عەلی عوسمان بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری پیشەسازی بۆ گوڵان: دامەزراندنی 12 ناوچەی پیشەسازی ئابووری هەرێم دەباتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە
هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاڵپشتی و ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران و بزنسكاران بۆ ئەوەی ڕوو لە كەرتی پیشەسازی بكەن، ڕۆڵێكی باشی هەبووە بۆ وەرچەرخانی ئابووری، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ عەلی عوسمان بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری پیشەسازی ئەنجام دا.
* وەكو بریكاری تایبەت بە كاروباری پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، چۆن دەڕوانیتە دۆخی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان؟
- بە ڕەچاوكردنی هەموو ئەو بارودۆخە خراپەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، هەر لە قەیرانی دارایی و شەڕ و ململانێ سەربازی و سیاسییەكان، دەتوانین بڵێین بارودۆخی كەرتی پیشەسازی تا ڕاددەیەك لە ئاستێكی مامناوەندایە، وڵاتێك شەڕ و پێكدادان لەسەر خاكەكەی ڕووی دابێت و ژێرخانەكەی وێران كرابێت، هەروا بە ئاسانی بونیاد نانرێتەوە و متمانە بۆ وەبەرهێنەران ناگەڕێتەوە، كە ڕوو لە كەرتی پیشەسازیی گەورە بكەن. ململانێ سەربازی و سیاسییەكانی عێراق كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبووە، لە هەمووشی مەترسیدارتر قەیرانی داشكانی بەهای نەوت بووە، لە وڵاتێكدا كە بە وڵاتێكی پشتبەستوو بە تاكە سەرچاوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت ناسراوە. لە ئێستادا لەگەڵ هەڵكشانی بەهای نەوتی خاو و هێوربوونەوەی شەڕ و ململانێ سیاسییە سەختەكان، دەنگی عەقڵانی فرەچەشنكردنی ئابووری و داهات دەستی پێ كردووە و، لێرە و لەوێ پڕۆژەی پیشەسازی و كارگەی جۆراوجۆر دادەمەزرێت، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان، كە بڕیاری دامەزراندنی 12 ناوچەی پیشەسازی دراوە و چەند یاسایەكی تایبەت بە گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی هەموار كراوەتەوە و، یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵییش لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە.
* لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دروشمی گەشەپێدانی پیشەسازیتان بەرز كردووەتەوە، ئایا دەكرێت بزانین گرنگترین ئەو هەنگاو و كارئاسانی و پاڵپشتییانە چین كە حكومەت پێشكەشی كەرتی تایبەتی كردووە؟
- گەشەپێدانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە پلانی بەردەوام هەیە، لەم پێناوەشدا ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەروەكو لە كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كارگە و سەرمایەداراندا بكەین و، پیشەسازی لە قۆناغی سەرەتاییەوە بگوازینەوە بۆ قۆناغی مامناوەند و بەرەوپێشەوەی ببەین و، كار بۆ بونیاتنانی ژێرخانی پیشەسازی بكەین. ئێمە لە وەزارەت بە وردییەوە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پلان و بەرنامانە دەكەین، كە بۆ دامەزراندنی كارگەكان لە پارێزگاكانی كوردستاندا هەنگاوی بۆ دەنرێت، بەتایبەتی لە ڕووی دیراسەی كەڵكی ئابووری و سوودی ئابووریی دامەزراندنی كارگەی گەورە و پاراستنی بەرهەمەكانیان و، دۆزینەوە و ساغكردنەوەی لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا.
