ئێستا بەبێ ترس» ÊdîBêyîTîrs لە دەرهێنانی «رەزوان دیهارۆ» Ridwan Diharo بە بەدەستهێنانی 2017 دەنگ بەخشرا.
خەڵاتی دووهەم: بە ناونیشانی خەڵاتی ڕەوانشاد «تەها كەریمی» سینەماكاری بانەیی بڕی 500 یۆرۆ بە كورتە فیلمی «ق.و.خ» Q-W-X لە دەرهێنانی «نووروڵا ئاكجان» NurullahAkcan بە بە بەدەستهێنانی 1949 دەنگ پێشكەش كرا.
خەڵاتی سێیەم: بە ناونیشانی خەڵاتی شەهید «خەلیل داخ» Xelîldağ دەرهێنەری كورد بڕی 500 یۆرۆ بە كورتە فیلمی «زەینی منداڵی» HişêZarok لە دەرهێنانی «فیرات یاووز» Firat Yavuzبە بەدەستهێنانی 1714 دەنگ بەخشرا.
خەڵاتی كوردستان: خەڵاتی تایبەتی «كوردستان» بە كورتە فیلمی «لە ماڵێ» Li Malê لە دەرهێنانی «خەلیل ئاكگوڵ» XelîlAkgul بە بەدەستهێنانی 1358 دەنگ پێشكەش كرا.

لە وتاری كۆتایی بەرپرسانی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی یەك خولەكی كورتە فیلمی كورت و كرمانجیدا هاتووە: ئێمە بە بینەران و فیلمسازانی بەشداربوو لەم فێستیڤاڵە دەڵێین كە ماڵەكانتان لەو كاتەوە گەشەی كرد و پڕ لە ڕۆشنبیری بوو، كە كورتە فیلمە كوردییەكانتان بۆ ماوەی مانگێك لە سەرتاسەری ئەم جیهانەوە بینی. زۆر سوپاسی ئەو فیلمسازانە دەكەین كە ئەم بەرهەمە كورتە پڕمانا و كاریگەریان ساز كردووە.

Top