ئەزموون خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نـێودەوڵەتی «ڤیکتۆریا» لە کەنەدای بەدەست هێنا

ئەزموون خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نـێودەوڵەتی «ڤیکتۆریا» لە کەنەدای بەدەست هێنا

فیلمی سینەمایی «ئەزموون» لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد شەوكەت ئەمین كوركی خەڵاتی باشترین فیلمی لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڤیكتۆریا»ی لە وڵاتی كەنەدا بەدەست هێنا.

فیلمی سینەمایی «ئەزموون» The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماكاری كورد شەوكەت ئەمین كوركییە، كە لە بەرهەمهێنانی (مەمەد ئەكتاش)ـە و، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی سەرەكیی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «ڤیكتۆریا» Victoria لە وڵاتی كەنەدا نمایش كرا و، لەلایەن هۆگران و ڕخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێ كرا و، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتیی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەست بهێنێت.

ئەزموون بەرهەمی كۆمپانیای «میتۆس فیلم»ی بەرلین و كۆمپانیای «مەستی فیلم»ی سلێمانی كە بە پاڵپشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەت هەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە و لە لایەن كۆمپانیای ئەڵمانی «ArtHood» لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڤیكتۆریا» VFF بە سەرۆكایەتی دان مەك دۆنا (Dan McDonagh)، بە بەرپرسیاریی خاتوو كێتی كەی (Kathy Kay) و بە نمایشی بەرهەمی وڵاتانی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەكانی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی، لەوانە: بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕكێی فیلمە كەنەدییەكان، بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلم، بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلم لە ڕۆژانی 4 تا 13ی شوباتی 2022 لە شاری ڤانكۆڤێر لە وڵاتی كەنەدا بەڕێوە چوو.

Top