* وەبەرهێنەران و بزنسكارانی كوردستان باس لە بوونی كۆمەڵێك گرفت و ئاستەنگ دەكەن، كە وایان كردووە ئەوان زیاتر ڕوو بكەنە كەرتی بازرگانی و خانووبەرە، ئایا تا چەند ئێوە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كارتان بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانە و چارەسەركردنی ئەو گرفتانە كردووە؟
- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە، دەبێت بزانین قۆناغی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە قۆناغی ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، ئەو دەمەی حكومەتی عێراق حكومەتێكی سۆشیالیستی بووە و كەرتی گشتی باڵادەست بووە لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی كارگەكان و، تەنانەت لە بواری دیاریكردنی نرخ و پاڵپشتیكردنی نرخ و، بگرە لە ڕێگەی قەدەغەكردنی هێنانی بەرهەم و كاڵا و خۆراكی بیانییەوە، پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی جێبەجێ دەكرد، یان لە ڕێگەی دانانی تاریفەی گومرگیی زۆر بۆ ئەوەی بەكارهێنەر و بەكاربەر ڕوو بكەنە بەكارهێنانی بەرهەمی خۆماڵی، ئەمڕۆ ئەو بارودۆخە گۆڕاوە، حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و بگرە زۆربەی هەرە زۆری حكومەتەكانی ناوچەكە و دونیا، دروشمی واڵاكردنی سنوورەكان و ئازادكردنی بازرگانییان بەرز كردووەتەوە، ڕاستە ئێمە تاڕاددەیەك هێشتا لە نێوان سیستمی سۆشیالیستی و سەرمایەداریدا یەكلا نەبووینەتەوە، بەڵام لە كەرتی پیشەسازی و دروستكردن و بەڕێوەبردنی كارگەكاندا، زۆربەی هەرە زۆری كارگەكانی كوردستان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن، لە ئێستاشدا لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی كۆمەڵێك پڕۆژەی پیشەسازی بە سیستمی بەشداریی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دراوە، ئەم سیستەمەی نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، تەنیا بۆ كەرتی پیشەسازی نییە، بەڵكو بۆ دامەزراندنی ژمارەیەك پڕۆژەی گەورە و ستراتیژییە و ڕەنگدانەوەی باشی بۆ ئاوێتەكردن و تێكەڵكردنی توانای هەردوو كەرتەكە دەبێت. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەت؛ بەداخەوە لە بواری كرێی كارەبا و دابینكردنی سووتەمەنیدا نەمانتوانیوە هاوكار و پاڵپشتی كارگە خۆماڵییەكان بین، لە بواری پاڵپشتی بەرهەمی خۆماڵی و قەدەغەكردن و دانانی ڕێژەیەكی زیاتری باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی بیانی، بەتایبەتی بەرهەمەكانی هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا، ئەمە وا ئاسان نییە كە باس دەكرێت، پێویستە ڕەچاوی ئەوەش بكەین لەوە زیاتر نرخەكان هەڵاوسان بەخۆیانەوە نەبینن و كەسانێك ئەم پاڵپشتی و قەدەغەكردنی هێنانی بەرهەمی خۆماڵییە نەقۆزنەوە و قۆرخكاری دەست پێ نەكەن و، ئەوەندەی دیكە نرخەكان نەفڕێنن. لە عێراقدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دوو وەزارەتی جیاوازن، بەڵام سرووشتی پێكهاتەی وەزارەتەكەی ئێمە هەردوو بوارەكە لەخۆ دەگرێت و، دوو بریكاری بۆ دانراوە لە هەندێك خاڵدا بەریەككەوتەمان دەبێت، بەڵام ئێمە توانیومانە تا ڕاددەیەكی باش هەماهەنگ بین بەوەی قۆرخكاری دروست نەبێت، ناكرێت یەك دوو كارگە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵییان بۆ بكرێت و ئەوانیش دۆخەكە بقۆزنەوە و نرخەكان بفڕێنن. ئێمە دەمانەوێت نرخ بۆ بەرهەمی چیمەنتۆ و شیش و خشت دابنێین، تا بازاڕەكە قۆرخ نەكەن، ئێمە پابەندی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2021ی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانین و لە كۆتایی ڕەشنووسی ڕێنمایی وەزارەتین.
* باسی كەرتی تایبەتت كرد، پێت وانییە تائێستا ئەو كەرتە نەیتوانیوە لە بواری پیشەسازی و دروستكردنی كارگە و كارخانەكاندا هەنگاوی گەورە بنێت؟ ڕاستە ئەوان داوای پاڵپشتی و ئاسانكاری دەكەن، بەڵام لە بواری تەرخانكردنی زەوی و باج و كارئاسانی مۆڵەتدا كارئاسانییان بۆ كراوە، پێت وانییە سەرمایەداری كورد بە دوای قازانجێكی خێرا و دەستكەوتێكی ئاسانترەوەیە كە لە كەرتەكانی بازرگانی و گەشتیاری و خانووبەرەدا هەیە؟
- بەشداریكردنی نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی بۆ ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هانی وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان بدات ڕوو لەو كەرتانە بكەن، كە ئێمە پێویستمانە و بودجە و پارەیەكی زۆرمان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوانیش زەمانەتی پاڵپشتی و سەركەوتنی پڕۆژە و كارگەكەیان دەبێت، من نایشارمەوە بەوەی كۆمەڵێك گرفتی جددیمان هەیە لە بەردەم گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازیدا و كار بۆ چارەسەركردنیان دەكەین، بەتایبەتی دوای تەواوبوونی ناوچە پیشەسازییەكان، لە ئێستاشدا لە هەوڵی دامەزراندنی بۆردێكی پیشەسازیداین. دەمەوێت لێرەدا ئەوە بڵێم، كاتێ وەبەرهێن و سەرمایەدارێك بە ملیۆنەها دۆلار لە كارگە و پڕۆژەیەكدا بەگەڕدەخات و ئابووریی هەرێم دەبووژێنێتەوە و بە سەدان هەلی كار دابین دەكات، خۆ دەبێت كارئاسانیی گومرگی و ڕسومات و تەرخانكردنی زەوی بۆ بكرێت، بۆ نموونە ناكرێت كرێی كارەبا بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق دوو هێندە بێت و ئامادە نەبین ئەو نرخەی كرێی كارەبا كە لەسەر كەرتی پیشەسازییە هەرزانی بكەین، هەر هیچ نەبێت با هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بێت، لە داهاتوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەت زۆر فاكتەری دیكە دەدۆزینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین هاوكاریی گەشەپێدان و بەردەوامیی بەرهەمی كارگەكانی كوردستان بكەین.
