سارا حسێن: لە هەموو دۆخێكدا پێویستە خانمان شانبەشانی پیاوان كار بكەن

سارا حسێن:  لە هەموو دۆخێكدا  پێویستە خانمان شانبەشانی پیاوان كار بكەن

 

 

خانمان لە كێبڕكێی بردنەوە و قازانجكردندا هەنگاوی باشیان بڕیوە و، توانیویانە بەربەستەكان بشكێنن و لە چوار دیواری ماڵ بێنە دەرێ و تێكەڵ بە دونیای كار و سەرمایەداری بن. سارا حسێن یەكێكە لەو خانمانە و سەرەڕای ئەوەی دەرچووی زانكۆیە و شارەزایە لە زانستی خۆراك، هۆڵێكی وەرزشی بۆ خانمان كردووەتەوە و لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان زیاتر باسی ژیانی خۆی و ئاسۆی داهاتووی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

سارا حسێن دانیشتووی كەلارە ودەرچووی بەشی زانستی خۆراكە و وەك خۆی باسی كرد، تەمەنی ٢٥ ساڵە و لە ئێستادا هۆڵێكی وەرزشیی تایبەت بە خانمانی كردووەتەوە بە ناوی (سومەیە فیتنیس). كاتێك پرسیاری ئەوەی لێ كرا: ئایا ئەو هۆكارانە چی بوون كە وایان كرد بیرۆكەی كاركردنی ئازادت لا دروست بێت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: «من لە دوای تەواوكردنی زانكۆ بە بەردەوامی كارم كردووە و خۆم ماندوو كردووە بۆ ئەوەی كاری خۆم هەبێت، لە كۆتاییدا سوپاس بۆ خوا، بوومە خاوەنی كاری خۆم، لەگەڵ ئەوەشدا پەیجێكم هەیە لە ئینستا بە ناوی sara hussein كە زانیاریی تەندروستی تێدا پۆست دەكەم».

سارا حسێن زانستی خۆراك و وەرزشی لێك گرێ داوە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «من لەبەر ئەوەی زاستی خۆراكم خوێندووە، بیرم لەوە كردەوە چەند خواردنی تەندروست بخۆیت، پێویستت بە وەرزش هەیە بۆ ئەوەی تەندروستییەكی باشتر هەبێت، هەروەها چەند وەرزش بكەیت، خواردنت ڕێك نەبێت، ناتوانی كێش دابەزێنیت».

 سارا زۆر سوپاسی هاوكارێكی خۆی دەكات و دەڵێت: سومەیە زۆر هاوكارم بووە لەم ئیشە و بە ئیستایشەوە لەگەڵ یەك كار دەكەین، بۆیە زۆر سوپاسی دەكەم».

لەپێناو سەلامەتیی دەروون و جەستەش گوتی: «وەرزش جگە لەوەی كە زۆربەی خەڵك لەبەر كێش دابەزاندن ڕووی تێ دەكەن، بەڵام جگە لەوەش سوودێكی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بەتایبەتی بۆ ‏‎ئەو كەسانەی زەختیان هەیە، كە زۆر گرنگە وەرزش بكەن، چونكە دڵ بەهێز دەكات و فشاری خوێن دادەبەزێنێ، هەروەها بۆ نەخۆشیی شەكرە بەپێ ڕۆیشتن و ڕاكردن زۆر بەسوودە، چونكە كاری ئەنسۆلین باشتر دەكات و شەكری خوێن كۆنتڕۆل دەكات، بۆ نەخۆشیی بەرزیی چەوری وەرزشكردن باشترین چارەسەرە، چونكە چەوری زیادە لەناو دەبات و قەڵەوی كەم دەكاتەوە، بۆ نەخۆشیی شەقیقە یەكێك لە چارەسەرە كاریگەرەكان وەرزشكردنێكی بەردەوامە. بۆ ئەو كەسانەش كێشەی هەرسیان هەیە یان هەوكردنی گورچیلەیان هەیە، زۆر بەسوودە».

واز لە پرسیاری وەرزشی دەهێنین و دەپرسین: ئایا كاركردنی خانمان بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان تاچەند زەرورە؟ سارا لە وەڵامدا دەڵێت: «لە هەموو دۆخێكدا كاركردنی خانمان زەروورە و پێویستە شانبەشانی پیاوان كار بكەن. پێشتر كار كەمتر بوو بۆ خانمان، بەتایبەت لە شارە بچووكەكان، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە كار زۆرە و شتێكی زۆر باشە ژن و پیاو پێكەوە كار بكەن بۆ باشتركردنی ژیانیان و هەوڵدان بۆ خەونەكانەكانیان. منیش زۆر دڵخۆشم كە وەك خانمێك كار دەكەم، پێم وایە خانمانیش دەتوانن كار بكەن و وەك پیاوان هاوكاری خێزانەكانیان بن.»

وەك دوا وتەشی بۆ خوێنەرانی گوڵان گوتی: «تەنیا ئەوەندە دەڵێم: پێویستە خانمان هەرگیز بێ هیوا نەبن و هەوڵ بدەن و كار بكەن و تەندروست بژین و وەرزش بكەن و چێژ لە ژیان ببینن. یەكجار دەژین و ژیان دووبارەبوونەوەی نییە. لێرەوە زۆر سوپاسی خانەوادەكەم دەكەم، ئەوان زۆر پشتگیرم بوون، بە تایبەت هاوژینەكەم سوپاسی ئەكەم ئەو باشترین پاڵپشتمە.»

 

Top