* باشە ئەگەر گەورە وەبەرهێن و سەرمایەدارێكی ناوخۆیی، یان عێراقی و بیانی خوازیار بێت كارگەیەكی گەورە لە كوردستان دابمەزێنێت، ئەو پاڵپشتی و هاوكارییانە چین كە پێشكەشی دەكرێت؟
- لە ماوەی ساڵ و نیوێكی دەستبەكاربوونم كارمان بۆ جێبەجێكردنی ((یاسای ژمارە 20 ی ساڵی 1998ی تایبەت بە گەشەپێدانی پیشەسازی)) كردووە، كە حكومەتی عێراقیش كار بەم یاسایە دەكات، بەڵام بەداخەوە لای ئێمە لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری وەزارەتەكانەوە جێبەجێ نەكرابوو، بە سوپاسەوە زۆربەی هەرە زۆری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پاڵپشتییان كردین، بەوەی ئەم یاسایە كاری پێ بكرێتەوە و لە وەقائیعی كوردستان بڵاومان كردەوە، بگرە هەموارێكمان كردەوە بەوەی كۆمپانیاكان مۆڵەتیان بدرێتێ ئەگەر هاووڵاتی بە ڕەگەز عێراقییش نەبێت، ئەمەش وەكو هاندانی ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ دامەزراندنی كارگە. لە لایەكی دیكەوە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان كاری باش و گەورەمان ئەنجام داوە، لەوانە كاركردن بۆ دامەزراندنی 12 ناوچەی پیشەسازی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا، لە پارێزگای دهۆك لە بواری جێبەجێكردندایە و لە پارێزگای هەڵەبجە 400 دۆنم زەوی بۆ ناوچەی پیشەسازیی خۆراك دابین كراوە، دوای ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان دەستی لەو زەویییە كشتوكاڵییە هەڵگرت و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بە ئامادەبوون و تەواوبوونی ئەم ناوچە پیشەسازییانە كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر، چونكە پێشتر كاتێك مۆڵەت بە كۆمپانیا و وەبەرهێنێك دەدرا كە كارگە دابمەزرێنێت، دەبووایە زەوی بۆ تەرخان بكرێت و كارەبا و خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و ڕێگاوبان و تەنانەت بنكەی تەندروستی و مزگەوت و فەرمانگەی پۆلیسی پێویست بوو، خۆ جێبەجێكردنی هەموو ئەم پێداویستییانە پێویستیان بە ڕەزامەندی و كاری چەندین وەزارەت هەیە، بۆ ئەم كارانەش پێویستی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی دیكە و بودجە و كاتێكی زۆری هەبوو، جاری وا هەبووە وەبەرهێنێك مۆڵەتی دروستكردنی كارگەیەكی وەرگرتووە، چووە خانوویەكی بەكرێ گرتووە. هەر سەبارەت بە كارئاسانییەكان، ئێمە لێخۆشبوونی گومرگیمان هەیە بۆ بەرهەمی كارگە خۆماڵییەكان بۆ ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان، بێ ئەوەی حكومەت گومرگیان لێ وەربگرێت، بۆ ئایندەش ژمارەیەكی زۆری پارچە زەوی دابین كراوە بۆ ئەوانەی مۆڵەتی كارگە و پڕۆژەی پیشەسازییان هەیە.
* دەكرێت بزانین لە ئەمساڵدا تا چەند پلانی ساڵانەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گرنگیی بە دامەزراندنی كارگە و كارخانەكان داوە؟
- وێڕای هەموو ئەم قەیران و ئاستەنگانە و بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و جیهان، خۆشبەختانە هەموو بوارەكانی خۆراك و فلزی و نافلزی و بیناسازی و كەرەستەی خاو و پێكهاتەكانی نەوت و پترۆكیمیاوی و چیمەنتۆ و ئاسن چوونەتە پێشەوە، ئێمە لە پلانی ساڵانەی خۆماندا ساڵی پێشوو و بۆ ئەمساڵیش و تا ساڵی 2023 كۆمەڵێك كارگە و پڕۆژەی پیشەسازیمان ڕاگەیاندووە، بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵێك كارگە لەسەر بنەمای پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان دامەزرا، لە ئەمساڵیشدا ژمارەیەك كارگەی دیكە لەسەر ئەو بنەمایە دروست دەكرێن، لە ڕێگەی گۆڤارەكەشتانەوە بۆ یەكەمینجارە ڕای دەگەیەنم كە بە وەزارەتی كارەبامان وتووە پێداویستیی وەزارەت چییە بۆ ئەوەی بە پێی ئەو پێداویستییەی ئەوان كارگە دابمەزرێت .